ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا رایگەیاند، ئەگەر تاڵیبان تەواوی ئەفپانستان کۆنتڕۆڵ بکات و خەلافەت رابگەیەنێت تەنانەت یەک سەنت هاوکاری ئەفغانستان ناکەین.

هایکۆ ماس، وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا لەبارەی دۆخی ئێستای ئەفغانستان و پێشڕەوییەکانی چەکدارانی تاڵیبان رایگەیاند: ئەگەر تاڵیبان ئەو وڵاتە بەتەواوەتی کۆنتڕۆڵ بکات و خیلافەت رابگەیەنێت، ئەڵمانیا سەرجەم هاوکارییە داراییەکانی بۆ ئەو وڵاتە رادەگریت.

ئاشکراشیکرد، ئەڵمانیا ساڵانە (430) ملیۆن یۆرۆ پێشکەشی ئەفغانستان دەکات.

هایکۆ ماس جەختی کردەوە، ئەگەر چەکدارانی تاڵیبان کۆنتڕۆڵی ئەفغانستان بکەن، ئەوا ئەڵمانیا تەنانەت یەک سەنتیش هاوکاری ئەفغانستان ناکات و سەرجەم هاوکارییەکانیان رادەگرن.

هەروەک باسی لەوەکرد، ئەفغانستان بەبێ هاوکارییە نێودەوڵەتییەکان ناتوانێت لەسەر پێی خۆی بوەستێت بۆیە تاڵیبان ناچار بە هاوکاری نێودەوڵەتی دەبێت.

وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا پێشبینی ئەوەشی کرد، شتێک رونادات بەناوی کۆنتڕۆڵکردنی تەواوی ئەفغانستان لەلایەن تاڵیبانەوە، بەڵکو چاوەڕێ دەکرێت تاڵیبان داوا بکات ببێت بەبەشێک لە حکومەت و ئیدارەی ئەو وڵاتە.

ئەو وتانەی وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا لە کاتێکدایە، پێشڕەوییەکانی چەکدارانی تاڵیبان بەردەوامە و ناوەندی (10) ویلایەتیان خستۆتەوە ژێر کۆنتڕۆڵی خۆیان.