ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  
 
سەرۆکی پێشووی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ بە هەوڵدان بۆ سەرکوتکردنی ئازادییەکان تۆمەتباردەکات و دەڵێت، سەرەڕای بەرەوپێشچوونیان لە بواری مافەکانی مرۆڤ، کەچی هێشتا دەبینن حکومەت هێز بۆ سەرکوتکردنی خۆپێشاندەران دەنێرێت. دەشڵێت، ئیدارەکەی ترەمپ هەوڵدەدات خەڵک لە مافی دەنگدان بێبەش بکات.
 
لەمیانی بەشداریکردن لە رێوڕەسمی بەخاکسپاردنی جۆن لویس، چالاکڤانی مافەکانی مرۆڤ، باراک ئۆباما، سەرۆکی پێشووی ئەمریکا رایگەیاند "ویڕای ئەو بەرەوپێشچوونەی کە لە شەستەکانی سەدەی رابردووەوە لە بواری مافەکانی مرۆڤدا تۆمارکراون، بەڵام هێشتا دەبینین کە حکومەتە فیدراڵییەکەمان هێزی ئەمنی دەنێرێتە ویلایەتەکانمان بۆ سەرکوتکردنی خۆپێشاندەرە ئاشتیخوازەکان".
 
ئەو سەرۆکەی پێشووی ئەمریکا باسی لەوە کرد کە لە رۆژگاری ئەمڕۆدا ئەوان بە چاوەکانی خۆیان شاهیدی ئەوەن کە "ئەفسەرانی پۆلیس ئەژنۆ دەخەنە سەر ملی ئەمریکییە رەشپێستەکان".
 
ئۆباما رەخنەی لە پێشنیازەکەی ترەمپ گرت کە بۆ دواخستنی وادەی ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکان بەهۆی ترس لە ساختەکاری و گوتی "ئەوانەی کە لە دەسەڵاتدان تێدەکۆشن بۆ دوورخستنەوە و پەشیمانکردنەوەی خەڵکی لە دەنگدان".
 
سەرۆکی پێشووی ئەمریکا ئاماژەی بەوەش کرد "ئیدارەی ترەمپ هەوڵدەدات لەڕێگەی دەرکردنی یاساکان و دوورخستنەوەی کەمینەکان و لاوازکردنی خزمەتگوزارییەکانی پۆستە، خەڵکی لە مافی دەنگدان بێبەش بکات".
 
تووندیی قسەکانی ئۆباما بەرامبەر ترەمپ لەکاتێکدایە کە کەمتر لە 100 رۆژ بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمریکا ماوە، کە بڕیارە لە 3ی تشرینی دووەمی 2020 بەڕێوەبچێت.