ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

رێکخراوی هیومان رایتس وۆچ تایبەت بە مافەکانی مرۆڤ رایگەیاند: لە هەرێمی کوردستان ئه‌شكه‌نجه‌ی مێرمنداڵانی داعش دراوە تاوەکو ناچاربکرێن دان بەوەدا بنێن کە پەیوەندیان لەگەڵ داعشدا هەبوە.

رێکخراوی هیومان رایتس وۆچ لە راپۆرتێکدا بڵاویکردەوە، ئه‌فسه‌رانی ئاسایش و بەرپرسانی زیندانیان به‌ لێدان و به‌كارهێنانی ته‌زوی كاره‌با ئه‌شكه‌نجه‌ی منداڵانی داعشیان داوە، هەروەها زۆربەیان پارێزه‌ریان نه‌بوه ‌و رێگه‌یان پێنه‌دراوه‌ نوسراوی دانپێدانانه‌كان بخوێننه‌وه‌ كه‌ ئاسایش بۆیان نوسیون و به‌زۆر پێیان واژۆ كردون.

جۆو بێكه‌ر، به‌ڕێوه‌به‌ری داكۆكیكردن له‌ مافه‌كانی منداڵ له‌ هیومان رایتس وۆچ لەبارەی راپۆرتەکەوە رایگەیاندوە، "دوای دوو ساڵ له‌ به‌ڵێندان له‌لایه‌ن حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانەوە بۆ لێكۆڵینه‌وه‌كردن له‌ ئه‌شكه‌نجه‌دانی منداڵانی به‌ندكراو، هێشتا ئه‌م دیارده‌یه‌ به‌شێوه‌یه‌كی ترسناك به‌رده‌وامه‌، ده‌بێت به‌رپرسانی كوردستان ده‌ستبه‌جێ ده‌ست هه‌ڵگرن له‌ ئه‌شكه‌نجه‌دانی منداڵان و لێكۆڵینه‌وه‌ له‌و كه‌سانه‌ بكه‌ن كه‌ له‌ پشت ئه‌و كاره‌وه‌ن".

هیومان رایتس وۆچ دەڵێت، له‌ سه‌نته‌ری چاكسازی ژنان و منداڵانی هه‌ولێر له‌ تشرینی دووه‌می 2018 دا چاوپێكه‌وتنی له‌گه‌ڵ 20 مێردمنداڵ كردوە كه‌ ته‌مه‌نیان له‌ نێوان 14 بۆ 17 ساڵدا بوە سەرجەمیان یان سزادراو بون یان تۆمه‌تباربون به‌ بونی په‌یوه‌ندی لەگەڵ‌ داعش له‌گه‌ڵ سێ مێردمنداڵ كه‌ تازه‌ ئازاد كرابون. ئه‌و سه‌نته‌ره‌ كه‌ له‌ به‌ندیخانه‌یه‌ك پێكدێت و به‌ دیواری به‌رزی كۆنكرێتی و وایه‌ر ده‌وره‌دراوه‌ یه‌كێكه‌ له‌و سێ سه‌نته‌ره‌ی كه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستانی عێراق بۆ به‌ندكردنی منداڵ به‌كارده‌هێنرێت.

له‌كاتی سه‌ردانه‌كه‌یاندا، ستافی سه‌نته‌ره‌كه‌ ئاشکرایان کردوە، کە 63 منداڵ له‌ سه‌نته‌ره‌كه‌دا به‌ تۆمه‌تی كاری په‌یوه‌ندیدار به‌ تیرۆره‌وه‌ به‌ندن و 43 منداڵیان سزادرابون. هه‌روه‌ها هیومان رایتس وۆچ چاوپێكه‌وتنی له‌گه‌ڵ ستافی سه‌نته‌ره‌كه‌و كه‌سوكاری منداڵه‌كان و دوو كوڕی ته‌مه‌ن 18 ساڵ كردووە كه‌ ده‌ستگیركرابون و به‌ندكرابون.

هەر لە راپۆرتەکەی هیومان رایتس وۆچ-دا هاتووە، لە کۆی 23 منداڵ 16 منداڵیان وتویانە، "ئه‌فسه‌رانی ئاسایش له‌كاتی لێكۆڵینه‌وه‌دا له‌ بنكه‌كانی ئاسایش ئه‌شكه‌نجه‌یان داون به‌ لێدانی هه‌موو جه‌سته‌یان به‌ سۆنده‌ و كێبڵی كاره‌بایی و دار".

سیان له‌ مێردمنداڵه‌كان بۆ رێکخراوەکە ئاشکرایان کردوە، "ئه‌فسه‌ران به‌ ته‌زوی كاره‌با ئه‌شكه‌نجه‌یان داون، هه‌ندێكی دیکەیان بۆ ماوه‌ی دوو سەعات به‌شێوازی دوپشكی له‌ دواوه‌ ده‌ستیان به‌ستراوه‌، ژماره‌یه‌ك له‌ منداڵه‌كان بۆماوه‌ی چه‌ند رۆژێك ئه‌شكه‌نجه‌دراون تا ئه‌و كاته‌ی دانپێدانانیان كردووه‌".

چوار مێردمنداڵی دیکەیان بە رێکخراوەکەیان وتوە، ئاسایش له‌كاتی لێكۆڵینه‌وه‌دا هه‌ڕه‌شه‌ی ئه‌شكه‌نجه‌دانیان لێكردون، مێردمنداڵێكی (17) ساڵ وتویەتی، ئه‌فسه‌ری لێكۆڵه‌ره‌كه‌ی پێیوتوه، "ئه‌گه‌ر راستیه‌كه‌مان پێنه‌ڵێی، ئه‌وا كوڕه‌كان بانگ ده‌كه‌م بێن لێتبه‌ن و ئێسقانه‌كانت بشكێنن.''

