ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

ڕێگای کوردستان-ئاودێر

ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق کۆتایی بە دەنگدان بە یاسای هەڵبژاردنەکان هێنا و وڵات بەسەر هەشتا و سێ بانەدا دابەشکرا، چاودێرانى سیاسی عێراق باس لە دروستبوونى ململانێیەکى توند لەناو حزبەکان لەلایەک و لەنێوان حزبەکان لەلایەکى دیکەوە دەکەن، چاودێرێکى دۆخەکەش باس لە کاریگەرى هۆز و بنەماڵەکان لەسەر دەنگی لایەنەکان دەکات، ئەندامێکى ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراقیش ڕەخنەى ئەوە دەگرێت کە یاساکە پشکپشکێنەی حزبیی تێدا باڵادەستە و بەرژەوەندیی حزبی خراوەتە سەرووی بەرژەوەندی نیشتیمانییەوە.

دواجار ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، لەدواى یەکلاییکردنەوەى بازنەی نەینەوا و 16 پارێزگای دیکەی عێراق، بە ئامادەبوونی 168 ئەندام، کۆتایی مانگى ڕابردوو، بازنەی هەڵبژاردنی لە پارێزگای کەرکووک یەکلا کردەوە کە دووایین بازنە بوو زۆرترین مشتومڕى لەسەر بکرێت، بەمەش کۆتایی بە دەنگدان بە یاسای هەڵبژاردنەکان هێنا.

چاودێرانى سیاسیی عێراق باس لەو گۆڕانکارییانە دەکەن کە بەهۆى یاسای هەڵبژاردنى نوێوە لە وڵاتدا درووست دەبێت، بۆ ئەم مەبەستەش بۆچوونى جیاواز درووست بووە، بەشێوەیەک بەشێکیان باس لە دەرئەنجامى باشی یاساکە دەکەن بەتایبەتى بۆ بەرژەوەندى هێزە گەورەکان و بەشێکى دیکەشیان باس لەو شکستانە دەکەن کە یاساکە لەگەڵ خۆیدا دەیهێنێت، بەتایبەتى لەبوارى گەڕانەوە بۆ تایفیەت و گرنگى خێڵ لە یەکلاییکردنەوەى کورسییەکان.

بەو پێیەى هەر پارێزگایەک بەسەر چەند بازنەیەکدا دابەشکراوە، ئەمە وا دەکات دەرفەتى کەمتر بۆ ئەو هێزانە بێتە پێشەوە کە کێشەى کەمى دەنگدەریان هەیە، هاوکات دەرفەت بۆ کەسانى سەربەخۆش ناڕەخسێت، چونکە پێکهاتەى کۆمەڵایەتى هەرێمى کوردسستان و عێراق بەشێوەیەکە کە تا ئێستا کەمترین متمانە دەدرێتە کەسانى سەربەخۆ، بەپێچەوانە متمانە دەدرێتە هێزە سیاسییەکان، لەناو هێزە ساسییەکانیشدا پێدەچێت بۆ ئەم هەڵبژاردنە زیاتر ئەو کەسانە چانسیان هەبێت کە کەسانى دیارى ناو عەشیرەت یاخود خێڵەکەیانن. 

محەمەد سوڵتانی چاودێرى سیاسی عێراق ئاماژە بۆ ئەوە دەکات کە بۆ ئەم هەڵبژاردنە ململانێی توند لەنێوان جەمسەرەکانی یەک حزب و هاوکات لەنێوان حزبەکانیشدا توند دەبێت، ئەگەرى ئەوەش لە ئارادایە لەگەڵ نزیکبوونەوەی هەڵبژاردنەکان هەندێک هێز و لایەن کوتلەی نوێ درووست دەکەن. ئەو چاودێرە سیاسییە هێما بۆ ئەوەش دەکات کە جیاواز لە هەڵبژاردنەکانی پێشوو، فرە بازنەیی کێبڕکێی توند لەنێوان هێزەکاندا درووست دەکات. لەلایەکى دیکەوە فوئاد شەمەری چاودێری سیاسی عێراق بۆچوونى وایە کە یاسای هەڵبژاردنەکان دەبێتە هۆى ئەوەى کە کاندیدە سەربەخۆکان بەبێ پشتگیریی هیچ لایەنێکی سیاسی بچنە کێبڕکێکەوە؛ "لە پارێزگایەکی وەک دیالە هۆز و بنەماڵەکان کاریگەری بەرچاو لەسەر دەنگی لایەنەکان درووست دەکەن".

