ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

لە فارسییەوە: ئەرسەلان حەسەن

  ئایدیای کۆمۆنیستی لە سەردەمی سەرمایەی بەجیهانی بوو، بە کوێ گەیشتوە؟    

ڕۆژنامەی لۆمۆند دیپلۆماتیکی فەڕەنسی ئەم چاوپێکەوتنەی لەگەڵ ئالان بادیۆی فەیلەسوفدا ئەنجامداوە، کە سەرلەنوێ »شیعری ڕادار «(گالیمارد)، نامیلکەیەکی دەربارەی بەرهەمی شاعیرانەی ئاراگۆن بڵاو کردوەتەوە و ئەمەش بوەتە هەلێک بۆ چاوپێکەوتن و دواندنی لەمەڕ شاعیر و پرسیارلێکردنی دەربارەی کاری هەنوکەی.

دەکرێت بە باشی سەرسام بیت بە خوێندنەوەی درەنگوەختی شیعرەکانی ئەراگۆن لە لایەن ئالان بادیۆی فەیلەسوفەوە. ئێمە دەمانزانی بادیۆ بە شێوەیەکی بنەڕەتی ئاشنایە بە شیعرەکانی (مالارمێ)، بەڵام بە چاوخشاندنەوەی وردتر، لۆژیکێک دەردەکەوێت: بە کورتی، ئەم لۆژیکە لە هێڵی ڕەوتی فیکری بادیۆ، سەرچاوە لە سۆسیال دیموکراسی (چەپ) تا کۆمۆنیزم دەگرێت. تێکڕای لەبەر تیشکی جووڵانەوەی مانگی ئازاری (68). ئەمڕۆ ئالان بادیۆ هەوڵ دەدات بزانێت چۆن ئاراگۆن شاعیری »ئۆرگانیزە کراوە«. بادیۆ لەمبارەیەوە سێ پابەندبوون لە کاری خۆی دیاری دەکات: سیاسەت، عیشق و هونەر، کە هونەر »هۆ - بیرۆکە«ی سەرەکییە، لە کاتێکدا سیاسەت و عیشق »توخمەکان - هۆ« و بەدیاریکراویی حیزبی کۆمۆنیستی فەڕەنسا و ئەلیزا تریۆلە (هاوسەری ئاراگۆن)ن.

ئالان بادیۆی فویلەسوف و شانۆنامەنووسی فەڕەنسی، لە (17ی کانوونی دوەمی 1937) لە مەراکیش (ڕیبات) لە دایک بوە. پرۆفیسۆری دیاری قوتابخانەی باڵای فەڕەنسا و دامەزرێنەری سەنتەری نێودەوڵەتی توێژینەوەی فەلسەفەی هاوچەرخی فەڕەنسایە. بادیۆ لە ساڵی (1988)، کۆمەڵەی فەلسەفی »بوون و پێشهات«ی بڵاو کردەوە. کتێبی »سارکۆزی ناوی چ شتێکە؟« بە هەموو خەڵکی ناساند. بادیۆ لەگەل جۆرج ئاگامبێن و سڵاڤۆی ژیژەک، بە گرینگترین ڕەخنەگرانی ڕەوتی پۆست مۆدێرنیزم ئەژماردەکرێن.

 * چی هانیدای جارێکی دیکە بەدیقەتەوە لە بەرهەمە شیعرییەکانی ئاراگۆن بکۆڵییەوە؟ زیاتر چاوەڕوان دەکرا باسی مالارمێ بکەی، پێشداوەرییەکان سەگمەرگن.

