ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

 

لە 24 کاتژمێری رابردودا ئامارەکانی توشبون بە کۆرۆنا لە جیهان بەشێوەیەکی بەرچاو بەرزبوەتەوە و ژمارەی توشبوانیش گەیشتە 22 ملیۆن و 581 هەزار کەس، لەسەر ئاستی جیهان ئەمریکا، لەسەر ئاستی ئەوروپا ئیسپانیا و لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش ئێران زۆرترین توشبوی پەتاکەیان تێدا تۆمارکراون.

بە گوێرەی ئامارە جیهانییەکان تێکڕای توشبوانی کۆرۆنا تاوەکو بەرەبەیانی ئەمڕۆ دوشەممە گەیشتوەتە 22 ملیۆن و 581 هەزار و 537 کەس، لەو ژمارەیەش 15 ملیۆن و 302 هەزار و 703 توشبو چاکبونەتەوە و 791 هەزار  و 12 توشبوش گیانیانلەدەستداوە.

لەسەر ئاستی وڵاتانی جیهان، ولایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا لە پلەی یەكەم دێت كە تیایدا پێنج ملیۆن و 700 هەزارو 931 كەس توشی كۆرۆنا بون، بڕازیل بە تۆمارکردنی سێ ملیۆن و 460 هەزار و 413 بە پلەی دوەم و هیندستانیش بە تۆمارکردنی دو ملیۆن و 836 هەزار و 925 کەس لەسەر ئاستی جیهان بە پلەی سێیەم دێت لەڕوی بەرزی ژمارەی توشبوانەوە.

لەسەر ئاستی وڵاتانی کیشوەری ئەفریقا، وڵاتی ئەفریقای باشور بە پلەی یەکەم دێت و 596 هەزار و 60 توشبوی تێدا تۆمارکراوە، لەسەر ئاستی وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئێران بە تۆمارکردنی 350 هەزار و 279 توشبوی کۆرۆنا زۆرترین کاریگەریی ئەو پەتایەی تێدا دەرکەوتوە، لەسەر ئاستی کیشوەری ئەوروپاش ئیسپانیا بە پلەی یەکەم دێت لەروی بەرزی ژمارەی توشبوان و تا ئێستا 387 هەزار و 985 توشبو لە وڵاتەدا تۆمار كراون