ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

پارێزەری لوبنانی، مەجد بوتروس حەرب سەبارەت بە تەقینەوەکەی بەندەری بەیروت، سکاڵای لەسەر سەرکۆمار و سەرۆکوەزیرانی وڵاتەکەی، تۆمار کرد.

مەجد بوتروس حەرب لە لێدوانێکیدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو، باسی لەوە کرد کە بە هۆی ئەوەی بەرپرسان رێوشوێنی پێویستیان نەگرتووەتەبەر بەمەبەستی بەرگرتن لە تەقینەوەکە، سکاڵای پێشکەش بە سەرۆکی داواکاری گشتیی دادگای تەمییز، غەسسان عوەیدات کردووە.

مەجد بوتروس حەرب باسی لەوە کرد کە سکاڵاکە پشتی بەستووە بە زانیاری جێگیر و نووسراوێک کە لە ٢٠ی تەمووزدا لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی گشتیی ئاسایشی دەوڵەتەوە ئاراستە کراوە لەبارەی بوونی بڕێکی زۆر نیتراتی ئامۆنیۆم لە بەندەرەکەدا و گوتی:

''سەرەڕای ئەوە سەرکۆمار و سەرۆکوەزیران رێوشوێنی پێویستیان نەگرتووەتەبەر بۆ پاراستنی هاووڵاتییان''.

ناوبراو هەروەها ئاماژەی بەوە کرد کە سەرکۆمار، میشێل عەون سەرەڕای ئەوەی لە دەستووردا دەسەڵاتی رێکخستنی کۆبوونەوەی نائاسایی کابینەی حکوومەتی هەیە لە دۆخی لەناکاودا، بەڵام ئەو کارەی نەکردووە، هاوکات دەستوور دەسەڵاتی داوەتە سەرۆکوەزیران بۆ دیاریکردنی بەرنامەی کارەکان، بەڵام سەرۆکوەزیران، حەسسان دیاب ئەو دەسەڵاتەی بەکار نەهێناوە''.

- تەقینەوەکەی بەندەری بەیروت

لە چواری ئابدا لە بەندەری بەیروت سەرەتا ئاگر لە کۆگای ژمارە ١٢ی بەندەرەکە کەوتەوە کە ماددەی تەقینەوەی تیادا هەڵگیرابوو، پاشان تەقینەوەیەکی زۆر بەهێز رووی دا کە هەموو بەیروتی هەژاند.

سەرکۆماری لوبنان، میشێل عەون باسی لەوە کردبوو کە تەقینەوەکە بەهۆی دوو هەزار و ٧٥٠ تۆن نیتراتی ئامۆنیۆمەوە روویداوە کە شەش ساڵە لە کۆگایەکی بەندرەری بەیروتدا هەڵگیراوە.

لە تەقینەوەکەدا، ١٨٠ کەس گیانیان لەدەستدا و٣٠-٤٠ کەس بێ سەروشوێنبوون و زیاتر لە شەش هەزار کەس برینداربوون.

بەرپرسانی فەرمی لوبنان باسیان لەوە کردبوو کە تەقینەوەکە بەدەر لەوەی هێرش بێت بەهۆی کەمتەرخەمی و پشتگوێ خستنەوە روویداوە، بەو هۆیەشەوە خۆپیشاندان سەری هەڵدا کە داوای بەسزاگەیاندنی بەرپرسیارانیان دەکرد.

بەهۆی خۆپیشاندانەکانەوە حکوومەتەکەی سەرۆکوەزیرانی لوبنان، حەسسان دیاب لە ١٠ی ئابدا دەستی لەکارکێشایەوە.