ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

  

كۆمەڵێك لە زانایانی بریتانی لە لێكۆڵینەوەیەكدا رایانگەیاند، توانیویانە شەش جۆری ڤایرۆسی كۆرۆنا دەستنیشان بكەن كە دەبێتە هۆی دەركەوتنی نیشانەی جیاواز لای ئەو كەسانەی تووشی دەبن.

  ئەو لێكۆڵینەوەیە لەلایەن زانكۆی كینگز كۆلیژ لە بریتانیا ئەنجام دراوە و سودمەند دەبێت بۆ پزیشكان و یارمەتیدەر دەبێت لەدیاری كردنی چارەسەری سەركەوتو بۆ توشبوانی كۆرۆنا.

بەپێی ئەو لێكۆڵینەوەیە كۆكەی بەردەوام و بەرزبونەوەی پلەی گەرمی و لەدەستدانی هەستی بۆنكردن بەدیارترین نیشانەكانی توشبون بەڤایرۆسی كۆرۆنا دادەنرێت، بەڵام هەندێك توشبو ئەو نیشانانەیان لەسەر دەرناكەوێت و پێدەچێت نیشانەی جیاوازیان تێدا دەربكەوێت، لەوانە سەرئێشە و ئازاری ماسولكەكان و سكچون و لەدەستدانی ئارەزوی خواردن و لەدەستدانی توانای هەناسەدان بەشێوەیەكی سروشتی.

زانایانی بەریتانی رایانگەیاند، یەكەم جۆری ڤایرۆسی كۆرۆنا هاوشێوەی ئەنفلۆنزایە و بەرزبونەوەی پلەی گەرمی لەگەڵ نیە و نیشانەكانی بریتیە لە سەرئێشە و لەدەستدانی هەستی بۆنكردن و ئازاری ماسولكە و هەوكردنی قوڕگ و بوونی ئازار لەسنگ.

جۆری دوەمی ڤایرۆسی كۆرۆنا بەرزبونەوەی پلەی گەرمی لەگەڵدایە و نیشانەكانی بریتیە لەسەرئێشە و لەدەستدانی هەستی بۆنكردن و ئارەزوی خواردن و كۆكە و هەوكردنی قوڕگ لەگەڵ گۆڕانكاریی لەدەنگ.

 جۆری سێیەم پەیوەندی هەیە بەكۆئەندامی هەرسەوە و نیشانەی وەك سەرئێشە و لەدەستدانی هەستی بۆنكردن و نەمانی ئارەزوی خواردن و سكچون و ئازاری سنگی لەگەڵ دەبێت و توشبو كۆكەی نابێت.

زانایانی بریتانی جۆری چوارەمیان بە قۆناغی مەترسیداری یەكەم داناوە نیشانەكانی بریتیە لەسەرئێشە و لەدەستدانی هەستی بۆنكردن و ئازاری سنگ و هەستكردن بەهیلاكی.

جۆری پێنجەم بەقۆناغی مەترسیداری دوەم دەست نیشانكراوە و نیشانەكانی بریتییە لە سەرئێشە و لەدەستدانی هەستی بۆنكردن و كۆكە و بەرزبونەوەی پلەی گەرمی و گۆڕانی دەنگ و هەوكردنی قوڕگ و ئازاری سنگ و هەستكردن بەهیلاكی و تێكچون و ئازاری ماسولكە.

زانایانی بریتانی جۆری شەشەمیان بە قۆناغی مەترسیداری سێیەم ناوبردوە، كە بریتییە لەكۆبونەوەی پشێوی لەكۆئەندامی هەناسە و هەرسكردن و نیشانەكانی بریتییە لە سەرئێشە و لەدەستدانی هەستی بۆنكردن و ئارەزوی خواردن و كۆكە و بەرزبونەوەی پلەی گەرمی و هەوكردنی قوڕگ و ئازاری سنگ و هیلاكی و ئازاری ماسولكە و لاوازی هەناسەدان و سكچون و ئازاری سك.

نیشانەكانی توشبون بەكۆرۆنا لەكەسێكەوە بۆ كەسێكی دیكە گۆڕانكاری بەسەردا دێت و هەندێك توشبو بارودۆخی تەندروستیان تێك دەچێت و هەندێكیان گیان لەدەست دەدەن بەهۆی ئەو ڤایرۆسەوە.

 زانایان رایانگەیاندوە، تەنیا 1.5% توشبوانی جۆری یەكەم پێویستیان بەئامێری هەناسەدانی دەستكرد هەبوە و ئەو رێژەیە لای توشبوانی جۆری چوارەم لە 8.6% بوە، بەڵام توشبوانی جۆری شەشەم كە مەترسیدارترینە نیوەیان پێویستیان بەچاودێری هەبوە لەنەخۆشخانە.