ئەم هەواڵە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

ڕێگای کوردستان- ڕێبین

شارەزایان و کارەکتەرانی سیاسی، دووپات لەوە دەکەنەوە کە کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ناتوانێت ئەو قەیرانانە تێپەڕ بکات کە لە ساڵانی پێشووەوە بەردەوامیان هەیە، ئەوان تێبینی ئەوە دەکەن کە هیچ کابینەیەکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کارنامەیەکی ڕوون و ڕاگەیەنراوی نەبووە و تا ئێستایش هیچ ئاماژەیەک لە ئارادا نییە کە کابینەی داهاتوو، خاوەن کارنامە دەبێت.

لەپاش هەڵبژاردنی خوولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستانەوە، سەرەتاکانی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەرکەوتووە، سەرەڕای دانوستان لە نێوان براوەی یەکەمی هەڵبژاردن و ئەو حزبانەی دیکە کە چاوەڕوان دەکرێت بەشداری لە پێکهێنانی کابینەی نوێدا بکەن، بەڵام وەک دەردەکەوێت لەم کابینەیەش وەک کابینەکانی پێش خۆی، هێزە سیاسییەکان هەڵوەستە لەسەر وەرگرتنی پلە و پۆست دەکەن و لەولایشەوە هیچ هەڵوەستەیەک لەسەر کارنامەی حکوومەت ناکرێت، بەو پێیە ئاماژەکان ڕوون کە حکوومەتی داهاتوو وێڕای ئەوەی کارنامەیەکی ڕوون و ڕاگەنەیراوی نابێت، لەهەمان کاتدا لەسەر پێڕۆیی کردن لەهەمان سیاسەت و سیستەمی خاوەندارێتی لێکراوی ڕابردوو بەردەوام دەبێت.

ئارام قادر مامۆستای زانکۆ، بە "ڕێگای کوردستان"ی ڕادەگەیەنێت، "لە سیستەمی وڵاتانی پێشکەوتوودا، حکوومەتە دوابەدوایەکەکان میراتگری یەکدین، ئەمەش بەو واتایەی کاتێک حکوومەتێکی نوێ دادەمەزرێ، پلانە تەواونەکراوە ستراتیژییەکان تەواو دەکات بەپێی توانا هاوشان ئەو پلان و بەرنامەی کارەی هێزی براوەدایدەرێژێت بۆ حکوومەتەکەی بەئامانجی خزمەتی زیاتر و مسۆگەرکردنی پێکهێنانی حکوومەتێکی دواتر و بنبڕکردنی قەیرانە دروست بووەکانی حکوومەتی پێش خۆی".

ڕوونی دەکاتەوە، "دیارە لەوکاتەوەی کە حکوومەتی هەرێم کابینە یەک لەدوا یەکەکانی پێک هێناوە هەر کابینە و قەیرانێکی نوێ هاتۆتە ئاراوە و رادەستی کابینەی دوای خۆی کردووە بەواتایەکی دی حکوومەت دوای حکوومەت قەیرانەکان کەڵەکە بووە، بەڵام ئەوەی کابینەی پێشووی تووشی شەلەل کرد لەماوەی چوار ساڵی فەرمانرەوایی ئەو کابینەیە چەندین قەیرانی نوێ روویدا کە بۆ هەرێم نوێ بوون و لەبەر کەم ئەزموونی بۆ تێپەڕاندنی ئەو قەیرانانە بە چارەسەر نەکراوی ماونەوە، بۆیە ئەگەر کابینەی نوێ کابینەیەکی تەکنۆکرات نەبێت تێپەراندنی ئەو قەیرانانە گەر ئەستەم نەبێت زۆر قورسە، ئەوەشی پەیوەستە بە قەیرانی داراییەوە پەیوەستە بە پەیوەندی هەرێم لەگەڵ بەغداد ئەگەر ئەو پەیوەندییە بەرەو پێش بچێت و بودجەی هەرێم لە بودجەی گشتی عێراقدا بەرزبکرێتەوە بۆ رێژەی زیاتر لە یەک تریلیۆنی مانگانە ئەوا حکوومەتی هەرێم لانی کەم دەتوانێت کێشەی مووچەی فەرمانبەران و هەندێک لە پرۆژەکان دەست پێ بکاتەوە، ئەمەش جموجۆڵێکی باش دەخاتە بازاڕاوە و رەنگدانەوەی باشی دەبێت لەسەر بوژاندنەوەی ئابووری هەرێم، وەلێ ئەگەر بەهەمان شێوەی ساڵانی پێشوو بێت ئەوا ئەم چوارساڵەی کابینەی نوێش بەقەیران دەست پێ دەکات و بەقەیران کۆتایی دێت".

