ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

به‌ڕێوه‌به‌ری‌ فڕۆكه‌خانه‌ی‌ نێوده‌وڵه‌تی‌ سلێمانی‌ ئاماری‌ كارو چالاكیه‌كانی‌ ساڵی‌ 2018ی‌ بڵاوكرده‌وه‌و ڕایگه‌یاند، "به‌هۆی‌ ڕیفراندۆمه‌وه‌ كه‌ عیراق گه‌مارۆی‌ سه‌پاند به‌سه‌ر فڕۆكه‌خانه‌كانی‌ هه‌ولێرو سلێمانیدا، زیانێكی‌ گه‌وره‌مان به‌ركه‌وت، چونكه‌ دوای‌ پێنج مانگ و نیو به‌دیاریكراویش له‌15ی‌ 3ی‌ 2018دا بڕیاری‌ ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی‌ گه‌شته‌كانی‌ ده‌ركرد".

ئەمڕۆ سێشەممە، 8ی كانوونی دووەمی 2018، له‌كۆنگره‌یه‌كی‌ ڕۆژنامه‌وانیدا له‌فڕۆكه‌خانه‌ی‌ نێوده‌وڵه‌تی‌ سلێمانی‌ تاهیر عه‌بدوڵڵا به‌ڕێوه‌به‌ری‌ فڕۆكه‌خانه‌ ئاشكراشیكرد، "به‌هۆی‌ وه‌ستانی‌ گه‌شته‌كانی‌ توركیاوه‌ بۆ هه‌ر ڕۆژێك، فڕۆكه‌خانه‌ی‌ سلێمانی‌ 15 هه‌زار دۆلار زیانی‌ به‌رده‌كه‌وێت و به‌كۆی‌ گشتیش له‌ساڵی‌ ڕابردودا 5 ملیۆن و 400 هه‌زار دۆلار زیانمان به‌ركه‌وتوه‌، چونكه‌ گه‌شته‌كانی‌ (توركیا، ئه‌ڵمانیاو به‌ریتانیا) ڕاگیراون، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌زیانی‌ هۆتێل و مۆتێل و كۆمپانیاكان".

وتیشی، "بڕیاری‌ ڕاگرتنی‌ گه‌شته‌كان له‌گه‌ڵ سلێمانی‌ له‌لایه‌ن توركیاوه‌ كاریگه‌ری‌ خراپی‌ لێكه‌وتۆته‌وه‌و كاریگه‌ری‌ خراپی‌ له‌سه‌ر هاوڵاتیانی‌ سلێمانی‌ دروستكردوه‌، سه‌رباری‌ ئه‌وه‌ش له‌ 2018دا 309 هه‌زارو 869 گه‌شتیار له‌فڕۆكه‌خانه‌ی‌ سلێمانیه‌وه‌ هاتوچۆیان كردوه‌، به‌ڵام به‌راورد به‌ 2017 كه‌میكردوه‌".

سه‌باره‌ت به‌كه‌مبونه‌وه‌ی‌ گه‌شته‌كانیش وتی‌:"له‌ 30% بۆ 40% كه‌میكردوه‌و ژماره‌ی‌ گه‌شتیارانیشمان كه‌میكردوه‌، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی‌ له‌ناو فڕۆكه‌خانه‌ چوار به‌شمان هه‌یه‌ ئه‌وانیش (به‌ڕێكردن، كارگۆ، په‌یمانگه‌ی‌ فڕۆكه‌وانی‌ و فه‌رمانگه‌ی‌ كه‌شناسی‌)".

تاهیر عه‌بدوڵڵا ڕێژه‌ی‌ هه‌نارده‌شی‌ ڕونكرده‌وه‌و باسی‌ له‌وه‌كرد، "له‌ 82% هه‌نارده‌ كه‌میكردوه‌ به‌هۆی‌ بارودۆخی‌ سوریاو توركیاو هه‌روه‌ها بڕه‌كانی‌ توركیاش له‌سه‌ر ئێمه‌".

له‌و ڕوه‌شه‌وه‌ ڕه‌خنه‌ له‌حكومه‌تی‌ عیراق ده‌گرێت و جه‌ختده‌كاته‌وه‌، "چاره‌سه‌ری‌ كێشه‌كانی‌ فڕۆكه‌خانه‌كانی‌ هه‌رێم به‌تایبه‌ت سلێمانی‌ له‌گه‌ڵ توركیا، به‌رپرسیارێتی‌ عیراقه‌و پێویسته‌ هه‌رچی‌ زوه‌ ئه‌و كێشه‌یه‌ چاره‌سه‌ر بكات".