ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

وەزیری پێشووتری دەرەوەی تورکیا باس لەوە دەکات، کوردەکان لە تورکیا مافی خۆیانە هەموو مافێکیان پێبدرێت.

عەلی باباجان سەرۆكی پارتی (دەوا) و وەزیری پێشووتری دەرەوەی تورکیا، لە وتارێکدا، داوای لە رەجەب تەییب ئەردۆغان، سەركۆماری توركیا کردووە، بڕیار لەبارەی زیندووکردنەوەی پرسی چارەسەری (پرۆسەی ئاشتی)، بدات.

باباجان رایگەیاندووە: راستە ئەردۆغان لە ساڵانی 2013-2015 پرسی چارەسەری هێنایە ئاراوە، بەڵام ئەو کەسانەی پاڵپشتی بوون لەو پرسە و لەگەڵیدا بوون، ئێستا خراونەتە زیندانەوە.

سەرۆکی پارتی دەوا پێی وایە پێویستە جارێکی دیکە پرسی چارەسەری لە ئەنقەرە و دیاربەکر (ئامەد) دەست پێبکاتەوە و هەڵسەنگاندنی بۆ بکرێت و بە بیر ئەردۆغان دەهێنێتەوە، کە ”تۆ لە سایەی پرسی چارەسەری بووی بە سەرکۆمار“.

عەلی باباجان جەختی لەوە کردەوە، کە هاووڵاتییانی کورد لە تورکیا مافی خۆیانە هەموو مافێکیان پێبدرێت، بەڵام ”بەداخەوە“ مافیان پێنەدرا و ئەمەشی بە کارێکی ”خراپ“ ناوبردووە.