ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

ڕێگای کوردستان-ئاودێر

دواى نزیکەى سێ مانگ گفتوگۆ لەنێوان کوتلە سیاسییەکانى عێراق هێشتا هیچ بۆچوونێکى هاوبەش لەسەر تێپەڕاندنى پڕۆژەیاسای بودجەى گشتى ئەمساڵى عێراق لە ئارادا نییە و پەیوەندییە ناوخۆییەکانى شیعە و رێککەوتنى هەولێر و هێزە سیاسییەکانیش بەتایبەتى کوتلە گەورەکانى پەرلەمان بە هەڵپەسێردراوى ماونەتەوە.

پڕۆژە یاسای بودجەی 2021ی عێراق، دواى رێککەوتنى هێزە سیاسیە حکومڕانەکان لە ئەنجوومەنى وەزیرانى عێراق، کۆتایی ساڵی رابردوو ڕەوانەی پەرلەمان کرا، لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق لەماوەى دوو هەفتەدا راپۆرتی کۆتایی لەبارەی پڕۆژەکەوە ئامادە کرد و پێداچوونەوەش بە کۆی پڕۆژەکەدا کرا، بەڵام بەهۆى ناکۆکیەکانەوە تائێستا دەنگى لەسەر نەدراوە.

ئەگەرچی بەردەوام باس لەبەرەوپێشووچوونى پڕۆژەکە و نزیکبوونەوە لە وادەى دەنگدان لەسەرى دەکرێت، بەڵام بەگوێرەى زانیارییەکان ناکۆکییەکان تادێت زیاتر دەبن و جگە لە کوتلە گەورەکانیش، چەندین هێز و کوتلەى دیکەى پەرلەمانى لەگەڵ تێپەڕاندنى بەشیکى زۆرى ئەو بڕگانەدا نین کە پڕۆژەکەى لەسەر بنیاتنراوە، ئەمە لەکاتێکدایە کە هەموو ئەو هێزە سیاسییانەى کە ئێستا لەرێگەى کوتلە پەرلەمانییەکانیانەوە لە ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراق ناڕازین و نایانەوێت پڕۆژەکە تێپەڕێت، لە ئەنجوومەنى وەزیرانى عێراق کۆک و تەبا بوون لەسەرى.ا

لەدواین دیداریدا لەگەڵ میدیا ناوخۆییەکان، فواد حسێن وەزیری دەرەوەی عێراق ئەگەرچی جەختى لەوە کردەوە کە بەم نزیکانە وەفدی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەگەڕێتەوەو بەغدا، بەڵام باسی لەوەشکرد کە کێشە لەنێوان حکومەتى هەرێمى کوردستان و حکومەتى عێراق لەسەر بودجە هێشتا هەیە.

بەگوێرەى زانیارییەکان تاکە هۆکارى پشت تێنەپەڕاندنى پڕۆژەیاسای بودجەى ئەمساڵى عێراق هەرێمى کوردستان نییە، بەپێچەوانەوە ناکۆکییەکى توند لەنێوان کوتلە شیعییەکان لەناو خۆیاندا لەگەڵ مستەفا کازمى سەرۆک وەزیرانى عێراق هەیە، ئەمە جگە لەوەى بەردەوام ناکۆکییەکانیان لەگەڵ هەرێمى کوردستان هەڵبەز و دابەز دەکات و هەر هێزێک جۆرێک لە تێڕوانینى بۆ مادەکانى 11 و 12ى تایبەت بە هەرێمى کوردستان هەیە.

