ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

 

جۆ بایدن، كاندیدی دیموكراتەكان بۆ سەرۆكایەتی ئەمەریكا، لە گوتارێكیدا لە ویلایەتی دیلاوێر رایگەیاند "ھەرچەندە لە سەركەوتنم دڵنیام، بەڵام ئێستا سەركەوتنی یەكجارەكی راناگەیەنم و چاوەڕوانی ئەنجامی كۆتایی دەكەم"كە زۆر نزیك بۆتەوە.

 گوتیشی "داوا لە ھاووڵاتییان دەكەم خۆڕاگربن و ئاڵۆزییەكان ھێور بكەنەوە".

 بایدن ئاماژەی بەوەشكرد" دەبینە یەكەم دیموكرات كە دوای 24 ساڵ، ئەریزۆنا ببەینەوە، ھەروەھا دەبمە یەكەم دیموكرات دوای 28 ساڵ جۆرجیا ببەمەوە، ھەروەھا لە فیلادلفیاش سەردەكەوم".

بایدن جەختیشی كردەوە "لە ئیدارەكەیاندا كار دەكەن بۆ دانانی پلانێكی تۆكمە بۆ بەرەنگاربوونەوەی كۆرۆنا، ھەروەھا كار بۆ نەھێشتنی قەیرانەكان و یەكخستنەوەی ئەمەریكا دەكەین و دەرفەتێكی باشمان لە پێشە بۆ بونیاتنانی داھاتووێكی باشتر بۆ نەوەكانمان".

ئەم گوتانەی جۆ بایدن، دوای ئەوە دێت دۆناڵد ترەمپ، کاندیدی کۆمارییەکان لە تویتێکدا رایگەیاند "جۆ بایدن بە هەڵەداچووە وا دەزانێت کورسی سەرۆکایەتیی بردووەتەوە.".

راشیگەیاند "منیش دەتوانم ئەوە بڵێم کە کورسی سەرۆکایەتیم بردووەتەوە، بەڵام بەدواداچوونە یاساییەکان ئێستا دەستپێدەکەن".