ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

حكوومەتی ئوردن رایگەیاند كە وەزیری گەیاندنی عێراق، ئەركان شەهاب شەیبانی لە میانی سەردانەكەی بۆ عەممان تووشی ڤایرۆسی كۆرۆنای نوێ (COVID-19)، بووە.

لەمبارەیەوە وەزیری راگەیاندنی ئوردن، ئەمجەد عەزایلە لە لێدوانێكی رۆژنامەوانییدا ئاماژەی بەوە داوە كە ئەركان شەهاب شەیبانی لە میانی سەردانەكەی بۆ عەممان پشكنینی ڤایرۆسی كۆرۆنای بۆ كراوە و ئەنجامی پشكنینەكەیشی پۆزەتیڤ دەرچووە.

گوتیشی: "وەزیری گەیاندنی عێراق، ئەركان شەهاب شەیبانی لە شوێنی حەوانەوەی خۆی لە عەممان خۆی كەرەنتین كردووە و ناوبراو سەرپشك و ئازادە لەوەی دەیەوێت لە ئوردن چارەسەر وەربگرێت یان بگەڕێتەوە بۆ عێراق".

رۆژی هەینی وەزیری گەیاندنی عێراق، ئەركان شەهاب شەیبانی بە سەردانێك گەیشتبووە عەممان پایتەختی ئوردن دواتر لە چوارچێوەی رێوشوێنەكانی تەندروستییدا، پشكنینی كۆرۆنای بۆ كرابوو.

تا ئێستا حكوومەتی عێراق هیچ زانیاری و روونكردنەوەیەكی لەوبارەیەوە بڵاو نەكردووەتەوە.