ئەم هەواڵە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

ڕێگای کوردستان/ هەولێر

هەرچەندە کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆیی هەڵبژاردن و ڕاپرسی لە هەرێمی کوردستان تا ئێستا ئەنجامی 85%ی دەنگەکانی هەڵبژاردنی خوولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستانی ڕاگەیاندووە، بەڵام ئاماژەکان بەو ئاڕاستەیەن کەدابەشکردنی پۆستەکان لە کابینەی ئەمجارەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان هاوشێوەی کابینەکانی دیکە نابێت.

بەپێی یاسای هەڵبژاردنەکان دوای پەسەندکردنی ئەنجامی هەڵبژاردن لەلایەن کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسی و ئەنجوومەنی باڵای دادوەری، پەرلەمانی کوردستان لەلایەن سەرۆکی هەرێمی کوردستانەوە ئاگادار دەکرێتەوە بەوەی لەماوەی دە رۆژدا کۆبوونەوەی خۆی ئەنجام بدات، بەڵام بەو پێیەی ئێستا سەرۆکی هەرێم نەماوە و ئەو دەسەڵاتە دراوەتە سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران، لەو کاتەدا سەرۆکی حکوومەت بەو کارە هەڵدەستێت. 

بەپێی لێدوانە فەرمییەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان، بەتایبەتی لەدوای شێوازی هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری نوێی عێراق و قوڵبوونەوەی ناکۆکی نێوان پارتی و یەکێتی، پێدەچێت پێکهێنانی کبینەی نوێی حکوومەت هاوشێوەی کابینەکانی دیکە نەبێت، پارتی دیموکراتی کوردستان بەوپێیەی هێزی یەکەمە لە هەوڵی پێکهێنانی حکوومەتی نوێدایە بە بەشداری لایەنەکانی دیکە بەتایبەتی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، نەک شەریککردنی وەک ئەوەی کە بەگوتەی خۆی لە کابینەکانی پێشوو ڕوویداوە.

ئامینا زکری ئەندامی خوولی پێشووی پەرلەمانی کوردستان لە فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕای دەگەیەنێت پێکهێنانی کابینەی نوێ هاوشێوەی کابینەکانی دیکە نابێت و دابەشکردنی پۆستەکان بەپێی ئیستیحقاقی هەڵبژاردن دەبێت. گوتیشی: بەپێی یاسا هێزی یەکەم شێوازی دانوستانەکان و چۆنییەتی پێکهێنانی حکوومەت لەگەڵ لایەنە سیاسییەکانی دیکە دیاری دەکات، هێزی یەکەم کە ئێستا پارتییە بڕیار لەبارەی چۆنییەتی پێکهێنانی حکوومەتی نوێ دەدات، ئەو بڕیار دەدات کە حکوومەتی نوێ بەپێی زۆرینە دەبێت یاخود حکوومەتێکی بنکەفراوان دەبێت. ئەو باس لەوەش دەکات لەماوەی ڕابردوودا هەموو جۆرەکان لە پێکهێنانی حکوومەت تاقیکراونەتەوە، حکوومەتی زۆرینەی لایەنە سیاسییەکان و حکوومەتی بنکەفراوان، بەبۆچوونی من ئەمجارە لە هەرێمی کوردستان هاوشێوەی وڵاتی پێشکەوتوو هێزی یەکەم بەپێی پێویستی رێژە، حکوومەتی نوێ پێکدەهێنێت، "پێویستە ئەمەش تاقی بکرێتەوە،تا دەرکەوێت ئەم جۆرە لە حکومڕانی تاچەند سەرکەوتووە". جەختیشی کردەوە یەکێتیینیشتمانیی کوردستان بەهەمان شێوەی کابینەکانی ڕابردوو بەشداری لە پێکهێنانی حکوومەت دەکات، بەڵام جیاوازییەکەی ئەوە دەبێت ئەو پەنجا بە پەنجایە نامێنێت کە لە یەکەم کابینەوە بوونی هەبووە.

ئامینا ڕوونیشیکردەوە، لەکابینەکانی ڕابردوو کەمتر حسێب بۆ ئیستیحقاقی هەڵبژاردن کراوە، "تەنانەت کاتێک یەکێتی هێزی سێیەم بووە، وەکو پارتی پۆستی بردووە، پێموانییە لەم کابینەیەدا ئەمە دووبارە بکرێتەوە، لەم کابینەیەدا یەکێتیی بەپێی کورسی پەرلەمان مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت، بۆیە ئەگەر ئەمجارە یەکێتی بەشداری کابینەی حکوومەتیش بکات بەپێی خاڵبەندییەکان بەشداری دەکات". 

