ئەم هەواڵە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

ڕێگای كوردستان-هەولێر

هەڵمەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژ بە ئافرەتان لە هەرێمی كوردستان بەردەوامی هەیە، بەگوێرەی ئامارێكی بەڕێوبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیش، لەماوەی 10 مانگدا، 104 ئافرەت كوژراون، هاوكات بەگوێرەی ئامارێكی ئەنجومەنی باڵای كاروباری خانمانیش لە ماوەی ساڵەكانی 2010 تا 2017 لە هەرێمی كوردستان 703 ئافرەت كوژراون یان خۆیان كوشتووە.

هەڵمەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژ بە ئافرەتان لە هەرێمی كوردستان لە رۆژی 25ی تشرینی دووەمەوە دەستی پێكردووە و بڕیارە بۆ ماوەی دوو هەفتە بەردەوامی هەبێت، لە هەڵمەتەكەدا چەندین چالاكی جۆراوجۆر لەپێناو كەمكردنەوەی توندوتیژییەكان دژ بە ئافرەتان لەسەرجەم ناوچە جیاوازەكانی هەرێمی كوردستان بەڕێوە دەچن.

كەمپینی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژ بە ئافرەتان لەمساڵدا هاوكاتە لەگەڵ بەردەوامی توندوتیژییەكان دژ بەو توێژە كە بەگوێرەی ئامارێكی بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ئافرەتان، لەماوەی ١٠ مانگدا، لە هەرێمی كوردستان 104 ئافرەت كوژراون و خۆیان كوشتووە، ئەمە جگە لە سوتان و خۆسوتاندن كە 224 حاڵەت بووە.

بەگوێرەی ئامارەكە تەنیا لە ماوەی 10 مانگدا لە پارێزگای هەولێر (12) ئافرەت كوژراون و (15) ئافرەت خۆیانجكوشتووە (44) ئافرەت سوتاون و (31) ئافرەت خۆیان سوتاندووە، هاوكات (28) حاڵەتی دەستدرێژی جنسی بۆ سەر ئافرەتان هەبووە. لە پارێزگای سلێمانی (12) ئافرەت كوژراون و (14) ئافرەت خۆیانكوشتووە (31) ئافرەت سوتاون و (19) ئافرەت خۆیان سوتاندووە، بەڵام هیچ حاڵەتێكی دەستدرێژی جنسی تۆمار نەكراوە. ئاماری 10 مانگی توندوتیژییەكانیش لە پارێزگای دهۆك بەم شێوەیە بوون (15) ئافرەت كوژراون و (16) ئافرەت خۆیكوشتووە (29) ئافرەت سوتاون و (26) ئافرەت خۆیان سوتاندووە، هەروەها (34) حاڵەتی دەستدرێژی جنسی بۆسەر ئافرەتات هەبووە. لە گەرمیانیش لە ماوەی 10 مانگی یەكەمی ئەمساڵ (2) ئافرەت كوژراون و (5) ئافرەت خۆیان كوشتووە (4) ئافرەت سوتاون و (7) ئافرەت خۆیان سوتاندووە (11) حاڵەتی دەستدرێژی جنسی بۆسەر ئافرەتاتن هەبووە. لە ئیدارەی ڕاپەڕین، یەك ئافرەت كوژراوە و (7) ئافرەت خۆی كوشتووە و (9) ئافرەت سوتاوە و(10) ئافرەت خۆیان سوتاندووە، دەسترێژی سێکسی كراوەتە سەر (13) ئافرەت. لە سۆران دوو ئافرەت كوژراون و (3) ئافرەت خۆیان كوشتووە (6) ئافرەت سوتاون و (6) ئافرەت خۆیان سوتاندووە (6) حاڵەتی دەستدرێژی سێکسی بۆسەر ئافرەتان هەبووە.

هەر بەگوێرەی ئامارەكە لەماوەی ئەو دە مانگەدا نزیكەی (8) هەزار سكاڵا لەلایەن ئافرەتەانەوە تۆمار كراو، بەشێوەیەك كە لە بەڕێوبەرایەتییەكانی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ئافرەتان لە هەولێر دوو هەزار و (888) سكاڵا تۆمار كراون، لە سلێمانی هەزار و (566) ئافرەت سكاڵایان تۆماركردووە، لە دهۆك دوو هەزار و (136) سكاڵا تۆمار كراون، لە گەرمیان (868) سكاڵا لە راپەڕین (440) سكاڵا لە سۆران (243) سكاڵا لەلایەن ئافرەتانەوە تۆماركراون.

لەلایەكی دیكەوە بەگوێرەی ئامارێك كە لە كەمپینی بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی دژی ئافرەتان لەشاری هەولێر راگەیەندرا لەماوەی 7 ساڵی رابردوودا زیاتر لە 700 ئافرەت كوژراون یان خۆیان كوشتووە، بەشێوەیەك كە لەساڵی 2010 ژمارەی ئەو ئافرەتانەی خۆیان كوشتوە 105 ئافرەتن، ئاماری ساڵی 2011یش نیشانی دەدات كە 96 ئافرەتە و هەروەها لەساڵی 2012دا ژمارەی ئەو ئافرەتانەی خۆیان كوشتوە 83 كەسن و لەساڵی 2013دا 86 ئافرەت و لەساڵی 2014دا 82 ئافرەت، لە ساڵی 2015شدا ژمارەی ئەو ئافرەتانەی خۆیان كوشتووە یان كوژراون گەیشتووەتە 119 ئافرەت، لە ساڵی 2016 رێژەی كوشتنی ئافرەتان بەرز بووەتە بۆ 126 و لەساڵی 2017شدا 112 ئافرەت كوژران و یان خۆیان كوشتووە.