ئەم هەواڵە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

- بەڕێز: رای گشتی

- بەڕێز: داواكاری گشتی هەرێمی كوردستان

وەك هەموولایەكتان لەرێی راگەیاندن و تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانەوە ئاگادارن، ئێوارەی رۆژی شەممە 6/10/2018 ژمارەیەك چەكدار هەڵیانكوتاوەتە سەر ماڵی (هاوبیر خدر قادر) كە لاوێكی لەدایكبووی 26/3/1998 و دانیشتووی قەزای چۆمانە و فڕاندویانە و كەسوكارەكەشی چارەنوسی رۆڵەكەیان نازانن، چیرۆكی هاوبیر ئەو كاتە دەست پێدەكات كە لەیاریگایەكدا بەبیانوی ئەندامنەبوونی لەحزبێكی دەسەڵاتدا لەیاریكردن بێ بەشدەكرێت، ئەوش هەڵدەچێت و هەندێ‌ قسە و جنێو دەدات كە وەك كاردانەوە و خاڵیكردنەوەی دەروونی دێتە پێشچاو، ئێمە لەیەكێتی لاوانی كوردستان دەنگمان دەخەینە پاڵ تەواوی ئەو دەنگە ناڕازی و مرۆڤدۆستانەی كە داوای ئازادكردن و زانینی چارەنوسی هاوبیر دەكەن، ئیدانەی ئەو كارە مافیایانەش دەكەین كە گەنجێك دەرفێندرێت و لەدەرەوەی دامەزراوە فەرمی و یاساییەكانی هەرێمی كوردستان مامەڵەی لەگەڵدا دەكرێت.

هەروەها ئێمە داوا دەكەین دۆسییەی هاوبیر رێرەوی یاسایی و ئاسایی خۆی وەربگرێت و چارەنوسی بۆ رای گشتی ئاشكرا بكرێت و بكەرانی رفاندنەكەی رووبەرووی حوكمی یاسا بكرێنەوە، چونكە كردەوەكە مافیاییانەیە و هەڵكوتانە سەرماڵی خەڵكی لەگەڵ پڕەنسیپەكانی سەروەری مرۆڤ و یاسا گەردوونی تەنانەت یاسا بەركارەكانی هەرێمیش یەكناگرێتەوە.

هەرێمی كوردستان بەچەندان راپۆرت لەبارەی كوشتن و فڕاندنی كەسانی رۆژنامەنوس و سیاسی و یاسایی و چالاكوان تۆمارێكی خاوێنی نییە، ناكرێت لەكاتێكدا بانگەشەی دیموكراسی و سەروەری مرۆڤ و یاسا بكەین، بەڵام بەئاشكرا گروپ لێرە و لەوێ‌ هەڵبكوتنە سەر ماڵی خەڵكی و كەسانی دیاریكراو بكرێنە ئامانج.

هەروەها داواش دەكەین فشارە مەدەنییەكان چڕتر بكرێنەوە بۆ ئەوەی دەسەڵاتدارانی هەرێمی كوردستان چارەنوسی هاوبیر ئاشكرا بكەن و بكەرانی رفاندنەكەی رووبەرووی یاسا بكەنەوە بەجۆرێك كە كەس جورئەتی ئەوە نەكات جارێكی دیكە سەروەری مرۆڤ و یاساكان پرنسیپەكانی مافەكانی مرۆڤ بخاتە ژێر پێی هەوەس و ئارەزووە كەسی و حزبییەكانی خۆیانەوە.

داوادەكەین بەزوترین كات داواكاری گشتی هەرێمی كوردستان لەسەر ئەم كەیسە بێتە سەرخەت و داوای یاسایی لەسەر كاربەدەستانی ئەمنی و حكومی ناوچەی روداوەكە تۆماربكاتە و چارەنوسی هاوبیر ئاشكرا بكات و لێنەگەڕێت مافی خۆی و كەسوكارەكەشی بنپێ بكرێت.

- بژی سەروەری مرۆڤ و یاسا

- بژی سۆشیالیزم

مەکتەبی سکرتاریت

یەكێتی لاوانی كوردستان

8/10/2018