بەگوتەى حەسەن شاکر کەعبی، سەرۆکی فراکسیۆنی بەدر لەپەرلەمانی عێراق، سێ پێشنیارى نوێ خراونەتە بەردەم وەفدى حکومەتى هەرێمى کوردستان، بەڵام سەرجەمیان ڕەتکراونەتەوە، ئەو ئەندامەى پەرلەمانى عێراق ڕوونى دەکاتەوە کە پێشنیارەکان بریتی بوون لە فرۆشتنی نەوتی هەرێم لەڕێگەی کۆمپانیای سۆمۆوە و ڕادەستکردنی 250 هەزار بەرمیل نەوت بە بەغدا. یاخود ڕادەستکردنی تەواوی کێڵگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان، لەبەرانبەردا بەغدا قەرزی کۆمپانیاکانی نەوت و وڵاتانیش دەداتەوە کە ئێستا لەسەر هەرێمی کوردستانە، پێشنیارى کۆتاییش رادەستکردنی پاڵاوتگەکانی نەوت و هەر گەڕانێکی نوێیە بۆ نەوت.

لەپاڵ ئەم پێنیارانەشدا کۆمەڵێک کوتلەى دیکەی پەرلەمانى پێشنیارى خۆیان هەیە، بۆ نموونە کوتلەی "نەهجی نیشتمانی" لە پەرلەمانی عێراق داواى ئەنجامدانى 40 گۆڕانکاری لە پرۆژە یاسای بودجەی 2021دا دەکەن و ئەوەشیان کردوە بە مەرجی دەنگدان لەسەر پرۆژە یاساکە، لە یەکێک لە بڕگەکاندا داوا دەکرێت هەرێم ناچار بکرێت رۆژانە 460 هەزار بەرمیل نەوت رادەست بکات.

ئەگەرچی بڕیارە بۆ جارى پێنجەم وەفدى حکومەتى هەرێمى کوردستان سەردانى بەغدا بکاتەوە، بەڵام بەگوتەى سەمیر هەورامی وتەبێژی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران و سەرۆکی وەفدی دانوستانکاری حکومەتی هەرێم بۆ بەغدا، ئەوان ئێستا چاوەڕێن بژاردەی نوێی لایەنەکان لەلیژنەی دارایی بنوسرێتەوەو بەڕەزامەندی هەرێم دەنگی لەسەربدرێت.

هەرچەندە ئێستا لیژنەى دارایی پەرلەمانی عێراق لە قۆناغى رەشنووسی دووەمی پڕۆژەکەیە بەهۆى ئەو ناکۆکیی و داستکاریانەى کە هەبوون، بەڵام بە گوتەى پەرلەمانتارێکی هاوپەیمانی سەدر، جگە لەو کێشانەى پێشتر هەبوون، کێشەی نوێ لە ناو پرۆژەی بودجەی عێراق سەریهەڵداوە، ریاز محەمەد باس لەوە دەکات کە ئێستا بەهۆی بەرزبونەوەی نرخی نەوت کێشەی نوێ هاوتەریب لەگەڵ پشکی هەرێم سەریهەڵداوە، "هەندێک دەیانەوێت نرخی نەوت بەرز بکرێتەوەو بەشێکی پەرلەمانتارانیش داوای ئەوەدەکەن نرخی دینار ئاڵوگۆڕی تێدا بکرێت بە جۆرێک 100 دۆلار یەکسان بێت بە 130 هەزار دیناری عێراقی".

ناکۆکییەکان و کێشە دیارەکانى بەردەم پڕۆژەیاسای بودجەى ئەمساڵى عێراق تا ئێستا بەچارەسەرنەکراوى ماونەتەوە، بەگوتەى بەشێک لە ئەندامانى ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراق لیژنەى دارایی نایەوێت پڕۆژەکە بەتەواونەکراوى و بەبێ رێککەوتنى کوتلە دیارەکان بنێرێتە پەرلەمان، چونکە بڕیاردراوە بەبی بوونى رەزامەندى پێکهاتەکانى کورد، شیعە و سوونە دەنگ لەسەر پڕۆژەیاساکە نەدرێت، بەتایبەتى کە عێراق لەبەردەم هەڵبژاردنى پێشوەختەدایە و هەر جۆرە هەنگاوێکى لەو شێوەیە دۆخى عێراق هێندەى دیکە ئاڵۆز دەکات.