ئەم هەواڵە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

 Ø¯ÛŒØ¯Ø§Ø±ÛŒ ئاشته‌وایی 15

وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ڕایگەیاند: شانازی دەکەین کە هەرێمی کوردستان نموونەیەکی گەشی ئاشتەوایی کۆمەڵایەتی و لێبوردەیی و پێکەوەژیان پێشکەش بکات، وتیشی: لەم هەرێمەی ئێمە نەتەوەو پێکهاتە جیاکان پێکەوە توانیویانە لەسایەی ئارامی و سەقامگیری و ئاشتەوایی کۆمەڵایەتیدا ژیانی ئاسوودە بەسەر ببەن.

 

ئەم وتانەی د.یوسف گۆران وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی لەمیانی پێشکەش کردنی وتەیەکدا هات کە لەیەکەم دیداری رۆڵی زانکۆکان لە بونیادنان و بڵاوکردنەوەی هزری ئاشتیی ناوخۆیی و کۆمەڵایەتی پێشكه‌شیكرد.

 

له‌و كۆنفرانسه‌دا، كه‌ بە ئامادەبونی د.ئه‌حمه‌د دزه‌یی سه‌رۆكی زانۆكی سه‌ڵاحه‌ددین و، نوێنەری سەرۆکی پاڕلەمان و نوێنەری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و ژمارەیەکی بەرچاو لە مامۆستایانی زانکۆ و پسپۆڕانی زانستی لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان و ئێراق ده‌ستیپێكرد، لەلایەن زانکۆی سەڵاحەددین و جوڵانەوەی ئاشتەواویی ناوخۆیی لە هەرێمی کوردستان و (رابگە النجف الاشرف الخدمیە) رێكخراوه‌، ئەمڕۆ چوارشەممە 10/10/2018 لەهۆڵی سێنته‌ری کۆمەڵایەتی و ڕۆشەنبیری زانکۆی سەڵاحەددین به‌پێشكه‌شكردنی چه‌ند وتاریك ده‌ستی به‌چالاكیه‌كانی خۆیی كرد.

 

لەو چوارچێوه‌یه‌دا، د.یوسف گۆران وه‌زیری خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی وتارێكی پێشكه‌شكرد و، له‌سه‌ره‌تای وته‌كه‌یدا، وتی: خۆشحاڵم ئەمڕۆ لەم دیدارەدا لەگەڵتاندام، بۆ گفتوگۆکردن دەربارەی ڕۆڵی زانکۆکان لە بنیادنان و بڵاوکردنەوەی بیری ئاشتەوایی کۆمەڵایەتی و ناوەخۆیی، کە یەکێکە لەبابەتە گرنگەکان نەک تەنها بۆ زانکۆکانی هەرێمی کوردستان و ئیراق بەڵکو گرنگ و پێویستە بۆ تەواوی خەڵک و لایەنەکان.

 

وتیشی:دەستخۆشی لە زانکۆی سەڵاحەددین و جوڵانەوەی ئاشتەواویی ناوخۆیی لە هەرێمی کوردستان و ( رابگە النجف الاشرف الخدمیە) دەکەم بۆ ڕێكخستنی ئەم دیدارە، سوپاستان دەکەم بۆ کۆکردنەوەی ژمارەیەکی بەرچاو لە توێژەران و مامۆستایانی زانکۆ لەسەرتاسەری ئێراق، ئەوەی بتوانین گفوگۆیەکی بنیاتنەرانە و زانستیانە ئەنجام بدەین دەربارەی بەشداری زانکۆکان لە چەسپاندنی بیرو هزری لێبوردەیی پێکەوەژیان و ئاشتەوایی کۆمەڵایەتی ناوخۆیی لەسەر ئاستی ئێراق و کوردستان، بۆ ئەوەش ڕونیکردەوە: بنەمای ئاشتی یەکێکە هەرەگرنگەکان بۆ ناساندنی تاک لەنێوان تاکەکان و دواتریش لەسەر ئاستی نەتەوەیی و ئاینی، لەو چوارچێوەیەشدا، د.یوسف گۆران ڕایگەیاند: ئێمە شانازی دەکەین کە هەرێمی کوردستان نموونەیەکی گەشی ئاشتەوایی کۆمەڵایەتی و لێبوردەیی و پێکەوەژیان پێشکەش بکات، لەم هەرێمەی ئێمە نەتەوەو پێکهاتە جیاکان پێکەوە توانیویانە لەسایەی ئارامی و سەقامگیری و ئاشتەوایی کۆمەڵایەتیدا ژیانی ئاسوودە بەسەر ببەن. زیاتر وتیشی:شانازی دەکەین کە کۆمەڵگه‌ی کوردستان فرە ڕەنگ و فرە کەلتورە و لێبوردەیی و قبوڵکردنی جیاوازییەکان خەسڵەتی هەرە دیاری کۆمەڵگه‌کەمانە.

