ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

سەرۆکی فڕەنسا رایگەیاند، لەم هاوینەدا رێکاری توندی بەرامبەر هەنگاوەکانی تورکیا لە رۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست گرتوەتەبەر و هێڵی سوری بۆ وڵاتەکە کێشاوە، دەشڵێت، "ئەنقەرە رێز لە کردار دەگرێت نەک گوفتار.

ئیمانوێڵ ماکرۆن، سەرۆکی فڕەنسا لەمیانەی کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، پێویستە یەکێتی ئەوروپا پشتگیری خۆی بۆ یۆنان و قوربرس دەرببڕێت لەبارەی ئەو ناکۆکیانەی کە بەهۆی گازی سروشتییەوە لەگەڵ تورکیادا لە دەریای ناوەڕاست سەریهەڵداوە، سزای زیاتر لەوبارەیەوە بەسەر ئەنقەرەدا بسەپێنێت.

ئاماژەی بەوەشکرد، پێویستە یەکێتی ئەوروپا بۆ پاراستنی سەروەری دەریای ناوەڕاست رێکاری چەسپاو بگرێتەبەر نەک کرداری چەسپاو، "چونکە تورکەکان تەنها رێز لە کردار دەگرن نەک گوفتار". 

ماکرۆن باسی لەوەشکرد، ئەو هەنگاوانەی لەم هاوینەدا لە دژی کارەکانی تورکیا لە دەریای ناوەڕاست گرتویەتیەبەر گرنگی تایبەتی خۆی هەیە، بەهۆیەوە توانیویەتی هێڵی سور بۆ تورکیا دابنێت.

ئەو لێدوانەی ماکرۆن لەکاتێکدایە 25 بۆ 28ی ئەم مانگەن هەریەک لە فڕەنسا، قوربرس، یۆنان و ئیتاڵیا مانۆڕێکی سەربازی هاوبەشیان لە رۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست ئەنجامدا، ئەو مانۆڕە وەک دیاریکردنی سنورە ئاوییەکانی قوبرس و یۆنان و دیاریکردنی هێڵی سور بۆ کەشتییە روپێویکەرەکانی تورکیا بو.