رێکخراوی تەندروستی جیهانی رایگهیاند، بههۆی پهتای کۆڤید 19 عێراق لە دۆخێکی زۆر مەترسیدار دایە و باشترین چارەسەریش بۆ ئەوەی لە ناو کۆمەڵگادا تەشەنە نەکات، خۆدوورگرتنە لە گردبوونەوەی بەکۆمەڵ، بەستنی دەمامك و دوورمەودایی کۆمەڵایەتی.
له راگهیهندراوێكدا رێكخراوی تهندروستی جیهانی "WHO" جهختی كردهوه، هەرچەندە ژمارەی تووشبووانی کۆڤید 19 لە هەڵکشانێکی لەڕادەبەدەر و مەترسیدار دایە، کە بەم زووانە ئهگهری روودانی قەیرانێکی تەندروستیی ترسناکیشی ههیه، بەڵام عێراقییەکان هێشتا دەتوانن بەسەر ئەم پەتایەدا زاڵ بن، بە مەرجێك بە وریاییەوە بە رێوشوێنە تەندروستییەکانەوە پابەند بن، وەك: خۆدوورگرتن لە گردبوونەوەی بەکۆمەڵ، بەستنی دەمامك و دوورمەودایی کۆمەڵایەتی کە بە باشترین شێواز دادەنرێن بۆ پێشگرتن لە تەشەنەکردنی ئەم پەتایە لهناو کۆمەڵگا لەسەر ئاستێکی فراوان.
تەشەنەکردنی ئەم پەتایە بەم ئاستە مەترسیدارە بووەتە مایەی ئیفلیجکردنی سیستەمی تەندروستی پێشتریش بەهۆی ساڵانێکی زۆری شەڕەوە تووشی لاوازی ببوو. لەراستیدا، سەرەڕای دۆخی خراپی سیستەمی تەندروستیش، خزمەت و فریاکەوتنەکانی کارمهندانی بواری تەندروستی، بە تایبەتیش لە مانگە سەرەتایەکانی پەتاکە، مایەی دەسخۆشی و شانازی بوون. بەڵام بەداخەوە لەم مانگانەی دواییدا دۆخەکە، بەهۆی چەند هۆکارێکی وهك شلکردنی رێکارەكانی خۆپارێزی و گوێنەدانی خەڵك، یانیش جێبەجێنەکردنیان بەشێوەیەکی زۆرەملێ، بەرەو خراپتر چووه.
ئاماژهی بهوهش داوه، دوای 175 رۆژ لە سەرهەڵدانی پەتایەکەوە مەترسیی دۆخەکە لە رێگەی شیکارێکی ژمارەکانی رۆژانە بەڕوونی دەردەکەوێت،. بە پشت بەستن بە داتایەکی وەزارەتی تەندروستیی عێراقیش، تا 16ی ئابی 2020، ژمارەی کهیسەکانی تووشبوون گەیشتوونەتە 175 هەزار مردنیش سنووری 5ههزار و 800 كهسی تێپڕاندبوو. لەلایەکی دیكهوه، داتاکان بەروونی ئەوە نیشان دەدەن، کە لە 98%ی کهیسەکان لەم 3 مانگەی دواییدا تۆماركراون. هەروەها 44 هەزار حاڵهتیش لە عێراق چالاکن، کە نزیکەی لە 90% یان لە ماڵەوە چارەسەر وەردەگرن و 9 هەزاریشیان کارمهندانی بواری تەندروستین. شیکاری وردتری بڵاوبونەوەی ڤایرۆسەکە لە عێراق ئەوە نیشان دەدات، کە ئێستا چەندین ناوچەی ئهو وڵاته بەدەست تەشەنەکردنی ناو کۆمەڵگاوە دەناڵێنن. لەڕاستیدا، دۆخی مەترسیدار پێویستی بە رێکاری توندوتۆڵ هەیە.