ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

 

ئەندامێکی پەرلەمانی عێراق رایدەگەیەنێت، هەرچەندە رەوتی سەدر بڕیاریداوە بەشداری هەڵبژاردنەکانی مانگی تشرینی یەکەمی ئەمساڵ نەکات، بەڵام لەماوەی داهاتودا و بەچەند قۆناغێک ئەو رەوتە بایکۆت دەشکێنێت و بەشداری هەڵبژاردنەکان دەکات.

خالید ئەسەدی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لەلێدوانێکدا ئاماژەی بەوەشکردوە، لەماوەی داهاتودا رەوتی سەدر بەچەند هەنگاوێکی "تاکتیکی" لەبڕیاری بایکۆتکردنی هەڵبژاردن دەکشێتەوە و  بەشداری هەڵبژاردنەکانی مانگی تشرینی یەکەمی ئەمساڵ دەکات.

ئاماژەی بەوەشکردوە، رەوتی سەدر خواستی بەشداریکردن لەهەڵبژاردنەکانی هەیە و چاوەڕێ دەکرێت ئەنجامی باشیش بەدەستبهێنن، بەڵام لەم کاتەدا چاوەڕێ دەکەن داوایان لێبکرێت بەشداری پرۆسەکە بن تاوەکو "بڵێن لەبەر ئێوە بڕیارماندا بەشداری هەڵبژاردنەکان بکەین".

16ی تەمموز موقتەدا سەدر لەپەیامێکی ڤیدیۆییدا بێبەریبونی خۆی لە حکومەتی ئێستا و پێشوی عێراق دەربڕی و رایگەیاند، بۆ قۆناغی داهاتو "من بەشداری هەڵبژاردن ناکەم، بەڵام هیوادارین خەڵکی باش و چاکسازییخواز لەهەڵبژاردنەکەدا سەرکەوتن بەدەستبهێنن".