ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

 

بە فەرمانی سەرۆکی ئەمه‌ریکا، سوپای ئەو وڵاتە هێرشێکی ئاسمانی چڕیان لە سووریا دژی چەکدارانی سه‌ر به‌ ئێران ئەنجامدا و پێنتاگۆنیش دووپات لە سەر ھێرشە ئاسمانییەكەیان بۆ سەر میلیشیاكانی سەر بە ئێران لە ڕۆژھەڵاتی سووریا ده‌كاته‌وه‌.

دوێنێ هه‌ینی 26ی شوبات، به‌پێی تویتێكی سێنتکام فەرماندەی ناوەندی ئەمه‌ریکا لەبارەی هێرشە ئاسمانییەکەیانه‌وه‌ لە سووریا له‌ تویته‌ر نوسیوویه‌تی، "بە فەرمانی جۆ بایدن سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا، هێزەکانی سوپای ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمه‌ریکا هێرشێکی ئاسمانییان دژی پێگەکانی ئەو گرووپە چەکدارانە لە ڕۆژهەڵاتی سووریا ئەنجامدا کە لەلایەن ئێرانەوە پشتگیریی دەکرێن."

ئاماژه‌ كراوه‌، "ئەم هێرشانە وەڵامێکە بۆ هێرشەکانی ئەمدواییە دژی کارمەندانی ئەمه‌ریکی و هاوپەیمانان لە عێراق و هەڕەشە بەردەوامەکانیان دژی کارمەندەکانمان. بەدیاریکراوی ئەم هێرشە بووە هۆی لەناو بردنی چەندان بنکە و بارەگای گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە ئێران وەک /کەتائیبی حیزبوڵا و کەتائیبی سەیدولشوهەدا/ لە خاڵێکی سنووری."

هه‌روه‌ها پێنتاگۆنیش دووپاتی لەوە كرده‌وه‌ كه‌ فڕۆكە جەنگییه‌كان چەندان ھێرشیان كردووەتە سەر میلیشیاكانی سەر بە ئێران لە ڕۆژھەڵاتی سووریا وەك وەڵامدانەوەیەك بۆ ھێرشی میلیشیاكان بۆ سەر كارمەندانی ئەمەریكایی لە عێراق و هه‌رێمی كوردستان.