ئالان بادیۆ: پێشداوەری زیاتر ئەوەیە بۆ  ئاشنابوون بە ئاراگۆن، دەبێت مالارمێ بخەینە لاوە! من ماوەیەکی زۆر کارم لە سەر مالارمێ کردوە و زۆر بابەتم دەربارەی نووسیوە، بەڵام کە زۆر ئاشنای هۆگۆم، بەردەوام وتەکانیم دەهێنایەوە. دوو جۆر شاعیر لە زمانی فەڕەنسییدا بوونی هەیە: کەسانێک کە لە هەستەکانەوە بە ئەبستراکت دەگەن، چونکە مالارمێ کە دەڵێت، لە هەموو گوڵە هەستیارەکان »ئامادەنەبوونی هەموو چەپکە گوڵەکان «هەڵدەهێنجرێت. کەسانێک کە لە زمان، چەمک یان گێڕانەوە، هەبوونێکی تەواو هەستیار پێک دەهێنێت، وەک هۆگۆ کە لە دوورەوە »دڕکە شینەکانی نێو لم« دەنووسێ. بێ گومان ئاراگۆن دەکەوێتە پەنا هۆگۆوە. لەگەڵ ئەوەشدا، ئەوە بۆ من دۆزینەوەیەکی نوێیە: بە ئاشنابوونی تا سنوورێک هاوکاتی شیعرەکانی لە تاریفکردنی حیزبی کۆمۆنیست وەک »چۆن ئاوەکە ڕوون دەبێتەوە«، من لە گەورەیی تەواو ڕەسەنی »ئاراگۆن« گەیشتووم و بە شێوەیەکی سیستماتیک دەستم بە خوێندنەوەی کردوە.

* چۆن بیرت لەوە کردەوە کە شیعری ئاراگۆن بۆ  »بازدانی سەرەتایی« پێویستی بە هۆیەکە؟

ئالان بادیۆ: بە پێچەوانەی ئەوەی هەندێک جار کاتێک پەسەندبوون یان پەسەندنەبوون لە دەرفەتخوازیی یان هەڤیازی ئاراگۆن وتراوە، من کاتێک ئەوە دەخوێنمەوە، هەمیشە وا هەستدەکەم، پێش شیعر، هەستێک، کێشەیەک، ئازارێک، دڵنیاییەک، دەرفەتێک کە نابێت لە دەستی بدات گینگڵ دەدات. من دەمویست بەجۆرێک بەڵگەی ڕاستەقینەی ئەم پاڵنەرە دەروونیانە دەستنیشان بکەم و دیتم بێجگەلە خودی شیعر دوو سەرچاوەی پتەو هەیە، کە کێشەترین و مانادارترین هەستەکانییەتی و ئەو بە پێداگرییەوە بۆیان دەگەڕێتەوە: حیزبی کۆمۆنیست و ئەلیزا تریۆلە. بە سوودوەرگرتن لە لاکان ئەم دوو بابەتەم ناو نا »شتەکان – هۆی ئاواتخواستن (شیعر)«. پێم وایە ئەم میتۆدە بەردارە. لەگەڵ ڕووبەڕووبوونەوە بە شیعری تاریفکردنی حیزبی کۆمۆنیست (چۆن ئاوەکە پاک کرایەوە)، من لە گەورەیی تەواو ڕەسەنی »ئاراگۆن« گەیشتم.

* لە »ڕاداری شیعری« دەنووسی: باڵی نائومێدی ڕێگا بۆ کۆمۆنیزم دەکاتەوە«. ڕێک مەبەستتان چییە؟   

ئالان بادیۆ: من هەمیشە تێبینیم کردوە کە هەژارترین و هەڕەشەلێکراوترین بەشەکانی کۆمەڵگا کەسانێکن کە زەقترین شایەتحاڵی پەیوەست بەهاوکاریی و هاوپێوەندیی بەرامبەریان دۆزیوەتەوە. نائومێدییەک کە بە هاوبەشی ئەزموون دەکرێت، تا ئاستێکی زۆر کڕووزانەوە کەم دەکاتەوە. کەواتە، دەبێت لە یادمان بێت کە »کۆمۆنیزم« هەڵگری »کۆمۆن«ە، واتا کاری هاوبەش. بێجگەلەوە، بایکۆتی سەرکەوتوانەی کرێکاران بایکۆتکردنێکە کە کرێکاران بە پێی هاوبەشییەکەیان، پێکەوە گرێ دەداتەوە: شوێنی کار، چەرخە و زنجیرەی بەرهەمهێنان، خێرایی، ناوەکیەکی بەرنامەبۆدانراوی حەقدەست، تەنانەت بۆ کاری وەکیەک و هتد. بۆیە کاتێک من لە ناوەڕاستی حەفتاکانی سەدەی ڕابردوو بۆ کرێکارانی کارگەی شوسو لە ژن ویلیە باسی میکانیزمەکانی بەهای زێدەباییم دەکرد، باش تێم دەگەیشتن، چونکە ئەمکارە بەئەزموونێکی هاوبەش، ئاماژەی بە شێوەیەکی هاوبەش کردبوو کە بەکاری زیادە ئەنجامدراوە. لە بایکۆتکردنەوە تا مارکسیزم و بە پێچەوانەوە. نائومێدی هاوبەش، ڕەوتی خوولانەوە ئەنجام دەدات.