 

هەر لە وتەکەیدا، وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی وتی: لەسەرەتاکانی دروستبونی دەوڵەتی ئێراق بەهەموو قۆناخەکانی پاداشایه‌تی و دوای پادشایه‌تیش کێشەیی نەتەوەیی هەبووە و کار بۆ لێکترازانی نەتەوەکان کراوە، بەتایبەتی لە هەشتاکانی سەدەی ڕابردو، وتیشی: بەداخەوە لە ماوەی پازدە ساڵی ڕابردوودا، ئێراق بە قۆناخێکی دژواردا تێپەڕی، ناکۆکیە ناوخۆیی و تائیفیەکان بە ئاقاری توندوتژیدا بران و جەنگی نەگریسی داعش زیاتر برینەکانی ئەم وڵاتەی قوڵتر کردەوە. ڕاشیگەیاند: ئەم جەنگانە نەخوازراو بوونە هۆی لێکترازانی کۆمەڵایەتی و پەکخستنی هەموو کایەکی ژیان کۆمەڵگه‌ی ئێراقی، لە ئێستاشدا کۆمەڵگه‌ی ئێراقی لە ژێر کاریگەری و ئاسەوارەکانی جەنگ و توندوتیژیدا کۆمەڵگه‌یەکی شەتەک و لێکترازاوە، پێویستی بە ژیانەوەو دوبارە بنیادنانەوە هەیە، لەم سۆنگەیەوە زانکۆکان و کۆمەڵگه‌ی ئەکادیمی دەتوانن ڕۆڵی گەورە ببینن.

 

بۆ ئەوەش د.یوسف گۆران ڕایگەیاند: دەبێت زانکۆکان جگە لە ئەرکەکانی فێرکردن و توێژینەوە و بەرهەمهێنانی مەعریفە دەبێت زیاتر ئاوێتەی کۆمەڵگه‌ ببن و بەشداری کارایان هەبێت لە چارەسەرکردنی پرس و گرفتەکانی کۆمەڵگه‌، دەبێت بەشدار لە زەمینەسازی بۆ چاکسازی کۆمەڵایەتی و چەسپاندنی بنەماکانی کۆمەڵگه‌ی مەدەنی و شەفافیەت و ڕەخساندنی هەلی یەکسان و دادپەروەری کۆمەڵایەتی، وتیشی: هەروەها زانکۆکان دەتوانن لە ڕێگه‌ی دەسپێشخەری داهێنەرانەوە بەشداری گەشەپێدانی ئابوری و رەخساندنی هەلی کار بکەن بە تایبەت لە ڕێگه‌ی هەماهەنگیی لەگەڵ بازاری کارو کەرتی پیشەسازی.

 

لە کۆتایی وتەکانیشیدا وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی وتی: هیوام وایە ئەم کۆنفراسە سەرکەوتوو بێت، ئێمە چاوەڕوانی پێشنیاز و بڕیار و راسپاردەکانتان دەکەین، وتیشی: هەمومان پێکەوە کار بۆ ئارامی سەقامگیری ئێراق بکەن، بە جۆرێک نەتەوە و کەلتورو ئاین و رەنگە جیاوازەکان بتوانن بە ئارامی پێکەوە بژین و لە سایەی ئابووریەکی فرە رەنگ و گەشەکردودا دەرفەتی یەکسان بۆ هەلی کار و پشکەوتنی تاکەکانی کۆمەڵگه‌ برەخسێنن.

 

لەلایەن خۆشیەوە د.ئەحمەد دزەیی، سەرۆکی زانکۆی سەڵاحەددین ڕایگەیاند: ئێمە لە کوردستان بزووتنەوەیەکمان هەیە، کە پێیدەڵێن بزووتنەوەی ئاشتی نێوخۆیی، کە لە مامۆستایانی زانکۆ لەسەرتاسەری کوردستان پیکهاتوون، لەگەڵ رێکخراوێکی خزمەتگوزاری لە نەجەف، کە هەوڵی بەدیهێنانی ئاشتی دەدەن، هاتوون بۆ ئەوەی بە یەکەوە ڕۆڵمان هەبێت لە چارەسەرکردنی ئەو ناکۆکییەی لەنێوان پێکهاتەکانی ئێراق لە ماوەی رابردوودا هەبووە، وەکو رۆڵی زانکۆکان.

 

پاشانیش هەریەک لە د.موسا محەمەد سەرۆکی بزافی ئاشتی ناوخۆیی و حسین حیدری سەرۆکی رابیتەی نەجەفی پیرۆز بۆ خزمەتگوزرای وتەی جیایان پێشکەش کرد.

 

لەماوەی دوو ڕۆژی کارەکانی کۆنفرانس نزیکەی 60 توێژینەوەی زانستی پێشکەش دەکرێن، ناوەڕۆکەکانیان ئەوە دەخەنەڕو، کە چۆن بتوانین کۆمەڵگه‌یەکی ئاشتەوایی بونیادبنێین و چارەسەری کێشەکانمان بکەین. لەو کۆنفرانسەدا، زانکۆکانی هەرێمی کوردستان بەشدارن بە توێژینەوە، جیا لە زانکۆکانی هەرێمی کوردستانیش، زانکۆکاکانی موسڵ، حەمدانیە، تکریت، سامەرا، کەرکووک، نەجەف، کەربەلا، قادسیە و بەغدا، چەند توێژینەوەیەکیشمان لە دەرەوە بۆ هاتووە، لە لیبیا و جەزائیر.