ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

 

ماوه‌ی چه‌ند رۆژێكه‌ ئاگرێكی گه‌وره‌ دارستانه‌كانی جه‌زائیری گرتووه‌ته‌وه‌ و به‌هۆیه‌وه‌ چه‌ندین هێكتار دارستان بوونه‌ته‌ خه‌ڵووز و ژماره‌یه‌كی زۆریش ئاوه‌دانی چۆڵ كران.

به‌ گوێره‌ی میدیا جه‌زائیرییه‌كان، دانیشتووانی ناوچه‌ی "تیزی وزو"، به‌تۆمه‌تی سووتاندنی دارستانه‌كان، گه‌نجێكیان له‌ده‌ست پۆلیس هێناوه‌ته‌ ده‌ر و كوشتوویانه‌، به‌ڵام دواتر ده‌ركه‌وتووه‌ ئه‌و گه‌نجه‌ بۆ پێشكه‌شكردنی هاوكاری و یارمه‌تیدانی خه‌ڵكه‌كه‌ چووه‌ته‌ ناوچه‌كه‌ و خۆیشی چالاكوانی ژینگه‌ و میوزیكژن بووه‌.

به‌هۆی ئاگره‌كه‌ی جه‌زائیر تا ئێستا 69 كه‌س گیانیان له‌ده‌ستداوه‌ كه‌ 20یان سه‌ربازن بۆ هاوكاری و رزگاركردنی گیانی هاووڵاتیان چوونه‌ته‌ شوێنه‌كه‌.

گرته‌ ڤیدیۆیی ساتی كوشتنی ئه‌و گه‌نجه‌ كه‌ ناوی "جه‌مال بن ئیسماعیل"ـه‌، به‌ شێوه‌یه‌كی به‌رفراوان له‌سه‌ر ئاستی ته‌واوی وڵاتانی عه‌ره‌بی بڵاوبووه‌ته‌وه‌، به‌ گوێره‌ی زانیارییه‌كانیش رووداوه‌كه‌ له‌ شاری "ئه‌ربه‌عا نایت ئیراپن" روویداوه، كه‌ یه‌كێكه‌ له‌ ناوچه‌ زیانلێكه‌وتووه‌كانی ئاگره‌كه‌ له‌ ویلایه‌تی "تیزی وزو".

ناوچه‌كه‌ ده‌كه‌وێته‌ باكووری وڵاتی جه‌زائیر و نزیك كه‌ناراوه‌كانی ده‌ریای ناوه‌ڕاست، كه‌ وه‌ك پشتێنێكی سه‌وزایی ژینگه‌یی وڵاتی جه‌زائیر كار ده‌كات.