ئەم هەواڵە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

ڕێگای كوردستان

ژمارەی تووشبووان بە نەخۆشی ئایدز لە هەرێمی كوردستان گەیشتووەتە (32) حاڵەت و و لەم ژمارەیەش نۆ كەسیان لە ڕەگەزی مێینەن، بەپێی ئامارێكی وەزارەتی تەندروستی حكوومەتی هەرێمی كوردستانیش لەماوەی ئەمساڵدا شەش حاڵەتی نوێ تۆمار كراون و (23) هەڵگری ڤایرۆسەكەش ڕەوانەی وڵاتانی خۆیان كراونەتەوە.

ئایدز نەخۆشییەكەی ڤایرۆسییە و بەپێی ئامارەكان لەسەر ئاستی جیهان نۆ ملیۆن و (360) هەزار كەس دووچاری نەخۆشییەكە بوون و ساڵانەش دوو ملیۆن كەس دووچاری نەخۆشییەكە دەبن و هەر بەهۆی ئەم نەخۆشییەوە زیاتر لە یەك ملیۆن كەس لەسەر ئاستی جیهان گیان لەدەست دەدەن.

نەخۆشی ئایدز AIDS نەخۆشییەكی كوشندەیە و هۆكارەكەی ڤایرۆسێكە بەناوی (HIV) كە نەخۆشییەكە لە ڕێگەی شلەكانی جەستە وەك خوێن و شیری دایك، پەیوەندی سێكسی و بەكارهێنانی كەلوپەلی تیژی كەسی دووچاربوو بە نەخۆشییەكە دەگوازرێتەوە و دواتریش كاریگەری دەخاتە سەر بەرگری لەش و لە ئەگەری چارەسەرنەكردن دەبێتە هۆی لەناوچوونی مرۆڤ.

بەگوێرەی ئامارێكی وەزارەتی تەندروستی هەرێمی كوردستان لە ساڵی 1986 تا 2018 لە هەرێمی كوردستان (32) كەس دووچاری نەخۆشییەكە بوون، لەم ژمارەیەش نۆ كەسیان لە ڕەگەزی مێینەن و (23)یان لە ڕەگەزی نێرینەن، ئەو دووچاربووانەش لە هۆبەكانی كۆنتڕۆڵكردنی نەخۆشی ئایدزن لە هەرێمی كوردستان لە ژێر چاودێری پزیشكدان.

دكتۆر خالس قادر گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، ئاماژە بۆ ئەوە دەكات لە ماوەی ئەمساڵدا شەش حاڵەتی نوێی نەخۆشییەكە لە هەرێمی كوردستان تۆمار كراوە و دوای ئەنجامدانی پشكنینیش (23) كەسی بیانی كە هەڵگری نەخۆشییەكە بوون و بەنیازبوون بێنە ناو هەرێمی كوردستان، ڕەوانەی وڵاتەكانیان كراونەتەوە.

سەبارەت بە ئەگەری زیادبوونی حاڵەتەكە لە هەرێمی كوردستان بەهۆی هاتنی كرانەوەی زیاتر و هاتنی ژمارەیەكی زۆری گەشتیار، گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، ڕای گەیاند ئەوان لەڕێگەی زیادكردنی ئاستی پشكینین هەوڵی كۆنترۆڵكردنی دۆخەكەیان داوە، "هەموو ئەو بیانییانەی دێنە هەرێمی كوردستان و زیاتر لە 10 ڕۆژ دەمێننەوە پشكنینیان بۆ دەكەین، ساڵانە زیاتر لە 350 هەزار پشكنین دەكەین تەنیا بۆ دڵنیابوون لە هێشتنەوەی هەرێمی كوردستان بە پارێزراویی، هاوكات كار لەسەر هۆشیاركردنەوە و بەهێزكردنی تواناكانی خۆمان دەكەین، بەشێوەیەك ئێستا لە هەموو شارەكانی هەرێمی كوردشتان ئەو پشكنینە ئەنجام دەدرێت".

دكتۆ خاڵس باسی لەوەش كرد، هەموو بوتڵێكی خوێن، ئەوانەی تازە ژیانی هاوسەری پێكدێنن، كرێكاری شوێنە گەشتیارییەكان، بەندكراوەكان، نەخۆشانی گورچیلەی درێژخایەن و نەخۆشی سیل و هەوكردنی جگەر و ئەوانەی نەشتەرگەرییان بۆ ئەنجامدەدرێت، هەموویان پشكنینان بۆ ئەنجامدەدرێت.

