ئەم هەواڵە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

زاهیر ئیبراهیم

لە شاروچكەی سۆرانی زیاتر لە 110 یەكەی نیشتەجێ بوون بە ناوی كرێنشینان لەلایەن وەزارەتی ئاوەدانكردنەوە دروستكراوە،بەڵام تا ئێستا دیارنیە ئەو شوقانە بەكرێنشینان دەدرێت یان كەس و كاری شەهیدانی شەڕی داعش.

ئەگەرچی كرێنشیانی سۆران لە چاوەڕوانی وەرگرتنی یەكەی نیشتە جێ بوون دان،بەڵام قایمقامی سۆران ڕایدەگەینێت بڕیار بوو ئەو یەكە نیشتە جێ بوونە بە كەس و كاری شەهیدان بدرێت،بەڵام پێی ڕازی نەبوون.

سەربەست عومەر هاووڵاتی دانیشتووی شاری سۆران و یەكێك لە كرێنشینان بۆ ڕێگای كوردستان  وتی" من یەكێكم لەوانەی پێویستم بە یەكەی نیشتە جێ بوون هەیە،بەڵام بە داخەوە دەسەڵاتی ڕەچاوی نا لە باری دۆخی كرێنشینان نەككردووە كە لەم شارەدا هەزاران كرێنشین بوونیان هەیە ".

هەروەها داواشی لە ئیدارەی شاری سۆران كرد كار بۆ دابەشكردنی یەكەی نیشتە جێ بوون بەسەر كرێنشینان بكەن بەبێ جیاوازی حزبی و دەستوەردانی حزبی لە دابەشكردنی یەكەكانی نیشتەجێ بوون.

لە بارەی دواكەوتنی دابەشكردنی یەكەكانی نیشتەجێ بوون لە سۆران محەمەد هەسنانی ڕۆژنامەنووس و دانیشتووی شاروچكەی سۆران بۆرێگای كوردستان ڕایگەیاند" ماوەی چەند ساڵێك زیاتر لە 110 یەكەی نیشتە جێ بوون دروستكراون،بەڵام تا ئێستا دیارنیە بۆچی دابەش نەكراون لە كاتێكدا لە سۆران ژمارەیەكی زۆری كرێنشین بوونیان هەیە وە ژمارەیەكی زۆری كەس و كاری شەهید هەیە كە پێویستیان بە یەكەی نیشتە جێ بوون هەیە ".

ئەو ڕۆژنامەنووسە ئاماژەی بۆئەوەكرد" شوقەكان لە نێوان كرێنشینان و كەس و كاری شەهیدانی داعش ماوەتەوە،بەڵام پێویستە پەلەبكرێت لە تەواوكردنی كارەكانی تری و دابەشكردنەكەش بە میكانزمێكی ڕوون و شەفاف بێت و بە كەسانی شایستە بدرێت بە تایبەت لەم شارەدا ژمارەیەكی زۆری كرێنشین هەیە ".

هەر لە بارەی چۆنیەتی دابەشكردنی یەكەكان و وەستانی ئەو پرۆژەیە، كرمانج عزەت قایمقامی شاروچكەی سۆران بە رێگای كوردستانی ڕاگەیاند" ئەو پرۆژەیە لەلایەن وەزارەتی ئاوەدانكردنەوەی حكومەتی هەرێم دروستكراوە سەرەتا بەناوی كرێنشینان دروستكراوە و بەشی زۆری كارەكانی تەواو كراوە".

هەروەها قایمقامی سۆران ڕاشیگەیاند" ماوەیەك لەمەوبەر بڕیاردرا ئەوشوقانە بدرێن بە كەس و كاری شەهیدانی شەڕی داعش،بەڵام كەس و كاری ئەو شەهیدانە ڕازی نەبوون بەوەرگرتنی شوقەكان بۆیە تائێستاش دیارنیە بەكێ دەدرێت و چۆن دابەش دەكرێت ".