ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

 

فه‌رمانده‌یی ئۆپراسیۆنه‌ هاوبه‌شه‌كانی عێراق رایگه‌یاند، فڕۆكه‌  جه‌نگییه‌كانی هاوپه‌یمانانی نێوده‌وڵه‌تی، له‌ ناوچه‌ی وادی شامی سه‌ر به‌ پارێزگای كه‌ركوك، هێرشێكی ئاسمانیان ئه‌نجامدا و له‌ئه‌نجامیشدا 7 (حه‌وت) چه‌كداری سه‌ر به‌رێكخراوی داعش كوژراون.

له‌راگه‌یه‌ندراوێكدا، فه‌رمانده‌ی ئۆپراسیۆنه‌ هاوبه‌شه‌كان رایگه‌یاند، به‌پشت به‌ستن به‌ زانیاری وردی هه‌واڵگری ده‌زگای هه‌واڵگری نیشتمانیی عێراق، هێزی ئاسمانی هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی له‌ناوچه‌ی وادی شام له‌سنوری باره‌گا پێشكه‌وتو له‌ پارێزگای كه‌ركوك بۆردومانی ژماره‌یه‌ك بنكه‌ و باره‌گای چه‌كدارانی رێكخراوی داعشیان كرد.

ئه‌وه‌شی خستوه‌ته‌ڕو، له‌ئه‌نجامی بۆردومانه‌كان، ته‌رمی 7 (حه‌وت) چه‌كداری رێكخراوی داعش دۆزراونه‌ته‌وه‌ و له‌ئێستاشدا پشكنین بۆ ته‌رمه‌كان ده‌كرێت، به‌مه‌به‌ستی ناسینه‌وه‌ی ناسنامه‌كانیان.

باسی له‌وه‌شكرد، له‌چوارچێوه‌ی كێوماڵێكی زه‌مینی هێزه‌ هاوبه‌شه‌كانی لیوای 45ی فیرقه‌ی هه‌شتی سوپای عێراق، دو پشتێنی بۆمبڕێژكراو و حه‌شارگه‌ی چه‌ك و كه‌لوپه‌لی ته‌قه‌مه‌نی دۆزراونه‌ته‌وه‌، پرۆسه‌كه‌ له‌ئێستادا به‌رده‌وامه‌.

ئه‌و بۆردومانه‌ی هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی دو ڕۆژ دوای ئه‌وه‌ دێت كه‌ ناتۆ زیادكردنی ئۆپراسیۆن و ژماره‌ی هێزه‌كانی له‌ 500 (پێنجسه‌د) سه‌ربازه‌وه‌ بۆ 4.000 (چوار هه‌زار) سه‌رباز راگه‌یاند.