ئەم هەواڵە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

لەدژی بەخششی پارە بۆ سیخوڕیكردن لەسەر سەركردەكانی پەكەكە، مەكتەبی سیاسی حزبی شیوعی كوردستان بڕیاری وەزارەتی درەوەی ئەمریكا ئیدانە دەكات.

مەكتەبی سیاسی حزبی شیوعی كوردستان بەهەستیارییەوە دەڕوانێتە گۆڕانكارییەكانی سیاسەتی دەرەوەی ئەمریكا لەناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست‌و بەتایبەتیش لەرۆژئاوای كوردستان كە چاوپۆشی لەدەستوەردان‌و تۆپارانی سوپای توركیا بۆ ناوچەكوردستانییەكانی رۆژئاوا‌و پەیدابوونەوەی جموجۆڵی چەكدارانی دەوڵەتی خەلافەتی ئیسلامی داعش دەكات. هاوكات ، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا بڕیاری بەخششی پارەی داوە بۆ دۆزینەوی سەركردەكانی پارتی كرێكاران و هەوڵی ناساندنیان بە تیرۆریست دەدات.

لەبەرامبەر ئەم هەڵوێستەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا، حزبی شیوعی كوردستان هیچ جۆرە پاساوێك نابینێت جگە لەئیدانەكردنی ئەم بڕیارە‌و شەرمەزاركردنی شێوازی مامەڵەی ئەمریكا لەگەڵ رەوشەكە بەگشتی‌و بەتایبەتیش لەگەڵ بزاڤی رزگاریخوازی گەلی كوردستان‌و سەركردەكانی.

خەبات‌و تێكۆشانی گەلان هیچ كات نابێت هاوكوف بكرێت لەگەڵ رەوتەكانی تیرۆریستی كە لەناوچەكەدا هەیە، چونكە گەلی كوردستان لەهەر چوارپارچەكەیدا، لەپێناو هێنانەدی مافی رەوای خۆی بۆ گەیشتن بەئازادی‌و سەربەخۆیی تێكۆشان دەكات كە بەهەمووشی بەشێكە لەبزاڤی رزگاریخوازی جیهان هیچ پەیوەندییەكی بەتیرۆر‌و تۆقاندنەوە نییە.

هەروەها مەكتەبی سیاسی حزبی شیوعی كوردستان، داوا دەكات ، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا پێداچوونەوە بەم بڕیارە نادروستەی خۆی بكات، هاوكاتیش حزبی شیوعی داوای چارەسەركردنی كێشەی گەلی كوردستان بەئاشتی‌و دیموكراسیانە لەچوارچێوەی میساق‌و جاڕنامە نێودەوڵەتی‌و رەوایەتی تێكۆشانی لەپێناو ئازادیدا، چارەسەری یەكجارەكی بۆ بدۆزرێتەوە.

مەكتەبی سیاسی

حزبی شیوعی كوردستان

8/11/2018