* حیزبی کۆمۆنیست بۆ ئاراگۆن »شاعیرانە«یە. کەوایە چیدی ڕێکخراوێکی سیاسی نییە. ئەدی چییە؟

ئالان بادیۆ: بەڵێ، بۆ ئاراگۆن، کە بەقایم دەڵێت »حیزبی من«، حیزبی کۆمۆنیست پاشخانێکە، پشتگیرییەکە، لە عەقڵییەتێکی چالاکەوە. ئەم حیزبە خاوەن ئەو دەسەڵاتەیە، کاتیک سوبێکت – ئاراگۆن وەک بەشێک لە خۆی، هاوشێوەی ماڵ »خۆی« دەچێتە ناوییەوە، دەتوانێت کێشەکان چارەسەر بکات، بە سەر پارادۆکسە کەسییەکاندا زاڵ بێت، وەک نموونە (»حیزبەکەی من ڕەنگەکانی فەڕەنسای بۆ گێڕامەوە«)، دژبەرییەکی ئاشکرا لە نێوان پابەندبوونی ئینتەرناسیۆنالیست و نیشتمانپەروەریی بەرخۆدانی هەیە. هەر بۆیە دەکرێت ئەم چوارینە شکۆدارە هەبێت کە حیزب، بۆ سوبێکت – ئاراگۆن، لوتکەی خەون، هەست، مەستی، بۆن و سەرەنجام ژیانە بەو شێوەیەی کە هەیە:

سڵاوتان لێ بێت (حیزب)، قەقنەسی نەمری خەونەکانی ئێمە، سڵاوتان لێ بێت ڕەنگی دڵ، وزەی شەڕاب، بۆن کاتێک شنەبا هەڵ دەکات و ژیان لە باوەش دەگرێت.

* با سەیری هەواڵە گەرمەکانی هەنوکە بکەین. کۆمۆنیزم، »هۆ - بیرۆکە« کۆمۆنیستی لە سەردەمی سەرمایەی بەجیهانی بوو بەکوێ گەیشتوە؟ ئایا پێداناگریت لە سەر  ئەوەی بە »پڕۆلیتاریای ئاوارە« دەیخوێنییەوە؟ 

ئالان بادیۆ: تا ڕادەیەک بیرۆکەی کۆمۆنیزمی لە سەرەتای قۆناغی سێیەمی خۆی دایە: یەکەم، دوای داهێنانی، لە نێوان دەیەکانی (1840) و کۆتایی سەدەی (19)، بەناوی مارکس دەناسرێت. دوەم، لە نێوان شۆڕشی (1917) و دەیەی (1960، 1970)ی سەدەی بیستەم، بۆ یەکەم جار لە قاڵبی دەوڵەت – حیزب، لەوانە لە ڕووسیا و پاشان لە چین، بەناوی لینین بەرجەستە دەبێت، سەرەنجام، قۆناغی سێیەم، بریتییە لە کۆتایی سەدەی بیستەم و سەرەتای سەدەی بیستویەکەم، پلانێک هێشتا زۆر نادیار لە کۆمۆنیزمێکی بەدوورکەوتنەوە لە دەوڵەت و کارا لە قووڵبوونەوەی ئەم دوورکەوتنەوەیە بە مەبەستی کەمکردنەوەی دەسەڵاتی دەوڵەت، کە تەنها ئەزموونەکەی، بە هەمان ڕادە لە خۆڕانەگری و لاوازیی و لەرزۆکی، »کۆمۆنی پاریس«، شۆڕشی کەلتووریی لە چین و لوتکەکەی کۆمۆنەی شانگهای. کەواتە سیمبۆلی ماو بۆ ناونانی سێیەمین قۆناغ پڕبەپێستییەتی. چالاکی بە ئاقاری قۆناغی سێیەم، وەک شتەکانی دیکە، هەر چەند زیاتر کارکردن، نزیک لە ئاستی جیهانی، بازاڕی جیهانی و خۆلادان لە داوی ناسیۆنالیزم. لەم بوارەدا، فۆکس خستنەسەر تایبەتمەندییەکانی جیهانی بازاڕی هێزی کار، لە گرینگییەکی نا ئاسایی بەهرەمەندە، بە لە بەرچاو گرتنی ئەم ڕاستییەی کە تەنانەت لە فەڕەنسا بەشێکی جێگا سەرنج لە پڕۆلیتاریا، بەڕەچەڵەک فەڕەنسی نین و خولانەوەی کاڵا و دراو تەواو بەجیهانی بوە. بۆیە من باسی پڕۆلیتاریای ئاوارە دەکەم.

