ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

 

وێڕای ئه‌وه‌ی مسته‌فا كازمی، سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق ناوەڕاستی ساڵی داھاتووی بۆ ئەنجامدانی ھەڵبژاردنی پێشوەختە دیاریکردووه‌، به‌ڵام گومانێکی زۆر ھەیە و بە دوور دەزانرێت، ئەو ھەڵبژاردنە ئەنجامبدرێت، چونکە لایەنە سیاسیەکان و سێ سەرۆکایەتیەکە بەسەر جەمسەری جیاوازدا دابەش بوونە، جگە لەوەش ھیچ جۆرە زەمینە سازیەك بۆ ھەڵبژاردنی پێشوەختە لە عێراق نەکراوە.

له‌م باره‌یه‌وه‌ به‌شیر حه‌داد، جێگری سەرۆکی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق بە دووری دەزانێت لەو وادەیەی دیاریکراوە، ھەڵبژاردنی پێشوەختە ئەنجام بدرێت، چونكه‌ وه‌ك ئاماژه‌ی پێ ده‌دات، ھیچ زەمینەسازیەك بۆ ئه‌و پرۆسه‌یه‌ نه‌كراوه‌، لە لایەکی دیکەشه‌وه‌ وڵات بە قەیرانێکی قووڵی داراییدا تێدەپەرێت و ھیچ بودجەیه‌كیش بۆ ئەو پرۆسه‌یه‌ تەرخان نەکراوە، لایەنە سیاسیەکان و سەرۆکایەتیەکانیش بەسەر چەند بەرەیەكدا دابەشبوونە.

بڕیاری ئەنجامدانی ھەڵبژاردنی پێشوەختە ھێندەی بە بڕیارێکی سیاسی ناودەبرێت، ھێندە بڕیارێکی یاسایی و دەستووری نییە، چونکە ئەنجامدانی ھەڵبژاردنێکی لەو شێوەیە لە ماددەکانی دەستوور ئاماژەی بۆ نەکراوە، ئێستا پەرلەمانی عێراق کارەکانی بەردەوامە و پێویستە پێشتر خۆی ھەڵبوەشێنێتەوە، ئەمەش بە ئه‌سته‌م ده‌زانرێت.