ئەم هەواڵە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

سه‌رۆكی ده‌سته‌ی گه‌شتوگوزار لە حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ئاشكرای دەكات، ژماره‌ی گه‌شتیاران ئه‌مساڵ بە به‌راورد له‌گه‌ڵ ساڵانی رابردوو ئاستێكی پێوانه‌یی تۆمار كردووه‌.

مه‌وله‌وی جه‌بار سه‌رۆكی ده‌سته‌ی گه‌شتوگوزار لە حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بە ماڵپەری حكومەتی راگەیاندووە، "له‌ شه‌ش مانگی یه‌كه‌می ئه‌مساڵ، ملیونێك و310 هه‌زار گه‌شتیار سه‌ردانی هه‌رێمی كوردستانیان كردووه‌، كه زۆربه‌یان له‌ باشوور وناوه‌راستی عێراقه‌وه‌ هاتوون. هەر له‌ جه‌ژنی قوربانی ئه‌مساڵ، 349 هه‌زار گه‌شتیار له‌ ماوه‌ی 11 رۆژدا سه‌ردانی هه‌رێمی كوردستانیان كردووه‌ وداهاتی ئه‌و گه‌شتیارانه‌ بۆ هه‌رێمی كوردستان نزیكه‌ی 140 ملیار دینار بووه‌."

سه‌رۆكی ده‌سته‌ی گه‌شتوگوزار هەروەها ئاماژەی بەوەدا کە، "له‌ چوار مانگی یه‌كه‌می ئه‌مساڵ رێژه‌ی هاتنی گه‌شتیارانی ئێرانی له‌ ئاستێكی باشدا بوو، به‌ڵام دوای ئه‌وه‌ی حكومه‌تی ئێران باجی له‌سه‌ر هاووڵاتیانی خۆی بۆ گه‌شتی ده‌ره‌وه‌ی وڵات دانا، رێژه‌ی هاتنی گه‌شتیارانی ئیرانی بۆ هه‌رێمی كوردستان زۆر كه‌م بووه‌. له‌ وڵاتانی دیكه‌ش گه‌شتیار سه‌ردانی هه‌رێمی كوردستان ده‌كه‌ن، به‌ڵام رێژه‌كه‌ی زۆر نییه‌."

مه‌وله‌وی باسی لەوەشكرد، یه‌كێ له‌ ئامانجه‌كانی ده‌سته‌ی گشتی گه‌شتوگوزار په‌ره‌پێدانی هۆشیاریی گه‌شتیارییه‌ به‌ هاوولاتیان وسه‌رمایه‌داران.

ناوبراو ئەوەشی خستەروو، "به‌ستنی كۆنفرانس، به‌شداریكردن له ‌پێشانگاكانی گه‌شتیاری له‌ ناو‌خۆ وده‌ره‌وه‌، كردنه‌وه‌ی پێشانگا له‌لایه‌ن ده‌سته‌ی گشتی گه‌شتوگوزار، زه‌مینه‌سازی بۆ كه‌ناڵه‌كان تا بتوانن به‌رنامه‌ی ته‌له‌ڤزیۆنی و رادیۆیی بۆ گفتگوكردن له‌ باره‌ی كه‌رتی گه‌شتوگوزار ئه‌نجام بده‌ن، له گرنگترین چالاكیی فه‌رهه‌نگی و میدیایی ده‌سته‌ی گه‌شتوگوزار بۆ پێشخستنی كه‌رتی گه‌شتوگوزار بووه‌."

مه‌وله‌وی جه‌بار به ئاماژه‌پێدان به‌ رۆڵی زانكۆ بۆ پێشخستنی كه‌رتی گه‌شتیاری وتی، رۆڵی زانكۆ له‌ هۆشیاری گه‌شتیاری و په‌ره‌پێدانی كلتووری گه‌شتیاری گرنگه و لێژنه‌ی هاوبه‌ش له ‌نێوان وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا و ده‌سته‌ی گه‌شتوگوزار بۆ ئه‌نجامدامی چالاكی و كاری هاوبه‌ش هه‌یه‌ و به‌شی گه‌شتیاری له ‌زانكۆكانی سه‌ڵاحه‌دین، سلێمانی و دهۆك كراوه‌ته‌وه‌‌ و تا ئێستا دوو قۆناغی ده‌رچوونیان هه‌بووه‌.