هه‌ندێك له‌ منداڵه‌كان بە رێکخراوەکەیان وتوە، كه‌ په‌یوه‌ندیان به‌ داعش كردوه‌و كاریان له‌گه‌ڵ كردون و مه‌شقی سه‌ربازی و ئاینیان له‌لایه‌ن داعشه‌وه‌ پێكراوه‌، یه‌كێكیان وه‌ك شۆفێر یه‌كێكی تر وه‌ك چێشت لێنه‌ر، ته‌نها یه‌كێكیان وتی كه‌ له‌ دژی هێزه‌ سه‌ربازیه‌كانی عێراق له‌ پارێزگای نه‌ینه‌وا به‌شداری شه‌ڕی كردوه‌، هه‌ندێكی تریان وتوویانە،‌ هیچ تێوه‌گلانێكی شه‌خسیان به‌ داعشه‌وه‌ نه‌بوه‌، به‌ڵام ئه‌ندامی خێزانیان هه‌بوه‌ له‌ناو داعشدا بوه‌، هیومان رایتس ۆچ نه‌یتوانی سه‌ربه‌خۆیانە شێوازو قه‌باره‌ی تێوه‌گلانی ئه‌م مێرمنداڵانه‌ به‌ داعشه‌وه‌ هه‌ڵسه‌نگێنێ.

هیومان رایتس وۆچ لە راپۆرتەکەیدا ئاشکرایکردووە، سەرجەم ئه‌و مێردمنداڵانه‌ی چاوپێكه‌وتنیان له‌گه‌ڵ كراوە دانپێدانانیان كردبو جگه‌ له‌ یه‌كێكیان نه‌بێت، بەوتەی بەشێکیان چاریان نه‌بوه ‌و ئه‌شكه‌نجه‌دراون و ژماره‌یه‌كیشیان ناچاربون درۆ بکەن.

مێردمنداڵێكی ته‌مه‌ن 16 ساڵ وتویەتی، ''نوسراوی دانپێنانه‌كه‌م ده‌ڵێت كه‌ بۆماوه‌ی 16 رۆژ په‌یوه‌ندیم به‌ داعش كردوه‌، به‌ڵام له‌ راستیدا به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك په‌یوه‌ندیم پێوه‌ نه‌كردون، ناچاربوم بڵێم وابوە بۆ ئه‌وەی ئەشکەنجەدانەکە بوەستنم.''

‌زۆرێك له‌ منداڵه‌كان دانیان بەوەداناوە كه‌ ئه‌فسه‌رانی لێكۆڵه‌ر پێیان وتون چی بڵێن بۆ دانپێنانه‌كانیان. ''یه‌كه‌م جار وتیان كه‌ ده‌بێت بڵێم له‌گه‌ڵ داعش بوم وتم باشه‌،'' ئه‌مه‌ وته‌ی كوڕێكی ته‌مه‌ن 16 ساڵ بو، ''پاشان وتیان كه‌ ده‌بێت بڵێم بۆماوه‌ی سێ مانگ له‌گه‌ڵ داعش كارم كردوه‌، پێم وتن له‌گه‌ڵ داعش نه‌بوم، به‌ڵام وتیان نا ده‌بێت بڵێم له‌گه‌ڵ داعش بوم، دوای دو سەعات له‌ لێكۆڵینه‌وه‌ و ئه‌شكه‌نجه‌دان رازی بوم به‌ ئیعتراف كردن".

سەرجەم مێردمنداڵه‌كان کە رێکخراوەکە چاوپێکەوتنی لەگەڵدا کردوون رایانگەیاندوە، رێگه‌یان پێنه‌دراوه‌ نوسراوی دانپێنانه‌كان بخوێننه‌وه‌ كه‌ ئاسایش بۆی نوسیون و ناچاریان كردون به‌ واژوكردنی، زۆرێكیان دوای خوێندنه‌وه‌ی دانپێنانه‌كان له‌ دادگادا زانیویانه‌ چی تێدا نوسراوه‌.

هیومان رایتس وۆچ هۆشداریداوە بە بەرپرسانی هەرێم و دەڵێت، "نابێت به‌رپرسانی حكومه‌تی هه‌رێم به‌بێ هه‌بونی به‌ڵگه‌ی رون له‌سه‌ر ئه‌نجامدانی تاوان هیچ منداڵێك ده‌ستگیربكه‌ن و ده‌بێت پرۆگرامی چاكسازی و گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ كۆمه‌ڵگا بۆ ئه‌و منداڵانه‌ دابین بكرێت كه‌ ره‌نگه‌ له‌گه‌ڵ داعش په‌یوه‌ندیان هه‌بوبێت".

هەروەها دەڵێن، "پێویستە به‌رپرسانی حكومه‌تی هه‌رێم دڵنیایی بده‌ن له‌ بونی پارێزه‌ر بۆ هه‌ر منداڵێك كه‌ تۆمه‌تباره‌ به‌ ئه‌نجامدانی تاوان له‌كاتی لێكۆڵینه‌وه‌شدا له‌گه‌ڵیدا و رێگه‌پێدانی به‌ په‌یوه‌ندیكردن به‌ خێزانه‌كه‌یه‌وه‌‌، ده‌بێت به‌رپرسان هه‌نگاوی به‌په‌له‌ بنێن له‌ كۆتایی هێنان به‌ به‌كارهێنانی هه‌مو شێوازێكی ئه‌شكه‌نجه‌و دانپێنانی به‌زۆر لێكۆڵینه‌وه‌و سزای ئه‌و كه‌سانه‌ بده‌ن كه‌ به‌رپرسیارن له‌و كاره‌".