لە مووسڵ ئامادەكاری بۆ پێشوازیكردن لە پاپای ڤاتیكان دەكرێت. ھاووڵاتییانی مووسڵ بە رووداوێكی مێژوویی ناوی دەبەن و دەڵێن یەكەمجارە لە مێژووی عێراق كەسایەتییەكی گرنگی وەك پاپا سەردانی عێراق و مووسڵ دەكات، ئەوەش بە ھەنگاوێكی گرنگ دەزانن.
بەشێك لە پێكھاتە جیاوازەكانی مووسڵیش پێیانوایە ئەم سەردانەی پاپا فرەنسیس پێكەوە ژیان و برایەتی نێوان پێكھاتەكان زیاتر بەھێز دەكات.
سائیب عهدنان، بهرپرسی خزمهتگوزاری لە شارهوانی مووسڵ رایگەیاند: ئەم شوێنە ھەمووی پاكدەكرێتەوە، لە خۆشی ھاتنی پاپا. كارەكانی ئێمە بۆ ماوەی ھەشت رۆژ بەردەوام دەبێت، چونكە شوێنی زۆر ھەیە خاوێن بكرێنەوە و پاشماوەی زۆر ماوە لاببردرێن، چونكە پێش ئێستا لابردنی قەدەغەكرابوو، بەڵام ئێستا بە یارمەتی ئێمە و بەڕێوەبەرایەتی شوێنەوار شوێنەكە نوێ دەكرێتەوە".
ھەروەھا قهس رائید عادل، بهرپرسی كهنیسهی مووسڵ رایگەیاند: ئەم سەردانە مێژووییە، چونكە لە مێژووی عێراق یەكەمجارە پاپا سەردانی ئێرە دەكات، سەردانەكە گرنگە و چاوەڕێین و زۆر دڵخۆشین، پاپا پیاوی ئاشتییە و ھیواخوازین ئاشتی و ئارامیی و برایەتی لە مووسڵ بێتە ئاراوە و ھەموو عێراق بە گشتی ئارامی بەخۆشیەوە ببینێت".