ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

 

ڕێبین فەتاح-هەولێر

 ڕێبەری دامەزراوە گشتییەکانی هەرێمی کوردستان لەلایەن دەستەی دەستپاکی ئامادە کراوە، زانیارییەکان لەبارەی سەرجەم وەزارەت و بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکانی ناو دیوانی وەزارەتەکان و زانیارییەکانی تایبەت بە فەرمانگەکانی نەبەستراو بە وەزارەتەکان لەخۆدەگرێت. ڕێبەرەکە بەشێوەیەکی گشتی زانیاریی لەبارەی ٣٧ دامەزراوەی گشتی لەخۆدەگرێت بە پەرلەمانی کوردستان و ئەنجوومەنی دادوەرییەوە.لەکۆی سێ هەزار و ٢٠١ پلەی کارگێڕی و بەڕێوەبردن لە ئەنجوومەنی وەزیران تا دەگات بە پلەکانی کارگێڕی و بەڕێوەبردن لە حکوومەتی خۆجێیی لە پارێزگا و دەڤەرە جیاجیاکانی کوردستان دا، بەپێی ئەم بەدواداچوونەی "ڕێگای کوردستان" تەنیا ٢٢٢ پلەی کارگێڕی و بەڕێوەبردن لەلایەن ژنانەوە پڕ کراونەتەوە و بەوەش ڕێژەی ژنان لە پلەکانی کارگێڕی و بەڕێوەبردن لە چوارچێوەی دەسەڵاتی جێبەجێکردن لە هەرێمی کوردستان دا، بەڕێژەی ٦،٩٤٪ پێک دێنێت، ئەوە لەکاتێکدا کە تەنیا بەڕێژەی ١،٥٦٪ی یەکە کارگێڕییەکان لەسەر ئاستی هەرسێ پارێزگای هەولێر، دهۆک و سلێمانی لەلایەن ژنانەوە بەڕێوە دەبردێن.

 پەرلەمانی کوردستان و ئەنجوومەنی دادوەری

بە ئەندامانی دەستەی سەرۆکایەتی و بەرپرسانی نووسینگەکانی لە پارێزگا و دەڤەرە جیاجیاکاندا، ١١ پلەی تایبەت هەیە، تەنیا یەک پلە لەلایەن ژنانەوە پڕ کراوەتەوە کە پلەی سکرتێری پەرلەمانی کوردستانە. هەر ١٠ پلەکەی دیکە کە لە سەرۆک و جێگری سەرۆکی پەرلەمان، بەڕێوەبەری گشتی دیوانی پەرلەمان و حەوت نووسینگەی پەرلەمان پێکدێت، لەلایەن نێرینەوە پڕ کراوەتەوە.

هەرچی پەیوەندی بە ئەنجوومەنی دادوەری و دادگەکانی هەرێمی کوردستانەوە هەبێت، ٥٣ پلەی بەڕێوەبردن لەخۆدەگرێت کە دابەش دەبێتە سەر سەرۆکی ئەنجوومەنی دادوەریی و سەرۆکی دادگەکان، لەکۆی هەر ٥٣ پلەدا، تەنیا چوار پلە لەلایەن ژنەوە پڕ کراوەتەوە کە دادوەرانی ژن سەرۆکایەتی چوار دادگەی بەرایی لە شارۆچکەکانی شەقڵاوە، مێرگەسوور، حاجیاوا و قەسرۆک دەکەن. بەو پێیە بەڕێژەی تەنیا ٧،٥٥٪ی پلەکانی پێوەست بە ئەنجوومەنی دادوەری و دادگەکان لەلایەن ژنەوە بەڕێوە دەبردرێن.

 سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی وەزیران

جگە لە سەرۆک وەزیران و جێگرەکەی کە لە ڕەگەزی نێرینەن، هەروەک سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیران و بەڕێوەبەری گشتی دیوان و .. هتد لە ڕێبەرەکەی دەستەی دەستپاکییدا ئاماژەیان بۆ نەکراوە و ئەوانیش لە ڕەگەزی نێرینەن. لەکاتێکدا لەکۆی سەرۆکی هەر پێنج فەرمانگەی بەدواداچوونی پرۆژەکان، کاروباری خانمان، تەکنۆلۆژیای زانیاری، فەرمانگەی بەدواداچوونی دهۆک و سلێمانی، تەنیا یەکێک لە سەرۆک فەرمانگەکان لە ڕەگەزی مێینەیە.