* ئایا بیرۆکەی کۆمۆنیستی جێگرەوەیە بۆ تەنها بژاردەی شیاو و »بڕواپێکراو«، کە دەخرێتەڕوو: شوێنکەوتنی بەردەوامی سەرمایەداری؟

ئالان بادیۆ: هەرگیز بێجگەلە کۆمۆنیزم هیچ بژاردەیەکی دیکە بۆ سەرمایەداری بوونی نەبوە. هەرگیز لەمەودوا بابەتی دەرکەوتوو شتێک زیاتر لە بگۆڕێکی هەموارکردنی سەرمایەداری نەبوە، گۆچانێک بۆ سەردەمی قەیران و کێشە ناوخۆییەکان.

ئەوەی ئەمرۆ ڕێگاکان تێک دەدات، پەڕینەوەی زۆر ئاڵۆزە لە قۆناغی دوەم لەگەڵ تەوەرییبوونی دەوڵەت–حیزب بۆ قۆناغی سێیەم کە دەبێت لەم تەوەرییبوونە دوور بکەوێتەوە و بۆ کێشە خودییەکانی کۆمۆنیزم بگەڕێتەوە: کۆتایی سیستمی کرێی دەستی. کەمبوونەوەی دەوڵەت، کۆتایی »جیاوازییە گەورەکان«، هاوشێوەی ئەوەی لە نێوان کاری دەستی و کاری هزریی یان لە نێوان کارەکانی جێبەجێکردن و ئەرکەکانی بەڕێوەبەرییە ... پێویستە هەموویان بۆ تەوەری هەنگاوە کۆمۆنیستییەکان بگەڕێنرێنەوە، هاوکات، بەدروشمی سڕینەوەی خاوەندارییەتی تایبەتی هەموو ئەوانەی پێمان وایە بەهای هاوبەشی هەموانە. هاوکات ئەنجام بە بێ هەڵپەساردنی بەردەوامییان. 

* ئایا هێشتا وادەزانی ئێمە لە هەڵبژاردنەکان، »نووێنەرانی دەسەڵاتی باڵادەست« هەڵدەبژێرین؟

