ئەم هەواڵە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

سەرپەرشتیاری گشتی فیدراسیۆنی پەنابەرانی عێراق لە هەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت، "دوێنێ چوارشەممە ئاگادار کراینەوە کە یەختەک بە ٣٥ سەرنشینەوە لە دەریای ئیجە نقووم بووە، زۆرینەی سەرنشینەکانی کوردی هەرێمی کوردستانن".

ئاری جەلال سەرپەرشتیاری گشتی فیدراسیۆنی پەنابەرانی عێراق لە هەرێمی کوردستان بە ئاژانسی ئانادۆڵو راگەیاند، "دوێنێ چوارشەممە، کاتژمێر ١٠ی بەیانی لەلایەن نوێنەرانی سەربە فیدراسیۆنی پەنابەرانی عێراق ئاگادارکراینەوە کە یەختەک بە ٣٥ سەر نشینەوە لە کەناراوەکانی ئیزمیر لە دەریایی ئیجە نقووم بووە و سەرجەم سەرنشینەکانی ژێر ئاوکەوتوون، تا ئێستا تەرمی ١٥ کەس دۆزراونەتەوە کە دانیشتووی پارێزگای دهۆک و قەزای زاخۆن، سەرجەم ناسنامە و رەگەزنامەی باری شارستانییەکانیان لەلایەن ئێمەوە پارێزراوە".

ئاری جەلال راشیگەیاندووە، "لێکۆلینەوە و گەڕان بە دوای بێ سەروشوێنبووانی رووداوەکە بەردەوامە، تا ئێستا تەنها یەک ئافرەت رزگار کراوە، کە ئەویش ئافرەتێکی کوردە و دانیشتووی قەزای زاخۆیە، هەموو هەوڵێکمان دەدەین بۆ ئەوەی شتێک لە بارەی چارەنووسی بێ سەروشوێنانی رووداوەکە بزانین".

سەرپەرشتیاری فیدراسیۆنی پەنابەرانی عێراق لە هەرێمی کوردستان دڵنیایی بە کەسوکاری قوربانیان دەدات کە هەموو کارێک دەکەن بۆ گەڕانەوەی رووفاتی قوربانیان و دەڵێت: " دوای گرتنەبەری رێکارە یاساییەکان و هەماهەنگیکردن لەگەڵ لایەنی پەیوەندیدار لە ماوەی یەک هەفتەدا لە رێوڕەسمێکدا هەڵدەستین بە گەڕاندنەوەی رووفانی قوربانییانی رووداوەکە بۆ پارێزگای دهۆک.

سەرپەرشتیاری گشتی فیدراسیۆنی پەنابەرانی عێراق لە هەرێمی کوردستان ئاماژە بە زیادبوونی رێژەی کۆچبەری دەدات و لە سەرتاسەری عێراق و هەرێمی کوردستان بۆ وڵاتان و دەڵێت "بەهۆی ئەوەی رێژەی کۆچبەربوون لە زیادبووندایە بەرەو وڵاتانی ئەورووپا، ژمارەی قوربانیانیش رۆژ لە دوای رۆژ لە زیاد بووندایە، بۆیە داوا لە هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان و هەموو عێراق دەکەین کە ئەورووپا ئەو بەهەشتە نییە کە ئەوان لە خەیاڵی خۆیاندا دروستی دەکەن، رێگا نایاساییەکان نەگرنە بەر و ژیان لە خۆیان و خانەوادەکانیان تێک نەدەن".

ناوبراو ئاشکرایشی دەکات کە رێنمایی و یاساکان دژ بە پەنابەران توندترکراون و هیچ کارئاسانییەک بۆ هاووڵاتییانی پەناخواز ناکرێت، بۆیە هەتا بکرێت پشت بە رێگا یاساییەکان ببەستن.

سەرپەرشتیاری گشتی فیدراسیۆنی پەنابەرانی عێراق لە هەرێمی کوردستان لەبارەی دوایین ئاماری قوربانییانی رێگای پەنابەری دەڵێت: "لە سەرەتای دەستپێکردنی شەڕی داعش لە عێراق و هەرێمی کوردستان تا ئێستا زیاتر لە ٣٠٠ هاووڵاتیی عێراق و هەرێمی کوردستان لە رێگا سەخت و دژوارەکانی هەندەران گیانیان لە دەستداوە و لە رووبارەکاندا خنکاون، تەرمی زیاتر لە ١٦٠ کەسمان گەڕاندووەتەوە بۆ کەسوکاریان و چارەنووسی زیاتر لە ١٣٠ کەس تا ئێستا بە نادیاری ماوەتەوە لە رێگا پڕ مەینەتییەکانی پەناهەندەیی".

دەشڵێت: "ئەو کۆچبەرانەی لە دەریاکان دەخنکێن و لە رێگا سەخت و پڕ مەینەتییەکان گیان لە دەست دەدەن، لە تەمەنی جۆراوجۆرن تەنانەت منداڵیشیان لەگەڵدایە".