ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

سەرچاوەیەکی پزیشکیی رایگەیاند، لە میانی خۆپیشاندانەکان لە شاری ناسڕییە ناوەندی پارێزگای زیقار باشووری عێراق، ١٥ کەس لە خۆپیشاندەران و هێزەکانی ئەمنیی برینداربوون.

پزیشکێک لە نەخۆشخانەی فێرکاریی ئیمام حوسێن رایگەیاند، نەخۆشخانەکەیان پێشوازیی لە ١٥ بریندارکردووە کە لە میانی خۆپیشاندانەکانی رۆژی سێشەممەدا برینداربوونە.

پزیشکەکە کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت بە ئاژانسی ئانادۆڵوی راگەیاند، لەنێو بریندارەکان پێنج کارمەندی ئەمنیی هەن، هەروەها چوار لە بریندارەکان بە فیشەک بریندارکراون و ئەوانەی دیکەیش بەهۆی بەرد و داری پۆلیسی برینداربوونە.

ئێوارەی رۆژی سێشەممە، هێزە ئەمنییەکان لە پارێزگای زیقار باشووری عێراق بەزەبری هێز بڵاوەیان بەو خۆپیشاندانە کرد کە داوای دەستلەکارکێشانەوەی پارێزگاری زیقار، نازم وائیلیان دەکرد، ئەمەش لە بەرامبەر ناڕەزایەتییان بوو لە خراپ ئیدارەکردنی کاروبارەکانی پارێزگاکە.

رۆژی دووشەممە، خۆپیشاندان لە شاری ناسڕییە، ناوەندی پارێزگای زیقار باشووری عێراق ئەنجامدرا کە لە میانیدا خۆپیشاندەران داوایان لاکارلادانی پارێزگار، نازم وائیلییان لە پۆستەکەی کرد.

لە میانی خۆپیشاندانەکەدا، کەسێک کوژرا و ١٩ی دیکە برینداربوون کە کارمەندی هێزەکانی ئەمنیشیان لەنێودابوو.

پارێزگای زیقار بە چەقی چالاکییەکانی خۆپیشاندانی ناڕەزایی دادەنرێت لە عێراق کە دانیشتووانەکەی زیاتر لە دوو ملیۆن کەس دەبێت و ماوەی چەند ساڵێکە بەشێک لە دانیشتووانەکەی دژبە خراپ ئیدارەدانی پارێزگاکە و خراپی خزمەتگوزاری گشتیی و کەمی هەلی کار خۆپیشاندان ئەنجام دەدەن.

بەپێی داتاکانی وەزارەتی پلاندانانی عێراق، رێژەی بێکاری لە وڵات لە ساڵی ٢٠٢٠دا بەرزبووەتەوە و گەیشتووەتە ٣١.٧ لەسەدا، لە کاتێکدا لە ساڵی ٢٠١٨دا ئەو رێژەیە لەسەدا ٢٠ بووە.