ئالان بادیۆ: بێ گومان، لە ئاستی حکوومەت و بەڕێوەبردنی گشتی. ناوی سەرۆک کۆمارێک بهێنە کە بەڕێوەبردنی نەزمی بۆرژوازیی سەقامگیر نەکردبێت ! میتەران، کە لە ساڵی (1981) بۆ بەرنامەیەکی دیکە هەڵبژێردرا، لە سەرەتای ساڵی (1983) پیشانیدا کە بێ شک پشتگیری لە گەڕانەوە بۆ نەزمی سەرمایەداری دەکات. ئەوە لە بەرچاو بگرە کە لە ساڵی (1986) بوو حکوومەتەکەی شیراک (بە سەرۆکایەتی کۆماری میتەران –و.ف) شتێکی دروست کرد وەک نووسینگەی ناوەندی بەتایبەتیکردن کاری دەکرد ! بیرخۆمانی بهێنینەوە جۆسپین (سەرۆک وەزیرانی سۆسیالیستی شیراک لە باڵی ڕاست.و.ف) بە لەخۆباییەوە بە کرێکارانی مانگرتووی میچلانی دەوت: (چما بڕیارە بۆ ئابووری بەڕێوەبراو بگەڕێینەوە !) بێجگەلەوە، ئەگەر ئەوە نەدەبوو، وای دابنێین چۆن فەڕەنسا دتوانێت بە بێ کێشە پشتگیری لە بازاڕی جیهانی بکات کێشە بوو. هەڵبەتە، ئێمە لە ئاستی سەرۆکی شارەوانی هەندێک هەنگاو دەبینین، بەڵام تەنانەت ئەوەش دیار نامێنێت: سەیرکە، ئەوەی دەربارەی پێشەسازی فراوان لە دەوروبەری پاریس ڕوو دەدات ... هیچ مەیل و خواستێکی کۆمۆنیستی بنەڕەتی لە چوارچێوەی دیموکراسی پەرلەمانی بوونی نابێت. پێویستە ئێمە چالاکانە بۆ بێمتمانەکردنی هەڵبژاردنی وا دەست بەکار بین و ناڕەوابوونی بە ئاشکرای، بەڕە لە سەر کەمینەبوونی دەسەڵاتداران (CAC 40) (40 کۆمپانیای گەورە لە بۆرسی پاریس.وف) هەڵبدەینەوە.

* ئەمڕۆ پێوەندی تۆ لەگەڵ مارکس چۆنە ؟

ئالان بادیۆ: لە هەموو ڕوویەکەوە زۆر باشە. باشترین سەرەتا بۆ تێگەیشتنی گشتی لە کۆمۆنیزم، کورتە مێژووی خەباتی چینایەتی و دابەشکردنی سەرمایەداری (مانیفێستی حیزبی کۆمۆنیست)ە. هەروەها باشترین کتێب کتێبەکەی ماو، ڕێنماییەکانی خەباتی کۆمۆنیستی (کتێبی سوور)ە.   

* قەیرانی تەندروستی دەربارەی دونیایەک کە تێیداین، چمان پێ دەڵێت ؟

ئالان بادیۆ: لە حەقیقەتدا شتێکی زۆر ناڵێت. هەمیشە نەخۆشییە درمییەکان زیانیان بەکۆمەڵگای مرۆڤایەتی گەیاندوە. لە هەندێک دۆخدا خروێلکە، ملیۆنان کەسی کوشتوە و بەدۆزینەوەی ڤاکسین لە سەدەی هەژدەیەم بنبڕ کراوە. هەڵبەتە، بەجیهانیبوونی بازاڕی سەرمایەداری و هۆکارەکانی گواستنەوە لە نێوان کیشوەرەکان، بە خێراییەکی زۆر ڤایرۆسی گواستوەتەوە کە پێشتر بوونی هەر نەبوە. هەروەها هەڵبەتە، دواتر چینایەتی بەتەواوی دیارە، لە نێوان بۆرژوازی کە پەنا بۆ کەوێڵی هەواری خۆی دەبات و ڕووتونەدار بەتایبەت کتومت پڕۆلیتاریای ئاوارە، کە لە سەر شەقامەکانە یان لەگەڵ ئەوانی دیکە لە ماڵی قەرەباڵغی نیوە نهێنی دەژیین. لەگەڵ ئەوەشدا، هاوشێوەی بارودۆخەکانی شەڕ، هەر دەوڵەتێک هەوڵ دەدات نێوان مەترسییەکانی تەندروستی و بەردەوامی چالاکی ئابووری هاوسەنگ بکات. هیچ چارەسەرێکی خێرا بوونی نییە، بەتایبەت کە هێشتا ڤایرۆسەکە بەتەواوی نەناسراوە و لە ڕوانگەی زانستییەوە کۆنتڕۆڵ نەکراوە.

