ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

 

شانه‌ی راگه‌یاندنی سه‌ربازی عێراق رایگه‌یاند، سەرەرای نارەزایەتیەكانی عێراق فرۆكە جەنگیەكانی توركیا بەردەوامن لە سنوور بەزاندن شه‌وی رابردو له‌رێگه‌ی فڕۆكه‌ی بێفڕۆكه‌وانه‌وه‌ فڕۆکەکانی توركیا ئاسمانی عێراقی به‌زاندةوه‌ و له‌ قه‌زای شنگالی نه‌ینه‌وای باكوری عێراق بۆردومانی كردوه‌، به‌وهۆیه‌وه‌ دو هاوڵاتی گیانیان له‌ده‌ستداوه‌.

شانه‌ی راگه‌یاندنی سه‌ربازی عێراق له‌به‌یاننامه‌یه‌كدا بڵاویكرده‌وه‌، ژماره‌یه‌ك فڕۆكه‌ی بێفڕۆكه‌وانی توركیا ئاسمانی عێراقیان پێشێلكردوه‌ و ئۆتۆمبێلێكی جۆری پیكابی له‌گوندی به‌هراڤای سنوری كۆمه‌ڵگه‌ی خانه‌سۆر له‌ قه‌زای شنگال بۆردومانكردوه‌، به‌وهۆیه‌وه‌ دو هاوڵاتی مه‌ده‌نی گیانیان له‌ده‌ستداوه‌ كه‌ شۆفێر و سه‌رنشینی پیكابه‌كه‌ بون.

ئاماژەی بەوەشکرد، له‌هه‌مان كاتی به‌ئامانجگرتنی ئه‌و ئۆتۆمبێله‌ پیكابه‌دا، له‌گوندی باره‌ی خانه‌سۆر فڕۆكه‌ جه‌نگیه‌كانی توركیا بۆردومانیان ئه‌نجامداوه‌، به‌ڵام تا ئێستا هیچ زیانێك له‌باره‌ی ئه‌و بۆردومانه‌وه‌ نه‌زانراوه‌.

له‌ناوه‌ڕاستی مانگی ئایاری ئه‌مساڵه‌وه‌، توركیا بۆردومانكردنی ناوچه‌ سنوریه‌كانی هه‌رێمی كوردستانی به‌چڕی ده‌ستپێكردوه‌ و له‌چه‌ند ناوچه‌یه‌كیش روبه‌ڕوبونه‌وه‌ له‌نێوان گه‌ریلاكانی پارتی كرێكارانی كوردستان و سوپای توركیا رویداوه‌.

له‌لایه‌ن به‌رپرسانی عێراقه‌وه‌ چه‌ندجارێك هۆشداریدراوه‌ته‌ توركیا له‌وه‌ی بۆردومانه‌كانی رابگرێت و چه‌ندجارێكیش فاتیح یه‌ڵدز باڵیۆزی ئه‌و وڵاته‌ له‌به‌غدا بانگهێشتكراوه‌ و نامه‌ی توندی ناڕه‌زایه‌تی ئاراسته‌ی كراوه‌، بەڵام تا ئێستا هێرشەکانی بەردەوامە، ئەوەش سەرەڕای بونی دەیان بارەگای سەربازی وڵاتەکە لە خاکی هەرێمی کوردستاندا.