ئەم هەواڵە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

وەزارەتی دارایی و ئابووریی حكومەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی نووسراوێکیان سەبارەت بە خەرجكردنەوەی جیاوازی مووچە روونکردنەوەیەک بڵاودەکاتەوە و رایدەگەیەنێت، ئەم رێنماییە خەرجكردنەوەی پاشەكەوتی مووچەی فەرمانبەران نییە، بەڵكو تەنها خەرجكردنەوەی جیاوازی مووچەیە، واتە (مووچەی بنەڕەتی + دەرماڵەكان).

رۆژی سێشەمممە 9ی تشرینی یەكەمی 2018 وەزارەتی دارایی و ئابووری حكومەتی هەرێمی کوردستان روونکردنەوەیەکی پێنج خاڵی بڵاوکردەوە، ئەمەی خوارەوە دەقی خاڵەکانی وەزارەتی دارایی و ئابووری حكومەتی هەرێمی کوردستانە:

یەکەم: ئەم رێنماییە خەرجكردنەوەی پاشەكەوتی مووچەی فەرمانبەران نییە كە بەپێی رێنماییمان ژمارە (15)ـی ساڵی /2016 و لەسەر بنەمای بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیران ژمارە (64) لە 3-2-2016 جێبەجێكراوە، بەڵكو تەنها خەرجكردنەوەی جیاوازی مووچەیە (مووچەی بنەڕەتی + دەرماڵەكان).

دووەم: خەرجكردنەوەی جیاوازی مووچەی‌ (مووچەی بنەڕەتیەكەی و دەرماڵەكان) مانگەكانی ساڵی /2017 كە بە هەڵە ‌یان بەهۆی دواكەوتنی فەرمانە كارگێڕییەكان خەرجنەكراوە و لەگەڵ مووچەی مانگی كانوونی یەكەم /2017 بەستراون .

سێیەم: بە هۆی ئەوەی مووچەی مانگی كانوونی یەكەمی ساڵی 2017 كراوەتەوە پاشەكەوت، بڕی ئەم جیاوازییەی كە فەرمانبەر شایستەی دەبێت بۆی خەرجدەكرێتەوە بۆ نموونە: ـ

- فەرمانبەرێك شایستەی سەرمووچەی ساڵانە ‌بێت لە رێكەوتی 1-10-2017، بەڵام فەرمانی كارگێری دوابكەوێت بۆ مانگی 11ـی ساڵی 2017 و جیاوازی سەر مووچەی ناوبراو لە رێكەوتی 1-10-2017 تاوەكو 31-11-2017 لەگەڵ مووچەی مانگی (كانوونی دووەمی) ساڵی 2017 بۆ بەسترابێت لەم‌ حاڵەتەدا ئەم جیاوازییەی بۆ خەرجدەكرێتەوە.

- یاخود فەرمانبەرێك شایستەی دەرماڵەی هاوسەری ‌بێت بە بڕی 50 هەزار دینار مانگانە لە مانگی 11ـی ساڵی 2017 بۆی خەرجنەكرابێت، لەم حاڵەتەدا ئەگەر ئەم دەرماڵەیە لەگەڵ مووچەی مانگی 12ـی ساڵی 2017 بۆی بەسترابێت ئەوا ئەم دەرماڵەیەی بە بڕی 50 هەزار دینارە بۆی خەرجدەكرێتەوە.

چوارەم: فەرمانبەرێك مووچەی مانگی 11ـی ساڵی 2017ـی بۆ خەرجنەكرابێت و لەگەڵ مووچەی مانگی 12ـی ساڵی 2017 بۆی بەسترابێت، ئەوكات مووچەی مانگی 11ـی ساڵی 2017ـی بۆ خەرجدەكرێتەوە .

پێنجەم: هەر جیاوازییەكی مووچەیی و دەرماڵەیی فەرمانبەر كە شایستەیەتی، بەڵام بۆی خەرجنەكراوە و لەگەڵ مووچەی مانگی 12ـی ساڵی 2017 تۆماركرابێت بۆی خەرجدەكرێتەوە بە لیستی جیاو و لەكاتی دابەشكردنی مووچەی مانگانە.