ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

 

ڕێگای کوردستان

 ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق پرۆژەیاسای قەرزی ناوخۆیی و دەرەکی ڕەوانەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و داوا دەکات یاسای قەرزکردن تا کۆتایی ئەمساڵ درێژ بکرێتەوە، چونکە بەپێی داهاتەکانی بەردەست، حکوومەت تووشی کورتهێنان دەبێت و ناتوانێت خەرجییە پێویستەکان دابین بکات. لەکاتێکدا حکوومەتی عێراق تەنیا لە مانگی حوزەیرانی ئەمساڵدا بڕی ١٥ ترلیۆن دیناری قەرز کردووە، ئێستا لەڕێگەی پرۆژەیاسایەکەوە دەیەوێت ٤١ ترلیۆن دیناری دیکە قەرز بکات.

 یەکشەمی ڕابردوو ١١ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٠، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق پرۆژەیاسای قەرزی ناوخۆیی و دەرەکی ئاراستەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق کرد. ڕەوانەکردنی پرۆژەیاسایەکە، پاش ئەوە دێت کە حکوومەتی عێراق پێشتر ڕای گەیاندووە، پاڵپشت بە داهاتەکانی بەردەست، عێراق تووشی کورتهێنان دەبێت و بۆ دابینکردنی مووچەی فەرمانبەران پێویستی بە قەرزکردن هەیە.

بەگوێرەی ناوەڕۆکی پرۆژەیاسایەکە کە وێنەیەکی دەست (ڕێگای کوردستان) کەوتووە؛ حکوومەتی عێراق بۆ چوار مانگی کۆتایی ئەمساڵی ٢٠٢٠ بەدیاریکراوی ١٩ ترلیۆن و ٧١٩ ملیار و ٤٨٣ ملیۆن و ١٣٩ هەزار دیناری لە فرۆشتنی نەوت دەست دەکەوێت، ئەوەش لەسەر بنەمای خەمڵاندنی نرخی بەرمیلێک نەوت بە ٤٠ دۆلار و ٥١ سەنت و توانای هەناردەکردنی سێ ملیۆن و ٣٣ هەزار و ٢٣٧ بەرمیل نەوتی ڕۆژانە، بە ڕادەستکردنی ڕۆژانەی ٢٥٠ هەزار بەرمیل نەوتی هەرێمی کوردستانەوە.

پرۆژەیاسایەکە، قەرەبووکردنەوەی دەوڵەتی کوێتی خەمڵاندووە بە ٥٣١ ملیار و ٥٨٤ ملیۆن و ٤٩٤ هەزار دینار و شایستە داراییەکانی کۆمپانیاکانی نەوتیشی بە بڕی پێنج ترلیۆن و شەش ملیار و ٢٨٢ ملیۆن و ٩٣ هەزار دینار خەمڵاندووە، بەو شێوەیە ئەوەی لە داهاتی نەوتدا دەمێنێتەوە، پاش جیاکردنەوەی قەرەبووکردنەوەی کوێت و شایستە داراییەکانی کۆمپانیاکانی نەوت بڕی ١٤ ترلیۆن و ١٨١ ملیار و ٦١٦ ملیۆن و ٥٥٢ هەزار دینار بۆ چوار مانگی کۆتایی ئەمساڵی ٢٠٢٠ دەمێنێتەوە.

هەروەک بەپێی ناوەڕۆکی پرۆژەیاسایەکە، داهاتی نانەوتی عێراق لەماوەی ئەو چوار مانگەدا بە دوو ترلیۆن دینار خەمڵێندراوە. حکوومەتی عێراق لەڕێگەی ئەو پرۆژەیاسایەوە دەیەوێت، دەسەڵاتی قەرزکردن تا کۆتایی ئەمساڵ درێژ بکرێتەوە. لەکاتێکدا قەرزە زەبەلاحەکانی پێشوو، نەیانتوانی کورتهێنانی حکوومەتەکە پڕ بکەنەوە.

لە هەمان پرۆژەیاسادا ڕوونکراوەتەوە کە خەرجییە گشتییەکان بۆ چوار مانگی کۆتایی ئەمساڵ ٥٧ ترلیۆن و ٨١١ ملیار و ٤٥٣ ملیۆن و ٦٣٩ هەزار دینار، ئەوەش دابەش دەبێت بەسەر خەرجییەکانی بەگەڕخستن بەبڕی ٥٣ ترلیۆن و ٨٥٨ ملیار دینار و هەروەها خەرجی وەبەرهێنان بەبڕی سێ ترلیۆن و ٩٥٣  ملیار و ٤٥٣ ملیۆن و ٦٣٩ هەزار دیناری عێراقی.

لەسەر ئەو بنەمایە و بەگوێرەی پارەی بەردەست حکوومەتی عێراق تووشی کورتهێنانێکی گەورەی بودجە دەبێتەوە، کە لە پرۆژەیاسایەکەدا داوا کراوە ڕێگە بە وەزیری دارایی بدرێت بۆ قەرزی ناوخۆیی و دەرەکی بە بڕی ٤١ ترلیۆن و ٦٢٩ ملیار و ٨٣٧ ملیۆن و ٨٧ هەزار دیناری عێراقی بۆ پڕکردنەوەی کورتهێنانەکە، ئەوەش لەڕێگەی قەرزی ناوخۆیی و قەرزی دەرەکی لە دامەزراوەکانی نێودەوڵەتی دارایی و بانکەکانی بیانی.

بەگوتەی ئەحمەد حاجی ڕەشید لەلیژنەی دارایی و ئابووری ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، وەزیری دارایی عێراق تەنیا لە مانگی حوزەیرانی ئەمساڵدا بڕی ١٥ ترلیۆن دینار قەرزی کردووە و ئێستایش بەپێی ئەو پرۆژەیاسایە داوای ٤١ ترلیۆن دینار قەرزی دیکە دەکرێت و زۆربەی ئەو قەرزەش لە یەدەگ ڕادەکێشرێت، ئەگەر ئەو پرۆژەیاسایە تێپەڕبکرێت، شتێکی ئەوتۆ لە دەگی نەختینەی عێراق نامێنێتەوە و دەوڵەتی عێراق بەرەو هەرەسهێنانی ئابووری دەچێت.