بەهار مەحموود ئەندامی خوولی پێشووی پەرلەمانی کوردستان لە فراکسیۆنی گۆڕان ئاماژە بۆ ئەوە دەکات، حکوومەتی داهاتوو لەسەر بنەمای زۆرینە دەبێت و هاوشێوەی کابینەی پێشتر حکوومەتێکی تەوافوقی نابێت، گوتیشی: ئەمجارە ئۆپۆزسیۆن دەبێت و ئیستیحقاقی کورسیش بەرکەوتەی هێزە سیاسییەکان لە حکوومەتی نوێ دیاری دەکات. ئەو پێیوایە هێشتا زووە بۆ بڕیاردان لەسەر بەشداریکردن یاخود نەکردنی بزووتنەوەی گۆڕان لەو کابینەیەدا، چونکە بزووتنەوەکە تا ئێستا تێبینیی لەسەر ئەنجامی هەڵبژاردنەکان هەیە.

گوتیشی: "پێمباشە ئۆپۆزسیۆن بین، چونکە ئێمە کە دروستبووین وەکو هێزێکی ئۆپۆزسیۆن دروست بووین و ڕابەرایەتی ئەو بەرەیەمان کردووە، بۆیە پێویستە تا ئەوکاتەی کوردسییەکانمان لەگەڵ بەرەی ئۆپۆزسیۆن دەگەنە ئاستێک کە زۆرینە پێکبێنین بەو شێوەیە بمێنینەوە، بۆ ئەوەی خۆمان حکوومەت دروست بکەین".

لەبارەی ئەگەری بەشداری پیێنەکردنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بەهار پێیوایە کە یەکێتی و پارتی کۆمەڵێک بەرژەوەندی مادی پێکەوەی گرێداون، ئاسان نییە دەستبەرداری یەکتری ببن، لەگەڵ ئەوەشدا جەخت دەکاتەوە کە جۆری بەشداریکردنەکە بەپێی ئیستیحقاقی هەڵبژاردن گۆڕانکاری بەسەردا دێت.

لەلایەکی دیکەوە سەرکەوت سەرحەد ئەندامی خوولی پێشووی پەرلەمانی کوردستان لە فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان باس لەوە دەکات کە لەماوەی رابردوودا رێککەوتن لەنێوان یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ ئیدارەدانی هەرێمی کوردستان و چۆنییەتی بەشداریکردن لە عێراق هەبووە، بەشێوەیەک کە سەرۆکایەتی هەرێم بۆ پارتی بووە و سەرۆکایەتی کۆماریش بۆ یەکێتی، بەڵام ئەوەی لەماوەی چەند رۆژی رابردوودا لە دیاریکردنی سەرۆککۆماری عێراق روویدا، پێویستی بەو کێبڕکێ و ململانێیە نەدەکرد، گوتیشی، ئەو ڕووداوانەی چەند رۆژی رابردوو بوونەتە هۆکاری دوورکەوتنەوە لەنێوان لایەنەکان بەتایبەتی پارتی و یەکێتی، سەرکەوت پێیوایە "پێکهێنانی حکوومەت کارێکی ئاسان نییە، نە پارتی بەبێ یەکێتی دەتوانێت حکوومەت پێکبهێنێت نە بە پێچەوانەش ئەمە ڕوودەدات".

ئەو بە پێویستی دەزانێت، "پارتی و یەکێتی پێش هەموو لایەنەکان یەکدەنگ بن و ڕێک بکەون بۆ پێکهێنانی حکوومەتی نوێ، پێکهێنانی حکوومەت بەبێ یەکێتی سەرکەوتوو نابێت،ئەمەش خێرنییە بەیەکێتی بکریت، چونکە یەکێتی لە رابردوودا رۆڵ و پشتیوانی گەورەی پارتی بووە لە کۆمەڵێک پرسی وەکو سەرۆکایەتی هەرێم".

لەبارەی ئەگەری پێدانی پۆست بەپێی ئیستیحقاقی هەڵبژاردن بەیەکێتیی نیشتمانی، سەرکەوت باس لەوە دەکات،ڕاستە لە ڕابردوودا ژمارەی وەزارەتەکانی یەکێتی و پارتی وەکو یەک بوون، بەڵام وەزارەتە سیادییەکان و بڕیارە گرنگەکان لای پارتی بووە، پارتی هەموو جومگە گرنگەکانی حکومڕانی هەرێمی کوردستانی لابووە.

تا ئێستا تەنیا یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان بەشێوەی فەرمی ئەنجامی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانی ڕەتکردووەتەوە و زۆربەی لایەنە سیاسییەکانی بەشدار لە پڕۆسەی هەڵبژاردن بۆ خوولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان هەڵوێستێکی ڕوونیان لەسەر پڕۆسەکە نییە، ڕەنگە ئەمەش پەیوەندی بەو دۆخەوە هەبێت کە لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق روویدا، بەوپێیەی دوای ماوەیەکی زۆر و چەندین کۆبوونەوەی پەرلەمانی دواجار ئەنجامەکان بەوشێوەیەی راگەیەندرابوون تێپەڕێنران، بەگوتەی بەرپرسیانی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسی لەماوەیەکی نزیکدا ئەنجامی لە ١٠٠٪ی دەنگەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ئاشکرا دەکرێت و پێدەچێت دوای ئەو ماوەیە ململانێی لایەنە سیاسییەکان بۆ چۆنییەتی پێکهێنانی حکوومەتی نوێ دەست پێبکات.