ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

لە گەڕەكێكی ئەنكەرە، ژمارەیەكی زۆری هاووڵاتییانی توركیا هێرشیان كردە سەر پەنابەرانی سووریا ، زیانی زۆریان بە دوكان و ئۆتۆمبێلەكانیان گەیاند.

گرتە ڤیدیۆیەك لە میدیا عەرەبییەكاندا بڵاو كراوەتەوە، كە دەردەكەوێت ژمارەیەكی زۆری هاووڵاتییانی توركیا بە شەو هێرش دەكەنە سەر ژمارەیەك لە پەنابەرانی سووریا كە لە ناوچەی ئاڵتینداغی ئەنكەرەی پایتەختی توركیا نیشتەجێن.

لەمبارەیەوە میدیا عەرەبییەكان بڵاویان كردووەتەوە ئەم هێرشەی توركەكان گوایە لە وەڵامی كوشتنی گەنجێكی توركە لەسەر دەستی پەنابەرێكی سووری لە ئەنكەرە، دوای ئەوەی بە چەقۆ هێرشی كردبووە سەر و كوشتبووی.

هاووڵاتییانی ئەنكەرە لە هێرشەكەدا، بازاڕ و دوكان و ئۆتۆمبێلەكانی پەنابەرە سوورییەكانیان تێكشكاندووە، بەم هۆیەوە پۆلیس گەیشتووەتە شوێنی ڕووداوەكە و ژمارەیەك لە توركە هێرشبەرەكانی دەستگیر كردووە.