ئەم هەواڵە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

ڕێگای کوردستان-هەولێر

ساڵ بە ساڵ ڕێژەی هەڵوەشانەوەی خێزان لە هەرێمی کوردستان هەڵدەکشێت، توێژەرانی کۆمەڵایەتی و پارێزەران، ئاماژە بەوە دەکەن، لەو ساڵانەی ڕابردوودا قەیرانی ئابووری و دارایی هۆکارێکی کاریگەر بووە لە هەڵوەشاندنەوەی خێزان لە کوردستان دا.

بەگوێرەی داتایەکی ئەنجوومەنی دادوەری هەرێمی کوردستان، لەماوەی هەشت ساڵی ڕابردوودا ٥٢ هەزار و ٩٤٦ خێزان لە شارەکانی هەرێمی کوردستان هەڵوەشاونەتەوە کە زۆرترین حالەتی هەڵوەشانەوەی خێزان لە پارێزگای سلێمانی تۆمار کراوە.

ڕێناس شاکر توێژەری کۆمەڵایەتی بۆ "ڕێگای کوردستان"ی ڕوونکردەوە، "هۆکارەکانی هەڵوەشاندنەوەی خێزان یان جیابوونەوەی هاوسەران جیاجیان، وەک کێشەی ئابووری، کێشەی کۆمەڵایەتی و لەیەکتر تێنەگەیشتن، ناپاکی هاوسەری، دەستێوەردان لەژیانی هاوسەران، ئەنجامدانی هاوسەرگیری بەنابەدڵی و زوو بە شوودان و چەند هۆکاری دیکە، بەڵام بەشێک لە هۆکارەکان بنچینەیین و هەندێک هۆکاری دیکە لاوەکین".

توێژەرە کۆمەڵایەتییەکە زیاتر دەڵێ؛ "هۆکاری ئابووری بەتایبەت لەو ساڵانەی ڕابردوودا، دەکرێت بە یەکێک لە هۆکارە بنچینەییەکان دابنرێت لە تێکچوون و هەڵوەشاندنەوەی خێزاندا، بەشێک لەو هاوسەرانی جیادەبنەوە، بەڕاستەوخۆ ئاماژە بە هۆکاری ئابووری دەکەن، بەڵام بەشێکی دیکە بۆنموونە باس لەوە دەکەن کە کێشەی کۆمەڵایەتی و ناتێگەیشتنیان هەیە، لەکاتێکدا ئەگەر لە کێشە کۆمەڵایەتییەکە یان ناتێگەیشتنەکە ورد ببینەوە، تێدەگەین کە لە بنەڕەتدا هۆکاری ئابووری هەیە، واتە قەیرانی ئابووری کە کاریگەری کردووەتە سەر بژێوی خێزان و چەندین کێشەی لابەلای دروست کردووە، بەڕادەیەک کە بووەتە هۆی کێشەی بەردەوام لەناو خێزان و تا سەردەکێشێت بۆ جیابوونەوە".

داتاکانی دادگەکانی کوردستان ڕوونی دەکەنەوە، لە سلێمانی ٢٤ هەزار و ١٨٩ خێزان، لە هەولێر ٢٠ هەزار و ٤٩٦ و لە دهۆک هەشت هەزار و ٢٦١ حالەتی جیابوونەوەی هاوسەران تۆمار کراوە.

ژمارەکانی جیابوونەوەی هاوسەران لەماوەی هەشت ساڵی ڕابردوودا(٢٠١٠ تا ٢٠١٧) لەکاتێکدا دێت، کە لە ماوەی ساڵی ٢٠١٠ تا ٢٠١٥ بە دیاریکراوی ٢٩ هەزار و ٥١٧ حالەتی جیابوونەوە تۆمار کراوە و کۆی حالەتەکانی دیکەی جیابوونەوە بۆ ئەو چەند ساڵەی ڕابردوو دەگەڕێتەوە کە تیایدا قەیرانی ئابووری و چەندین کێشەی دیکە ڕووبەڕووی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان بووەتەوە، لەکاتێکدا کە داتاکانی نیشانی دەدەن بەڕێژەی زیاتر لە ٥٠٪ی ئەوانەی جیابوونەتەوە ئاماژەیان بەوە کردووە کە باری دارایی خێزانەکانیان باش نەبووە.

وەک توێژەرە کۆمەڵایەتییەکە ئاماژەی بۆ دەکات، "قەیرانی ئابووری هۆکارێکی کاریگەرە لە هەڵوەشاندنەوەی خێزاندا، ئەگەر ساڵی ٢٠١٤ بەنموونە وەربگرین، لەو ساڵەدا ٤٧ هەزار و ٤٥٣ گرێبەستی هاوسەرگیری کراوە، بەڵام هەشت هەزار و ٧٧٧ حالەتی جیابوونەوە تۆمار کراوە کە کەمترین ژمارەی هاوسەرگیری و زۆرترین ژمارەی جیابوونەوەیە بەپێی ساڵەکانی پێش خۆی".

هەندێک لە ڕێکخراوەکانی مەدەنی و بەدیاریکراوی کۆمەڵەی کرێنشینانی کوردستان پێداگیری لەسەر ئەوە دەکەن، قەیرانی ئابووری کە بووەتە هۆکاری هەڵکشانی ڕێژەی کرێنشینان، لەهەمان کاتدا هۆکار بووە لە هەڵکشانی حالەتەکانی جیابوونەوە.

عوسمان قەرەداغی سەرۆکی کۆمەڵەی کرێنشینان لە سلێمانی بۆ "ڕێگای کوردستان"ی ڕوون کردەوە، "دەیان هەزار کرێنشین تەنیا لە شاری سلێمانی هەیە، لەکاتێکدا کە قەیرانی ئابووری و دابەش نەکردنی مووچە هۆکار بووە لەوەی بەشێک لەو خێزانە کرێنشینانە نەتوانن کرێی خانوو بدەن، ئەوەش هۆکار بووە لەوەی دەیان خێزان هەڵبوەشێنەوە".