* ڕای تۆ دەربارەی ترەمپ و دوای ترەمپ چییە ؟

ئالان بادیۆ: ترەمپ سیمبۆلی نەخۆشی پەرلەمانگەرایی یان وردتر لەو واقیعیەتەوە هاتوە کە پەرلەمانتاریزم تەنیا لە کاتی بوونی دوو حیزبی کۆماریخواز و دیموکراتەکان، ڕاست و چەپ .. کارامەیە. ئەمڕۆ، کێشە ئەوەیە کە دەسەڵاتی سیاسی هێشتا نیشتمانییە، لە کاتێکدا واقیعیەتی ئابووری دەرئەنجامی چڕبوونەوەی سەرمایە، لە پێوەری جیهانیدا کاردەکات. ئەم پارادۆکسییە سەریکێشاوەتە ناسەقامگیری حیزبەکانی ناو پەرلەمانەوە، وەک نموونە، کە فەڕەنسا ڕکابەری ڕاستە لەگەڵ ڕاست تووندڕەوی بەدەسەڵات، لە کاتێکدا چەپ بارودۆخی هەڵوەشانەوە ئەزمووندەکات. لە ئەمریکا، بە هەمان شێوە، سەرکێشییەکی ڕاست تووندڕەوی توانی  »نوێنەری« ڕاستی ئاسایی بێت. ئێمە بەجۆرێک فاشیزمی هەڵبژاردنەکان یان دەمانەویت بڵێین، بەرەوڕووی فاشیزمێکی »دیموکراسی« بووینەتەوە، چونکە ئەم کارە لە ژێر هەڵبژاردنێکی ڕێکخراودایە. بارودۆخەکە دوای ترەمپ، لەگەڵ بایدن ڕەنگی هەڵبزڕکاوە، شتێک زیاتر لە گەڕانەوە بۆ دۆخی ئاسایی نییە، لەوانەیە نابەردەوام، چونکە پێگەی هەڵبژاردنەکانی ترەمپ لە ئاستێکی زۆر بەرزدا ماوەتەوە.

* هەندێک جار ئێمە باسی زۆر تووند دەربارەی »ژینگەی ئوستورەیی و ئەفسانەیی« دەبیستین. ئایا بەم مانایەیە کە لە ژینگەدا تەنیا لایەنی ئوستوورەیی بوونی هەیە؟

ئالان بادیۆ: لە ڕاستیدا پیرۆزیی دەربارەی بەڵاومسیبەتە لە ناکاوەکان، هەموویان ئایین بیردەهێنێتەوە. کچێکی زۆر گەنج کە بانگەشە بۆ سروشت دەکات (گرتا تونبێرگ) هاوشێوەی بێرنادت شەهر لود (قەدیس لە شاری پیرۆزی مەسیحی لە فەڕەنسا.و.ف)ە. لە ڕاستیدا بەرهەمهێنان تەنیا لە ژێر ڕێسای تێکڕای قازانج ئەنجام دەدرێت و لۆژیکی توندوتیژی سەنتڕاڵی خۆرانەگری سەرمایە بەرەوپێشی دەبات و بێ گومان تاڵانکەر و تێکدەری سەرچاوەکان، مادەی خۆراکیی، نەوت و هتدە، بەڵام تاکە ئەنجامێک کە دەتوانین وەری بگرین ئەوەیە جیهانی ژینگە یان کۆمۆنیستی دەبێت یان هەرگیز بەدی نایەت.

* چ جیاوازییەکی بنەڕەتی لە نێوان سەدەی بیستەم کە تێیدا لە دایک بووی، ئەم سەدە نوێیەیە دەبینی ؟

ئالان بادیۆ: سەدەی بیستەم سەدەی شەڕە جیهانییەکان بوو، کە هەموان بۆ ڕکابەرییکردنی ئیمپریالیزمە گەورەکان و شۆڕشە کۆمۆنیستییەکان هاندرابوون، بەڵام هاوکات ئومێد بە ڕزگاربوون و بنبەستەکانی دروست دەکرد. ئەم سەدەیە شتێکی ئەوتۆی دەربارەی سەرمایە نەگۆڕیوە، بەڵام دەبێت کۆمۆنیزم دووبارە نوێ بکرێتەوە، چونکە جیهانی هەنوکە (ڕەنگ)ی گشتی کەمتر لەباری بۆ ئازایەتی و زیاتر لەباری بۆ شێوە جیا جیاکانی بیر تاریکی هەیە.

https://www.akhbar-rooz.com