ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

  

لیژنه‌ی دارایی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق هۆشداری دەدات له‌وه‌ی، ئه‌گه‌ر حكومه‌ت به‌رده‌وام بێت له‌قه‌رزكردن، وڵات به‌ره‌و "مایه‌پوچبون" ده‌ڕوات و راشیگه‌یاند، كۆی گشتی قه‌رزه‌كان گه‌یشتونه‌ته‌ 160 ملیار دۆلار.

عه‌بدولمه‌هدی موحان سه‌عداوی، ئەندامی لیژنه‌ی دارایی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق له‌ لێدوانێكی رۆژنامه‌وانیدا رایگه‌یاند، قه‌رزی ده‌ره‌كی عێراق كه‌ له‌ بۆ قه‌رزی (یانه‌ی پاریس، قه‌رزی كوێت، شه‌ڕی عێراق و ئێران) ده‌گرێته‌وه‌، بڕی زیاتر له‌ 136 ملیار دۆلار بو، به‌ڵام له‌دوای ساڵی 2014ه‌وه‌ كۆی گشتی قه‌رزه‌كان زیادیانكردوه‌، به‌جۆرێك گه‌یشتوه‌ته‌ 160 ملیار دۆلار، له‌گه‌ڵئه‌وه‌شدا رێژه‌یه‌كی به‌رزی سوی هه‌یه‌.

ئه‌و ئه‌ندامه‌ی لیژنه‌ی دارایی هۆشداریشیدا قه‌رزه‌ ده‌ره‌كی و ناوخۆییه‌ به‌رده‌وامه‌كانی ده‌وڵه‌ت ده‌بێته‌ هۆی ئه‌وه‌ی وڵات به‌ره‌و مایه‌پوچ بون هه‌نگاو بنێت و ئاشكراشیكرد، په‌رله‌مان ره‌زامه‌ندی ده‌ربڕیوه‌ بۆ پێنج ملیار دۆلار قه‌رزی ده‌ره‌كی و 15 ترلیۆن دینار قه‌زری ناوخۆیی، ئامانجیش له‌م ره‌زامه‌ندیه‌ دابینكردنی موچه‌ فه‌رمانبه‌رانه‌ تا كۆتایی ئه‌مساڵ.

عه‌بدولمه‌هدی موحان باسی له‌وه‌شكرد، قه‌رز و داهاتی ناوخۆیی وڵات به‌سه‌ر دو خاڵ دابه‌شده‌بن، 80%ی قه‌رزه‌كه‌ بۆ بودجه‌ی به‌كاربردن، 20%یشی بۆ وه‌به‌رهێنانه‌، له‌و 20%ی وه‌به‌رهێنانه‌ش، 50%ی بۆ پرۆژه‌ی وه‌زاره‌ته‌كانه‌ وه‌ك بودجه‌ی په‌ره‌پێدانی هه‌رێمه‌كان.

سه‌باره‌ت به‌كه‌مكردنه‌وه‌ی موچه‌ فه‌رمانبه‌ران، ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ ئاشكرایكرد، له‌ناو پرۆژه‌یاسای بودجه‌ی 2021 شتێك نیه‌ به‌ناوی كه‌مكردنه‌وه‌ی موچه‌ی فه‌رمانبه‌رانه‌وه‌، وه‌ره‌قه‌ی سپیش كه‌ له‌لایه‌ن حكومه‌تی عێراقه‌وه‌ پێشكه‌شكراوه‌ هیچ ڕێوشوێنێكی بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی موچه‌ی فه‌رمانبه‌ران تێدا نیه‌، به‌ڵكو ته‌نیا ده‌رماڵه‌ی فه‌رمانبه‌رانی پله‌ تایبه‌ته‌كان رێكده‌خرێته‌وه‌.