 وەزارەتی ناوخۆ

لەکۆی ٦٣٣ پلەی جیاجیا کە لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی دیوانی وەزارەتی ناوخۆ تا بە بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکانی پارێزگاکان و بەڕێوەبەرانی فەرمانگە و بنکەکانی پۆلیسی ناوخۆ، پۆلیسی نەهێشتنی تاوان و پۆلیسی بەرگری شارستانی و ... هتد دەگرێتەوە، هیچ مێینەیەک لە پلەی بەڕێوەبردندا نییە.

تێبینی دەکرێت بەڕێوەبەرایەتییەکی گشتی وەک بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی خێزانی لەچوارچێوەی ڕێبەرەکەی دەستەی دەستپاکی ئاماژەی بۆ نەکراوە، لەکاتێکدا بەڕێوەبەرایەتییەکە بەڕێوەبەرێکی ژنی هەیە و لەخوار ئەو بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەشدا چەند بەڕێوەبەرایەتی و بنکەی دیکە هەن کە بەشێکیان لەلایەن ژنانەوە بەڕێوە دەبردرێن.

بەڕەچاوکردنی ئەو ڕاستییەش، ئامادەیی ژنان لە چوارچێوەی وەزارەتی ناوخۆ و بەڕێوەبەرایەتییەکاندا، لە نزمترین ئاستدا دەبێت بەراورد بە وەزارەتەکانی دیکە.

 وەزارەتی پەروەردە

لە کۆی ١٣٩ پلەی کارگێڕی و بەڕێوەبردن کە لە دیوانی وەزارەتی پەروەردە تا بەڕێوەبەرە گشتییەکانی پەروەردە لە پارێزگاکان و بەڕێوەبەرانی پەیمانگەکان شۆڕ دەبێتەوە. تەنیا چوار پلەی کارگێڕی و بەڕێوەبردن لەلایەن ژنانەوە پڕ کراونەتەوە. لەسەر ئەو بنەمایە تەنیا بەڕێژەی ٢،٨٨٪ی پلەکان لە وەزارەتی پەروەردە لەلایەن ژنانەوە بەڕێوە دەبردرێن.

لەکاتێکدا کە داتاکانی خودی وەزارەتەکە ڕوونی دەکەنەوە زۆرینەی مامۆستا و فەرمانبەرانی پەروەردە لە ڕەگەزی مێنەن، بەڵام تەنانەت لە ئاستی بەڕێوەبەرانی قوتابخانەکانیشدا، کەمترین ڕێژەی بەڕێوەبەران بەر ژنان دەکەوێت.

 وەزارەتی تەندروستی

لەکۆی ٨٣٣ پلەی کارگێڕی و بەڕێوەبردن، کە دابەش دەبێتە سەر بەڕێوەبەرە گشتییەکانی ناو وەزارەت و دەرەوەی وەزارەت، لەپاڵ بەڕێوەبەرانی نەخۆشخانە و سەنتەر و بنکە و مەڵبەندە تەندروستییەکان، تەنیا ٩٤ پلە لەلایەن ژنان پڕ کراوەتەوە. لەسەر ئەو بنەمایە بەڕێژەی ١١،٢٨٪ی پلەکانی کارگێڕی لە چوارچێوەی وەزارەتی تەندروستی لەلایەن ژنەوە بەڕێوە دەبردرێن.

تێبینی دەکرێت بە زۆرینەی هەرە زۆری پلەکانی ژنان لە وەزارەتی تەندروستی دا، لە بەڕێوەبەرانی بنکە تەندروستییەکان پێک دێت، لەکاتێکدا تەنیا یەک بەرێوەبەری گشتی لەناو وەزارەت کە بەڕێوەبەری گشتی پلانە، لەلایەن ژنەوە پڕ کراوەتەوە. بەو شێوەیە لە ئاستی پلەکانی بەڕێوەبردندا، پلەکانی خوارەوە بەر ژنان کەوتوون.

