ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

 

سه‌رۆكی وه‌زیرانی عێراق ڕێنماییدا بە دابینکردنی فڕۆكه‌یه‌كی تایبه‌ت بۆ گواستنه‌وه‌ی یاریزانانی هه‌ڵبژارده‌ی نیشتیمانی و پێدانی پاسپۆرتی دیپلۆماسیشیان بە تەواوی یاریزانەکان.

نوسینگه‌ی راگه‌یاندنی سه‌رۆكایه‌تی وه‌زیرانی عێراق له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا بڵاویکردەوە، كازمی سه‌ردانی یاریگای شه‌عبی (گه‌لی) نێوده‌وڵه‌تی كرد و ئاماده‌ی مه‌شق و ڕاهێنانی تیمی نیشتمانی عێراقی بو، كه‌ وه‌ك به‌شێك له‌ ئاماده‌كارییه‌كانی هه‌ڵبژارده‌كه‌ بۆ خۆئاماده‌كردن به‌مه‌به‌ستی به‌شداریكردن له‌ یاری مۆندیال ده‌ستیانپێكردوه‌.

کازمی چاوی به‌یاریزانه‌كان و ستافی راهێنه‌ران كه‌وتوە و ئاماژەی بەوەکردوە، "هه‌ڵبژارده‌كه‌ شانازیی وڵاته‌‌، هه‌میشه‌ له‌سه‌ختترین هه‌لومه‌رجدا بۆ عێراقی یه‌كگرتو جێی ئومێدو خۆشی بوه"‌.

سەرۆک وەزیرانی عێراق داوای له‌یاریزانه‌كان كردوە کە باشترین هه‌وڵ بده‌ن و ناوی عێراق به‌رزبكه‌نه‌وه‌، به‌تایبه‌تی كه‌ هه‌موان چاوه‌ڕێی به‌دیهێنانی ئه‌و ئاواته‌ن كه‌ بۆ مۆندیال ئاماده‌بن.

لە راگەیەندراوەکەدا هاتوە، کازمی رێنمایی داوە بە تەرخانكردنی فڕۆكه‌یه‌كی تایبه‌تی بۆ گواستنه‌وه‌ی هه‌ڵبژارده‌ی نیشتمانی، به‌مه‌به‌ستی گواستنه‌وه‌ی راهێنه‌ر و یاریزانه‌كان و سه‌رجه‌م یاریزانه‌كانیش پاسپۆرتی دیپلۆماسیان پێده‌درێت، هه‌روه‌ها بڕیاریداوە به‌ دواداچون بکرێت بۆ پێدانی زه‌وی و ته‌واوكردنی مامه‌ڵه‌ راگیراوه‌كانیان.