ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

ئاودێر

ئەگەرچی کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق دەرگای خۆتۆمارکردنی بۆ قەوارە و لایەنەکان کردووەتەوە، بەڵام بەگوێرەى زانیارییەکان بەڕێوەچوونى پڕۆسەکە لەناوەڕاستى ئەمساڵدا کارێکى ئاسان نابێت و ئەندامێکى پەرلەمانى عێراقیش باس لەوە دەکات کە بەڵێنی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە تەنیا جۆرێک بووە لە پڕۆگرامی سیاسی مستەفا کازمی لەکاتى دەستبەکاربوونى.

مانگى تەموزى ساڵى ڕابردوو سەرۆک وەزیرانی عێراق رۆژی 6ـی حوزەیرانی ئەمساڵى بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمانی عێراق دەستنیشان کرد و کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانیش لە عێراق چەندین جار جەختى لەوە کردووەتەوە کە ئەوان ئامادەن بۆ بەڕێوەچوونى هەڵبژاردنەکان لەو وادەیەى کە دیاریکراوە بۆیان.

هەرچەندە لە چەند رۆژى ڕابردوودا دەرگای خۆتۆمارکردنی بۆ قەوارە و لایەنەکان کراوەتەوە، بەڵام پێشتر عەبدولحسێن هینداوی، راوێژکاری سەرۆک وەزیرانی عێراق باسی لەوەکردبوو زیاتر لە 200  کیان و لایەنی سیاسی بەشداری لە پرۆسەی هەڵبژاردنی گشتیی داهاتووی عێراق دەکەن.

 عەبدولرەزاق موشیر، بەرپرسی نووسینگەی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق لە هەولێر ڕاى گەیاند پڕۆسەى تۆمارکردنی ناوی قەوارە و لایەنەکان بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی عێراق تا 16/1/2021 بەردەوام دەبێت. ئاماژە بۆ ئەوەش دەکات کە خۆتۆمارکردنی لیست و قەوارەکان لە نووسینگەی سەرەکی کۆمسیۆن لە بەغدا دەبێت، بەڵام دواتر خۆتۆمارکردنی کاندیدەکان لە نووسینگەکانی ناوچە جیاوازەکان دەبێت.

لەلایەکى دیکەوە وەکو ئامانج عەزیز لێپرسراوی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عیراق لقی سلێمانی باسی دەکات ئامادەکاری پێشوەختە بۆ هەڵبژاردنەکانی عێراق کراوە و کۆمسیۆن دەستی بەهەنگاوی نوێکردنەوەی تۆماری دەنگدەران کردووە. بەگوتەى  ئامانج تاکو دووی شوبات، هاوڵاتییان دەتوانن سەردانی ناوەندەکان بکەن، بەمەبەستى دڵنیاببنەوە لە بوونى ناوەکانیان، یاخود سڕینەوەى ناوى مردووەکانیان  لەتۆماری دەنگدەران، ئەمە جگە لەوەى کە هاووڵاتییان تەنیا ئەو مانگەیان لەبەردەمە بۆ گۆڕینى بنکەی دەنگدانیان یاخود هەر رێکارێکى دیکە ئەگەر بیانەوێت بیکەن.

ئەم ئامادەکاریانەى کۆمسیۆنى هەڵبژاردنەکانی عێراق بۆ بەڕێوەچوونى هەڵبژاردنى پێشوەختە لەناوەڕاستى ئەمساڵدا لەکاتێکدایە کە دۆخی سیاسی و دارایی عێراق بە قۆناغێکى هەستیاردا دەڕوات، جگە لەو رێگرییە یاساییانەى دێنە بەردەم بڕیارى ئەنجامدانى هەڵبژاردنى پێشوەختە، هاوکات بەشێکى زۆرى لایەنە سیاسییەکانیش بەتایبەتى هێزە بڕاوەکان، ئامادەیی جێبەجێکردنى ئەو بڕیارەیان نییە.

یوسف محەمەد، ئەندامى ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراق،  ئاماژە بۆ ئەوە دەکات کە دەسەڵاتداران و کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکان پەیوەست نین بەو وادەیەی کە مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختە دیاری کردوە. ئەو ئەندامەى پەرلەمانى عێراق ڕونى دەکاتەوە کە هەڵبژاردنی پێشوەختە پێویستی بە یاسایەکە بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەنجومەنی نوێنەران، کەدەنگی رەهای پەرلەمانتاران بەدەستبهێنێت و پاشان رێکەوتن بکرێت لەسەر وادەی ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکان. گوتیشی بەڵام دەسەڵاتداران و کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکان بەهیچ شێوەیەک پەیوەست نین بەو وادەیەی کازمی بۆ هەڵبژاردنەکان دایناوە، بەگوتەى ئەندامەکەى ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراق دیاریکردنى بەریێوەچوونى هەڵبژاردن لە ناوەڕاستى ئەمساڵدا، تەنیا  جۆرێک بووە لە پڕۆگرامی سیاسی مستەفا کازمی بۆ هەڵبژاردن و لەو چوارچێوەیەدا بەڵێنی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختەی داوە.

بەگوێرەى دەستوور تا ئەوکاتەى ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراق لەکارەکانى بەردەوام بێت، هەڵبژاردن ناکرێت. واتە ئەنجامدانى هەڵبژاردن لەکاتێکدا دەبێت کە زۆرینەى ئەندامانى پەرلەمان دەنگ لەسەر هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان بدەن، هەڵوەشاندنەوەى پەرلەمانیش بە دوو شێوە دەبێت، یەکەمیان پێویستە یەک لەسەر سێى ئەندامانی پەرلەمان داواکارى هەڵوەشاندنەوەکە پێشکەشى  سەرۆکایەتى پەرلەمان بکەن، رێگەى دووەم پێشکەشکردنى داواکاری هەڵوەشاندنەوەکەیە لەلایەن سەرۆک وەزیرانەوە بە رەزامەندیی سەرۆککۆمار.

بەشێک لە چاودێرانى سیاسی عێراق بۆچوونیانوایە کە رێگەى یەکەم بۆ هەڵوەشاندنەوەى پەرلەمان کارێکى ئاسان نابێت، بەتایبەتى کە زۆرێک لە هێزە سیاسییە گەورەکان نایانەوێت جارێکى دیکە بچنەوە ناو پڕۆسەیەک کە دیارنییە ئایندەکەى بۆ ئەوان بەکوێ دەگات، هاوکات باس لەوەش دەکەن کە ئەگەرچی وادەردەکەوێت بڕیارى هەڵوەشاندنەوەکە لەلایەن سەرۆکوەزیرانى عێراق بەهاوکارى سەرۆک کۆمار کارێکى ئاسان بێت، بەڵام دواجار ئەوەى وڵاتەکە بەڕێوە دەبات هێزە سیاسیە باڵادەستەکانن، نەک سەرۆک وەزیران و سەرۆک کۆمار، ئەمە جگە قورسی بەڕێوەچوونى پڕۆسەکە لەلایەن کۆمسیۆن و نائامادەیی هاووڵاتیانى عێراق لەم دۆخەى ئێستادا.