ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

سه‌رۆكی ئیئتیلافی ده‌وڵه‌تی یاسا هۆشداری له‌هه‌وڵێك ده‌دات بۆ دابه‌شكردنی خاكی عێراق و دروستكردنی هه‌رێمێكی دیكه‌ی سه‌ربه‌خۆ و راشیده‌گه‌یه‌نێت، "خۆپیشاندانه‌كانی ناسڕیه‌ لێكه‌وته‌ی گه‌وره‌ی به‌دواوه‌یه‌".

نوری مالیكی سه‌رۆكی ئیئتیلافی ده‌وڵه‌تی یاسا رایگه‌یاند، به‌دواداچون ده‌كه‌ن بۆئه‌وه‌ی كه‌ له‌ پارێزگای زیقاڕ و ناوچه‌كانی دیكه‌ی عێراق روده‌دات، سه‌رجه‌م ئه‌و جموجۆڵانه‌ی پارێزگا جیاوازه‌كان پیلانێكن له‌دژی یه‌كپارچه‌یی و سه‌قامگیری خاكی عێراق و پرۆسه‌یه‌كی گۆڕانكاری، به‌ڵام ناسریه‌ لێكه‌وته‌ی گه‌وره‌ی به‌دواوه‌یه‌.

وتیشی، "من پاڵپشتی داوا ڕه‌واكانی خۆپیشانده‌رانم نه‌ك له‌یاسا ده‌رچوه‌كان، هیوادارم حكومه‌ت ئه‌و داواكاریانه‌ به‌هه‌ند وه‌ربگرێت و هه‌لیكار بڕه‌خسێنێت، له‌هه‌مانكاتیشدا له‌گه‌ڵ حكومه‌ت و له‌پاڵ ده‌زگا ئه‌منی و هێزه‌كانی ده‌وڵه‌ت ده‌وه‌ستم نا سوكایه‌تیان پێنه‌كرێت، گه‌یشتوینه‌ته‌ قۆناغێك كه‌ ئێستا ده‌وڵه‌ت هیچ پێگه‌ و به‌هایه‌كی نیه‌ و داواكاری خۆپیشانده‌رانیشی تێدا ره‌چاو نه‌كراوه‌".

نوری مالیكی ئاشكرایكرد، "من پێموایه‌ له‌ناسریه‌ سه‌نته‌رێكی پلان داڕێژراو هه‌یه‌ بۆئه‌وه‌ی بارودۆخێكی هاوشێوه‌ی ناساندنی ڕاگه‌یاندنی هه‌رێم بێته‌ئاراوه‌، ئه‌مه‌ش بۆ دۆخی عێراق و سه‌قامگیری باشور و ناوه‌ند مه‌ترسیداره‌ و هیوادارم گه‌نجه‌كانمان كه‌ خۆپیشاندان ده‌كه‌ن گرنگی به‌م خاڵه‌ بده‌ن، ده‌زانم كه‌ ئه‌وان ئه‌و حاڵه‌ته‌یان ناوێت، به‌ڵام لایه‌نی ده‌ره‌كی دنه‌ی ئه‌م بابه‌ته‌ ده‌ده‌ن".