هەر لەبارەى کاریگەرى یاسای نوێی هەڵبژاردن لەسەر دروستکردنى نوێنەر لەلایەن خێڵ و عەشیرەت و هێزە گەورەکانەوە، هوشیار عەبدوڵا پەرلەمانتاری کورد لە ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراق باس لەوە دەکات، یاساکە پشکپشکێنەی حزبیی تێدا باڵادەستە و بەرژەوەندیی حزبی خراوەتە سەرووی بەرژەوەندی نیشتیمانییەوە، ئەو نوێنەرى کورد لە ئەنجوومەنى نوێننەرانى عێراق کوتلە گەورەکان وەک کراس بە بەری خۆیان دوورییویانە، لە شیعە سەدرییەکان و لە سوننەش حەلبوسی و لە کوردیش پەدەکە سوودمەندی یەکەم و سەرەکی یاساکە دەبن.

هەر لەوبارەیەوە عوسمان کاروانی ئەندامی ئەنجوومەنی جێبەجێکردنی یەکگرتووی ئیسلامی بۆچوونى وایە کە دیاریکردنی بازنەکانی هەڵبژاردن بەم شێوەیەى ئێستا زیاتر لە بەرژەوەندى لە خزمەتی حزبە حوکمڕانەکانە، بۆچوونى وایە کە ئەم هێزە حکومڕانانە چ لەسەر ئاستى هەرێمى کوردستان چ لەسەر ئاستى عێراق شکستیان هێناوە، بەڵام بەهۆى ئەم یاسایەوە هاووڵاتییان جارێکى دیکە ئەمان هەڵدەبژێرنەوە.

ئەگەرچی لەسەرەتاوە وا نیشاندەدرا کە دەنگى کورد لەناوچە جێناکۆکەکان کەم دەکات، بەڵام ئێستا بەشێک لە نوێنەرانى کورد لە پەرلەمانى عێراق جەخت لە ناڕاستى ئەم بۆچوونە دەکەنەوە و ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن کە کورد دەتوانێت کورسییەکانى خۆى لەناوچە دابڕێنراوەکان بەدەست بهێنێتەوە. جەمال شکور ئەندامی فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عیراق دەڵێت بەگوێرەى یاسای هەڵبژاردنەکان و ئەو بازنانەی دانراوە مەترسی لەسەر دەنگی کورد لە ناوچە دابڕێندراوەکاندا درووست نابێت.

مانگى تەمووزى ئەمساڵ سەرۆک وەزیرانی عێراق ڕۆژی 6ـی حوزەیرانی ساڵی 2021 بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختی پەرلەمانی عێراق دەستنیشان کردووە و کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانیش لە عێراق چەندین جار جەختى لەوە کردووەتەوە کە ئەوان ئامادەن بۆ بەڕێوەچوونى هەڵبژاردنەکان لە وادەى خۆیدا.

بەگوتەى عەبدولحوسێن هینداوی ڕاوێژکاری سەرۆک وەزیرانی عێراق، تا ئێستا (230) کیان و لایەنی سیاسیی ناوی خۆیان بۆ بەشداریکردن لە پرۆسەی هەڵبژاردنی گشتیی داهاتووی عێراق تۆمار کردووە و جەختیش دەکاتەوە کە مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق سوورە لەسەر بەڕێوەچوونی پرۆسەی هەڵبژاردنی پێشوەختە لەوادەى دیاریکراوى خۆیدا.