گوتەبێژەكەی وەزارەتی تەندروستی جەختی لەوەش كردەوە كە كەمبوونی ژمارەی توشبووان بە ئایدز لە هەرێمی كوردستان ئەنجامی ئەو هەوڵانەیە كە هەیە. سەبارەت بە نەبوونی هیچ سەنتەرێك بۆ چارەسەركردنی نەخۆشییەكە، ڕوونی كردەوە كە ژمارەكان كەمن و پێویست بەوە ناكات سەنتەرێكی تایبەت هەبێت، "16 حاڵەتیان پێویستیان بەدەرمان هەبووە و بۆیان ئامادەكراوە، چارەسەركردنیان لە شارەكانی خۆیانە و بەشێوەی خۆڕایی دەبێت".

جگە لە هەرێمی كوردستان نەخۆشییەكە مەترسییەكی گەورەیە لەسەر عێراق و تا ساڵی ڕابردوو بەشێوەیەكی فەرمی 185 تووشبوو تۆمار كراون، لەناویاندا 31 كەسیان لە ساڵی 2017 تووشبوونیان ئاشكرا كراوە، هەرچەندە وەزارەتی تەندروستی عێراق باسی لەو هەوڵانە كردووە كە لەڕێگەیەوە دەتوانرێت كۆنترۆڵی نەخۆشییەكە بكرێت، بەڵام بەهۆی گەشتكردنی هاووڵاتییان و كۆنترۆڵنەكردنی سنورەكان، مەترسی ئەگەری زیادبوونی حاڵەتەكان لە ئارادایە.

ئایدز نەخۆشییەكی درێژخایەن و ترسناكە، بەهۆی ڤایرۆسی كەمی بەرگری لەش(HIV) روودەدات و بەدوا قۆناغی هەوكردنی ڤایرۆسەكە دادەنرێت كە تێیدا نەخۆشەكە كۆمەڵێك نیشانەی كلینیكی تایبەت و جیاكەرەوەی لێ بەدیار دەكەوێت. گرنگترین نیشانە پەیوەندیدارەكان بە ئەیدز بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی لەش بۆ ماوەی زیاتر لە مانگێك، دابەزینی كێشی لەش زیاتر لە 10%. سكچوونی درێژخایەن زیاتر لەمانگێك. گەورەبوونی لیمفەگرێكانی لەش و زۆر ئارەقەكردن بەشەو.

ئەیدز بۆ یەكەمجار لەهاوینی 1981 لە ویلایەتی لۆس ئەنجلۆس لە ئەمریكا دۆزرایەوە، لەساڵی 1983 ڤایرۆسی (HIV) بۆ یەكەمجار لە نەخۆشێكی توشبوو بە هەڵئاوسانی لیمفەگرێكان جیاكرایەوە، لەساڵی 1984 سەلمێندرا، كە ڤایرۆسی HIV هۆكاری نەخۆشی ئەیدزە، لەساڵی 1985 پشكنینی (ELISA) ئەلایزا دۆزرایەوە، كە بەهۆیەوە توانرا كەسانی هەڵگری ڤایرۆسەكە دەسنیشان بكرێن، لەساڵی 1986 ڕ.ت.ج پرۆگرامی تایبەتی بەرەنگاربوونەوەی ئەیدزی دانا، لە ساڵی 1988 كۆبوونەوەی لوتكەی جیهانی وەزیرانی تەندروستی لە لەندەن 1/ 12 بە رۆژی جیهانی ئەیدز ناسێندرا.

گرنگترین هۆكارەكانی خۆپاراستن لە نەخۆشییەكە و بەرەنگاربوونەوەی ئەنجامدانی پشكنین بۆ دڵنیابوون لە سەلامەتی، دووركەوتنەوە لە ڕەفتارە مەترسیدارەكان وەك كاری سێكسی لەدەرەوەی ژیانی هاوسەری، دووركەوتنەوە لە تاتۆكردن، بەكارنەهێنانی دەرزی و سرنجی بەكارهاتوو، دووركەوتنەوە لە مادە هۆشبەرەكان، هۆشیاری و ناسینی نەخۆشی ئەیدز و ئاشنابوون بە ڕێگاكانی گواستنەوە و خۆپاراستن لێی.