ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

 

وەزیری دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، ئێران تا ئێستا "گەورەترین دەوڵەتی پشتیوانیکەرە لە تیرۆر"، دروستکردنی بنکەی سەربازی چین لە ئێران دەبێتە هۆی شێواندنی سەقامگیری ئاسایش لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

مایک پۆمپیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە هەژماری فەرمی وەزارەتی دەرەوە بڵاویکردەوە، "هاتنی چین بۆ ئێران سەقامگیری ئاسایشی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست تێکدەدات، چونکە هەلی گەیشتنی ئێران بە چەک و پارەی حزبی شیوعی چینی دەڕەخسێنێت".

ئاماژەی بەوەشکرد، تا ئێستاش ئێران "گەورەترین دەوڵەتی پاڵپشتیکارە لە تیرۆر"، ئەگەر دەستی بە چەک و پارەی وڵاتی چین بگات، مەترسیەکی گەورە بۆ سەر رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دروستدەکات.

پۆمپیۆ باسی لەوەشکرد، هەفتەی داهاتو ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا بەفەرمی پڕۆژە بڕیارێک دەخاتە بەردەم ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی بۆ درێژکردنەوەی گەمارۆی چەک لەسەر ئێران.

مانگی رابردو میدیاکانی جیهان چەندین راپۆرتیان لەبارەی بونی هاوکاری پتەو لە نێوان تاران و پەکین بۆ بنیاتنانی بنکەی سەربازی چینی لەسەر خاکی ئێران بەرامبەر وەبەرهێنانی ئێران لە کەرتەکانی ئابوری، سەربازی ئەو وڵاتە بڵاوکردەوە.

لەبەرامبەردا محەمەد جەواد زەریف، وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند، تاران هیچ رێگرییەک لە چین و هەر دەوڵەتێکی دیکە ناکات، ئەگەر داوای سودوەرگرتن لە خاکەکەی لێبکەن.