ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی عێراق، فوئاد حوسێن ئاشكرایكرد له‌ پرسی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی تیرۆردا له‌گه‌ڵ ئه‌مریكادا له‌هه‌مان پێگه‌دان و له‌گه‌ڵ واشنتۆن له‌ ژماره‌یه‌ك بواری جۆراوجۆردا یاداشتی لێكتێگه‌یشتن واژوو ده‌كه‌ن.

گەڕی دووەمی گفتوگۆی ستراتیژیی نێوان عێراق و ئەمریکا لە واشنتۆن ئامادەبوونی وەزیری دەرەوەی عێراق، فوئاد حوسێن و هاوتا ئەمریکییەکەی، مایک پۆمپیۆ بەرێوەچوو و دواتر فوئاد حوسێن و مایک پۆمپیۆ كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیی هاوبه‌شیان سازكرد.

فوئاد حوسێن باسی له‌وه‌كرد جه‌ختیان له‌ گرنگیی به‌رده‌وامییدان له‌ دیالۆگیان له‌ بواره‌كانی وزه‌، ته‌ندروستیی و كولتووریی له‌گه‌ڵ ئه‌مریكادا كردووه‌ته‌وه‌ و رایگه‌یاند: "له‌گه‌ڵ ئه‌مریكادا له‌ ژماره‌یه‌ك بواری جۆراوجۆردا یاداشتی لێكتێگه‌یشتن واژوو ده‌كه‌ین. ئه‌مریكا دۆستی عێراقه‌. به‌غدا و واشنتۆن له‌ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی تیرۆردا له‌ هه‌مان پێگه‌دان".

وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی عێراق جه‌ختی له‌وه‌شكرده‌وه‌ كه‌ له‌چوارچێوه‌ی ده‌ستوه‌رنه‌دان له‌ كاروباری ناوخۆی عێراق، خوازیاری په‌ره‌دانن به‌ په‌یوه‌ندییه‌كانیان له‌گه‌ڵ وڵاتانی دراوسێ.

لای خۆیه‌وه‌ وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا، مایك پۆمپیۆ، رایگه‌یاند: "پشتیوانیی له‌ حكوومه‌تی عێراق بۆ ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خت ده‌كه‌ین. به‌ڵێنمان دا ٢٠٠ ملیۆن دۆلار پشتیوانیی پێشكه‌شی عێراق بكه‌ین. ئومێدی عێراقێكی داماڵراو له‌ گه‌نده‌ڵیی ده‌كه‌ین".

پێشتر گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق، ئەحمەد سەحاف لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوە کردبوو، بە ئامادەبوونی وەزیری دەرەوەی عێراق، فوئاد حوسێن و هاوتا ئەمریکییەکەی، مایک پۆمپیۆ، گەڕی دووەمی گفتوگۆی ستراتیژیی نێوان عێراق و ئەمریکا لە واشنتۆن دەستیپێکردووه‌.

گەڕی یەکەمی گفتوگۆی ستراتیژییی نێوان عێراق و ئەمریکا لە واشنتۆن لە ١١ی حوزەیرانی رابردوو لە رێگەی ڤیدیۆ کۆنفرانسەوە بەڕێوەچوو.

دوێنی سێشەممە، سەرۆکوەزیرانی عێراق، مستەفا کازمی بە سەرۆکایەتی شاندێکی وڵاتەکەی کە لە ژمارەیەک وەزیر و راوێژکار پێکهاتووە، بە سەردانێکی فەرمی بەرەو ئەمریکا بەڕێکەوت.

هاوکات بڕیارە سبەی پێنجشەممە، مستەفا کازمی لەگەڵ سەرۆکی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ کۆببێتەوە.