ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

 

ئەمەریكا ئامادەكاری دەكات، بۆ ئەوەی پڕۆژە بڕیاری درێژكردنەوەی قەدەغەكردنی پێدانی چەك بە ئێران لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی پێشنیاز بكات، لەكاتێكدا رووسیا رایگەیاندووە، ئەو بابەتە هیچ پێویست بە تاوتوێكردن ناكات، ئەمەش وەك ئاماژەیەك بۆ ڤیتۆكردنی ئەو هەنگاوەی ئەمەریكا.

لە پڕۆژە بڕیارەكەی ئەمەریكادا هاتووە: "هێرشی سێپتەمبەری ساڵی رابردووی ئێران بۆ سەر سعوودیە و هێرشەكانی سەر كەشتییە بازرگانییەكان لە گەرووی هورمز ئیدانە دەكەین".

بڕیارنامەكەی واشنتن داوا لە سەرجەم وڵاتان دەكات، "لەناو وڵاتەكانیان و لە رێگەی هاووڵاتییەكانیانەوە و هەروەها لە رێگەی كەشتی و فڕۆكەكانیانەوە رێگە نەدەن هیچ جۆرە چەكێك بە ئێران بفرۆشرێت، چ بە راستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ، تەنیا ئەو كەلوپەلانە نەبێت، كە لە چوارچێوەی پێداویستیی مرۆییدان و بەر لە 30 رۆژ لیژنەی تایبەتی ئەنجوومەنی ئاسایش رێگەی پێداون".

جێگای ئاماژەیە، بەگوێرەی رێككەوتنی ناووكی ئێران و وڵاتانی پێنج كۆ یه‌ك، كه‌ دواتر ئه‌مه‌ریكا لێی پاشه‌كشه‌ی كرد، پێویستە لە 18 ئۆكتۆبەری ئەمساڵ كۆت و بەندەكانی بەردەم فرۆشتنی چەك بە ئێران هەڵبگیرێن، بەڵام ئەمەریكا دەیەوێت لە چوارچێوەی پڕۆژە بڕیارێكی نوێدا لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی ئەو ماوەیە درێژ بكاتەوە.

پێشتریش سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی رووسیا لە نامەیەكدا بۆ سكرتێری گشتیی نەتەوەیەكگرتووەكان و سەرۆكی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی دووپاتیكردبوویەوە، هیچ هۆكارێك نییە بۆ تاوتوێكردنی ئەو بابەتە لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێوده‌وڵه‌تی.