ئەو مامۆستایەی زانکۆ پێی وایە، "هەموو کابینە یەک لەدوا یەکەکان لەکاتی سوێندخواردنی یاساییان لەپەرلەمان بەرنامەیەکی تێر و تەسەلیان خوێندۆتەوە، بەڵام ئایا داخۆ چەند لەو بەرنامەی کارەیان جێبەجێ کردووە، لەو بڕوایەدام کە بەتەنیا ئەمە خۆی چەندین توێژینەوە و چەندین بەدواداچوونی ڕۆژنامەوانی دەوێت، ئەوەی گرنگە جێبەجێکردنی بەرنامەی کارەکەیە نەک چەندێتی و چۆنێتی، بۆنموونە ئەگەر خاوەن پرۆژەیەک بەرنامەیەکی کاری پرۆژەکەی داڕشت و بەرنامەکەی وەک خۆی جێبەجێ نەکرد بێگومان یان پرۆژەکەی پرۆژەیەکی خراپ و شکستخواردووە (وەک ئەوەی لە هەرێمدا هەیە)، گەر وەک ئەوەی بەرنامە و پلانی بۆ دانراوە جێبەجێ بکرێت ئەوا پرۆژەیەکی تەواو گونجاو جێبەجێ دەکرێت . ئەمەش بۆ حکوومەتی هەرێم راستە کاتێک حکوومەت دەیەوێت پلانی هێزەکەی خۆی کە کردوویەتی بە بانگەشەی هەڵبژاردن و کابینەی لەسەر دروست دەکات ئەوا کابینەکە لەبری ئەوەی قەیرانی نوێ و کێشەی نوێ دروست بکات، قەیرانەکانی پێشووتریش چارەسەر دەکات . بۆیە ئەوەی بەلای منەوە جێگای سەرنجە ئەوەیە کە کابینەی نوێ ئەگەر کارنامەکەی وەک کارنامەی کابینەکانی پێشوو بێت ئەوا بە بوون و نەبوون هیچ کاریگەرییەکی نەبێت".

هەندێک لە شارەزایانی سیاسی لەو باوەڕەدان، ئەوەی وەک کارنامەی ڕاگەیەنراو لەلایەن کابینە یەک لە دوای یەکەکانی حکوومەتی هەرێم لەکاتی متمانەدان بە کابینەی حکوومەت لە پەرلەمان پێشکەش کراوە، بەهیچ شێوەیەک ناچێتە خانەی کارنامەوە، بەڵکو لەوپەڕەکەیدا وەک "وتارێکی درێژ و هەمەلایەن" لێکدانەوەی بۆ دەکرێت.

شێرکۆ کەمال ماستەر لە زانستە سیاسییەکان بۆ "ڕێگای کوردستان"ی ڕوون دەکاتەوە، "وەک نەریتێک لەکاتی متمانەدان بە کابینەی نوێی حکوومەت، سەرۆکی کابینەکە وتارێکی درێژ و هەمەلایەن لەبەردەم پەرلەمان بەناوی کارنامەوە دەخوێنێتەوە، بەڵام ئەو وتارە ناچێتە خانەی کارنامەوە، بەڵکو کابینە یەک لەدوای یەکەکانی حکوومەتی هەرێم، کارنامەیەکیان نەبووە کە هێزە پێکهێنەرەکانی بەشداریان کردبێت لە داڕشتن و گەڵاڵەکردنیدا، بەپێچەوانەوە هێزەکان تەنیا سەرنجیان لەسەر ئەو پلە و پۆستانەیە کە لە حکوومەت دەستیان دەکەوێت نەک کارنامەی حکوومەتەکە".

ئەو پێی وایە، "مادام هێزە براوەکان و ئەوانەی کابینەکە پێکدێنن، هەر هەمان هێزەکانی پێشوون، بەبێ هیچ پرۆژە و بیرکردنەوەیەکی نوێ، ناتوانین چاوەڕوانی ئەوە بکەین کە کابینەی داهاتوو دەتوانێت قەیرانەکان تێپەڕ بکات، بۆنموونە کاتێک ئێمە تووشی قەیرانی ئابووری دەبین، ئەوە لەئەنجامی سیاسەتێکی ئابوورییە کە کابینەکانی پێشوو پەیڕەویان کردووە، لەکابینەی داهاتووشدا هەمان سیاسەتی ئابووری درێژەی پێدەدرێت کە قەیرانەکانی دروستکردووە".