ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

لە 24 کاتژمێری رابردودا ئامارەکانی توشبون بە کۆرۆنا لە جیهان بەشێوەیەکی بەرچاو بەرزبونەتەوە و ژمارەی توشبوانیش گەیشتە 23 ملیۆن و 120 هەزار کەس، لەسەر ئاستی جیهان ئەمریکا، لەسەر ئاستی ئەوروپا ئیسپانیا و لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش ئێران زۆرترین توشبوی پەتاکەیان تێدا تۆمارکراون.

بە گوێرەی ئامارە جیهانییەکان تێکڕای توشبوانی کۆرۆنا گەیشتوەتە 23 ملیۆن و 120  هەزار و 988 کەس، لەو ژمارەیەش 15 ملیۆن و 715 هەزار و 218 توشبو چاکبونەتەوە و 803 هەزار  و 213 توشبوش گیانیانلەدەستداوە.

لەسەر ئاستی وڵاتانی جیهان، ولایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا لە پلەی یەكەم دێت كە تیایدا پێنج ملیۆن و 796 هەزارو 727 كەس توشی كۆرۆنا بون، بڕازیل بە تۆمارکردنی سێ ملیۆن و 536 هەزار و 488 بە پلەی دوەم و هیندستانیش بە تۆمارکردنی دو ملیۆن و 975 هەزار و 701 کەس لەسەر ئاستی جیهان بە پلەی سێیەم دێت لەڕوی بەرزی ژمارەی توشبوانەوە.

لەسەر ئاستی وڵاتانی کیشوەری ئەفریقا، وڵاتی ئەفریقای باشور بە پلەی یەکەم دێت و 603 هەزار و 338 توشبوی تێدا تۆمارکراوە، لەسەر ئاستی وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئێران بە تۆمارکردنی 354 هەزار و 764 توشبوی کۆرۆنا زۆرترین کاریگەریی ئەو پەتایەی تێدا دەرکەوتوە، لەسەر ئاستی کیشوەری ئەوروپاش ئیسپانیا بە پلەی یەکەم دێت لەروی بەرزی ژمارەی توشبوان و تا ئێستا 407 هەزار و 879 توشبو لە وڵاتەدا تۆمارکراون.