ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

بەڕێوەبەری گشتیی بەرهەمە نەوتییەكانی وەزارەتی نەوتی حكومەتی عێراق رایدەگەیەنێت، هیچ رێككەوتنێك بۆ ناردنی بەنزین و گازوایل بۆ شارەكانی هەرێمی كوردستان نەكراوە.

رۆژی چوارشەممە 29ی ئبای 2018 عەلی سەباح، بەڕێوەبەری گشتیی بەرهەمە نەوتییەكانی وەزارەتی نەوتی حكومەتی عێراق بە یەكێك لە میدیاكانی هەرێمی كوردستانی راگەیاندووە، "هیچ رێككەوتنێك لە نێوان بەڕێوەبەرایەتی بەرهەمە نەوتییەكانی و دابەشكردنی بەرهەمە نەوتییەكانی عێراق لەگەڵ هەرێمی كوردستان بۆ ناردنی بەنزین و گازوایل نەكراوە".

بەڕێوەبەری گشتیی بەرهەمە نەوتییەكانی وەزارەتی نەوتی عێراق راشیگەیاندووە، "ئەوەی كە هەمانە تەنیا بەشی خۆمان دەكات و ناتوانین بۆ هیچ شوێنێكی دیكەی بنێرین".

عەلی سەباح باسی لەوەشكردووە، "ئەوەی كە بەشێوەیێكی دیاریكراو هەناردەی شارەكانی هەرێمی كوردستان دەكرێت و بەردەوامە، تەنیا ئەو بڕە نەوتەیە كە 5-6 و هەندێكجار سێ تانكەر بۆ ئەمبارەكان راوانە دەكرێت وەك بەشە نەوتی زستانەی هاونیشتمانیان".

هەروەها ئاماژەی بەوەشكرد، كە بڕێك بەنزین و گازوایل دیاریكراوە بۆ ئاوارەكان وەك پاڵپشتیێك جگە لەوە هیچی دیكە نییە.