ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكانی عێراق رایگەیاند كە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی یدژبە داعش خاڵی ژمارە هەشتی لە سەربازگەی تاجی باكووری بەغدا، رادەستی هێزەكانی عێراق كردووەتەوە.

گوتەبێژی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكانی عێراق، لیوا تەحسین خەفاجی لە لێدوانێكی رۆژنامەوانییدا رایگەیاندووە كە ئەمڕۆ یەكشەممە لە رێورەسمێكدا، هێزەكانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژبە داعش، خاڵی ژمارە هەشتیان لە سەربازگەی تاجی رادەستی هێزەكانی عێراق كردەوە.

لیوا تەحسین خەفاجی ئاماژەی بەوەیش داوە، خاڵی ژمارە هەشت لە سەربازگەی تاجی لەلایەن هێزەكانی ئوسترالیا، نیوزیلاند و ئەمریكاوە بۆ مەشق و راهێنان بە هێزەكانی عێراق بەكار دەهێندرا و باسی لەوەیش كردووە كە لەمەودا ئەو خاڵە لەلایەن هێزەكانی عێراقەوە بەكاردەهێندرێت.

گوتیشی: "دوای تەواوبوونی ئەركی هێزەكانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتیی دژبە داعش، خاڵی ژمارە هەشت لە سەربازگەی تاجی بە ئامادەبوونی نوێنەری سەرۆكوەزیرانی عێراق و رادەستی هێزەكانی عێراق كرایەوە".

سەبارەت بە رادەستكردنەوەی خاڵەكانی دیكە، لیوا تەحسین خەفاجی روونی كردەوە كە پلان بۆ رادەستكردنەوەی خاڵەكانی دیكە داندراوە.

پێشتر هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژبە داعش رایگەیاندبوو، بەپێی ئەو پلانەی كە پێشتر داندراوە، هێزەكانیان لە بنكەی تاجی باكووری بەغدا كشاونەتەوە و بنكەكەیشیان رادەستی هێزە عێراقییەكان كردووەتەوە.