 وەزارەتی کارەبا

ڕێبەرەکەی دەستەی دەستپاکی لە هەرێمی کوردستان بەگشتی ٥٤ پلەی کارگێڕی و بەڕێوەبردنی لە وەزارەتی کارەبای حکوومەتی هەرێمی کوردستان تۆمار کردووە. کە بە سەر یەک پلەی وەزیر و نۆ بەڕێوەبەرایەتی گشتی و ٤٤ بەڕێوەبەر دابەش دەبێت. لەکۆی هەموو پلەکانی کارگێڕی و بەڕێوەبردندا لە چوارچێوەی وەزارەتی کارەبادا، تەنیا پلەیەک لەلایەن ژنەوە پڕ کراوەتەوە کە پلەی بەڕێوەبەری دابەشکردنی کارەبای کفرییە. ئەوە سەرەڕای ئەوەی کە جگە لە چوارچێوەی بەڕێوەبەرایەتییەکاندا، دەیان بنکەی کارەبا هەیە لەسەر ئاستی شار و شارۆچکە و شارەدێیەکاندا، بەڵام لە ڕووپێوییەکەی دەستەی دەستپاکی دا، ئاماژەیان بۆ نەکراوە. بەپێی ئەو داتایەی لە ڕووپێوییەکەدا هاتووە، بەڕێژەی ٢،٢٧٪ی پلەکانی وەزارەتی کارەبا لەلایەن ژنانەوە بەڕێوە دەبردرێن.

 وەزارەتی دارایی و ئابووری

لە ڕاپۆرتەکەی دەستەی دەستپاکی دا، ئاماژە بە ٢١٩ پلەی کارگێڕی و بەڕێوەبردن لە چوارچێوەی وەزارەتی دارایی و ئابووری حکوومەتی هەرێمی کوردستان کراوە. کە لە بریکاری وەزارەت تا بەڕێوەبەرە گشتییەکان و بەڕێوەبەرایەتییەکان و بانکەکان شۆڕ دەگرێتەوە.

بەدیاریکراوی ٤٠ لە پلەکانی کارگێڕی و بەڕێوەبردن لەلایەن ژنانەوە پڕ کراونەتەوە، کە بەزۆرینەی هەر زۆری پلەکان بەڕێوەبەرانی بانکەکان پێک دێنن. بەو شێوەیە بەڕێژەی ١٨،٢٨٪ی پلەکانی چوارچێوەی وەزارەتی دارایی و ئابووری لەلایەن ژنانەوە بەڕێوە دەبردرێن.

 وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی

داتاکانی دەستەی دەستپاکی تەنیا دامەزراوە زانکۆییەکان و سەنتەر و ئەنجوومەنەکانی پزیشکی دەگرێتەوە و پێکهاتەی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، لەوەی پێوەستە بە بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکانی ناو بازنەی دیوانی وەزارەت، ناگرێتەوە. ڕووپێوییەکە لەو چوارچێوەیەدا ٤٤ پلەی کارگێڕی و بەڕێوەبردنی تۆمار کردووە. تەنیا دوو لە پلەکان لەلایەن ژنەوە بەڕێوەدەبرێن. لەسەر ئەو بنەمایە بەڕێژەی ٤،٥٥٪ی پلەکانی ئەو وەزارەتە لەلایەن ژنانەوە بەڕێوە دەبردرێن.

 وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار

داتاکانی دەستەی دەستپاکی ئاماژە بە ٢٦٣ پلەی کارگێڕی و بەڕێوەبردن لە چوارچێوەی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار دەدەن لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی دیوان تا دەگات بە بەڕێوەبەرایەتی و دەستە و فەرمانگەکان.

وێڕای ئەوەی دەستەی دەستپاکی ئاماژەی بە پلەی وەزیر نەکردووە، بەڵام وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار، تەنیا وەزارەتێکە لە کابینەی ئێستەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دا، کە وەزیرەکەی ژن بێت.

لەکۆی هەموو پلەکانی کارگێڕی و بەڕێوەبردن کە لە ڕووپێوییەکەدا ئاماژەیان بۆ کراوە، تەنیا ١٢ پلە لەلایەن ژنانەوە پڕ کراونەتەوە. هەرچەند وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار تاکە وەزارەتە لە کابینەی هەشتەمی حکوومەتی هەرێمدا کە وەزیرەکەی ژن بێت، بەڵام تەنیا بەڕێژەی ٤،٥٦٪ی پلە کارگێڕییەکانی لەلان ژنەوە بەڕێوە دەبردرێن.

 وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو

دەستەی دەستپاکی ئاماژەی بە ٣٣٥ پلەی کارگێڕی و بەڕێوەبردن لە چوارچێوەی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو کردووە. لە بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکان، بەڕێوەبەرایەتی، فەرمانگە، بەش و بنکە و .. هتد پێک دێن.

١٣ لە پلەکان لە لایەن ژنەوە پڕ کراونەتەوە، بەڵام هیچ کام لە پلەکان لە ئاستی بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکاندا نین و زیاتر لە بنکە و فەرمانگەکاندا چڕ بوونەتەوە.

لەسەر ئەو بنەمایە بەڕێژەی ٣،٨٨٪ی پلە کارگێڕییەکانی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو لەلایەن ژنەوە بەڕێوە دەبردرێن.

 وەزارەتی داد

لەکۆی ٥٢ پلەی کارگێڕی و بەڕێوەبردن لە چوارچێوەی وەزارەتی داد، تەنیا سێ لە پلەکان لەلایەن ژنەوە پڕ کراونەتەوە. بەو شێوەیە تەنیا بەڕێژەی ٥،٧٧٪ی پلە کارگێڕییەکانی وەزارەتی داد لەلایەن ژنەوە بەڕێوە دەبردرێن.

 وەزارەتی پلاندانان

لەکۆی ٢٩ پلەی کارگێڕی و بەڕێوەبردن لە وەزارەتی پلاندنان، کە لە ڕاپۆرتەکەی دەستەی دەستپاکی ئاماژەیان بۆ کراوە، هیچ پلەیەک لەلایەن ژنەوە پڕ نەکراوەتەوە. بەو شێوەیە بەڕێژەی ١٠٠٪ی پلە کارگێڕییەکانی وەزارەتی داد لەلایەن نێرینەوە بەڕێوە دەبردێن.

 وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراون

لەکۆی ٢٨ پلەی کارگێڕی و بەڕێوەبردن لە چوارچێوەی وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان دا، تەنیا یەک پلەیش لەلایەن ژنەوە پڕ نەکراوەتەوە. بەو شێوەیە بەڕێژەی ١٠٠٪ی پلە کارگێڕییەکانی وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراون لەلایەن نێرینەوە بەڕێوە دەبردرێن، ئەو ڕێژەیەش هاوشێوەیە لەگەڵ وەزارەتی داد لەڕووی نائامادەیی مێینە لە پلە کارگێڕییەکاندا.

 وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئاینی

لەکۆی ٣٧ پلەی کارگێڕی و بەڕێوەبردن هیچ پلەیەک لەلایەن ژنەوە پڕ نەکراوەتەوە. کەواتە بەڕێژەی ١٠٠٪ی پلە کارگێڕییەکانی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئاینی لەلایەن نێرینەوە بەڕێوە دەبردرێن، هاوشێوەی هەردوو وەزارەتی داد و کاروباری شەهیدان.

 وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی

لەکۆی ٩٥ پلەی کارگێڕی و بەڕێوەبردن تەنیا ٢٦ پلە لەلایەن ژنەوە پڕ کراونەتەوە، ئەو ژمارەیە بەگشتی بنکە و بەڕێوەبەرایەتییەکانی تایبەت بە داڵدەدانی ژنان و بنکە و ناوەندەکانی تایبەت بە کەمئەندامان و دایەنگەکانی منداڵان ...هتد لەخۆدەگرێت. بەو شێوەیە بەڕێژەی ٢٧،٣٧٪ی پلە کارگێڕییەکانی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی لەلایەن مێینەوە بەڕێوە دەبردرێن، سەرەڕای ئەوەی کە ئەو پلە کارگێڕییانە بنکەکانی پێوەست بە داڵدەدانی ژنان یان دایەنگەکان و ... هتد دەگرنەوە.

 وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن

لەکۆی ٨٨ پلەی کارگێڕی و بەڕێوەبردن، تەنیا هەشت لە پلەکان لەلایەن ژنەوە پڕ کراونەتەوە، لە یەکێکیان پلەی وەزیرە بە وەکالەت و تەنیا یەک بەڕێوەبەرایەتی گشتی و تەواوی پلەکانی دیکە لە بەڕێوەبەرانی نووسینگە کورت دەبنەوە. بەو حالەیشەوە بەڕێژەی ٩،٠٩٪ی پلە کارگێڕییەکانی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن لەلایەن ژنەوە بەڕێوە دەبردرێن، بە ڕەچاوکردنی ئەو ڕاستییەش کە پلە کارگێڕییەکان لە ئاستی باڵادا نین.

 وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوان

تەنیا ١٣ پلەی کارگێڕی و بەڕێوەبردن لەچوارچێوەی وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوان وەرگیراوە. هیچ پلەیەک لەلایەن ژنەوە پڕ نەکراوەتەوە. کەواتە بەڕێژەی ١٠٠٪ی پلە کارگێڕییەکان لەلایەن پیاوانەوە بەڕێوە دەبردرێن و لەو ڕووەوە وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوان هاوشانە لەگەڵ وەزارەتەکانی داد، ئەوقاف و کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان.

  وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن

تەنیا ٣٨ پلەی کارگێڕی و بەڕێوەبردن خراوەتە ڕوو، تەنیا سێ لە پلەکان لەلایەن ژنەوە پڕ کراونەتەوە. کەواتە بەڕێژەی ٧،٨٩٪ی پلە کارگێڕییەکانی وەزارەتەکە لەلایەن ژنانەوە بەڕێوە دەبردرێن، بەڵام ئەگەر پلەکانی دیکە زیاد بکرێن کە لەو ڕاپۆرتەدا ئاماژەیان بۆ نەکراوە، بەدڵنیاییەوە گۆڕانکاری بەسەر ڕێژەکەدا دێت،

 وەزارەتی سامانە سروشتییەکان

لەکۆی ١٠ پلەی کارگێڕی و بەڕێوەبردن، هیچ پلەیەک لەلایەن ژنەوە پڕ نەکراوەتەوە. بەوەش بەڕێژەی ١٠٠٪ی پلە کارگێڕییەکانی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان لەلایەن نێرینەوە بەڕێوە دەبردرێن، بەوەش وەزارەتی سامانە سروشتییەکان دەچێتە ڕیزی ئەو وەزارەتانەی کە تیایاندا هیچ ژنێک لە پلەی کارگێڕی و بەڕێوەبردندا نییە.

 وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی

لەکۆی ٧٠ پلەی کارگێڕی و بەڕێوەبردن، تەنیا پێنج پلە لەلایەن ژنەوە پڕ کراوەتەوە. کە هیچ کام لە پلەکان پلەی باڵا نین و لە بەڕێوەبەرانی بنکەکاندا چڕ بوونەتەوە. بە ڕەچاوکردنی ئەو ڕاستییەش کە ژنان لە پلە باڵاکاندا نین، هێشتا بەڕێژەی ٧،١٤٪ی پلە کارگێڕییەکان لەلایەن ژنەوە بەڕێوە دەبردرێن.

 ئامادەیی ژن لە پلە کارگێڕییەکانی دەستە سەربەخۆکاندا

داتاکانی دەستەی دەستپاکی زانیارییەکانی چەند دەستەیەکی سەربەخۆ لەخۆدەگرن، لەناویاندا خودی دەستەی دەستپاکی کە تەنیا شەش پلەی کارگێڕی و بەڕێوەبردن تیایدا خراوەتە ڕوو، کە چوار پلەیان لەلایەن ژنەوە بەڕێوە دەبردرێن، سەرەڕای ئەوەی یەکێک لە پلەکان بە وەکالەت پڕ کراوەتەوە. بەوەش بەڕێژەی ٦٦،٦٧٪ی پلە کارگێڕییەکانی دەستەی دەستپاکی لەلایەن مێینەوە بەڕێوە دەبردرێن.

هەروەک لەکۆی حەوت پلەی کارگێڕی و بەڕێوەبردن لە دیوانی چاودێری دارایی و سەرجەمیان لەلایەن پیاوانەوە بەڕێوە دەبردرێن. لە دەستەی وەبەرهێنانیشدا لەکۆی چوار پلەی کارگێڕی و بەڕێوەبردن کە لە سەرۆکی دەستە، بەڕێوەبەرەکانی گشتی هەولێر، دهۆک و سلێمانی پێک دێت، هیچ پلەیەک لەلایەن ژنەوە پڕ نەکراوەتەوە. هەروەک لە دەستەی پاراستن و چاککردنی ژینگە، لەکۆی شەش پلەدا، هیچ پلەیەک لەلایەن ژنەوە پڕ نەکراوەتەوە. هەردوو دەستەی ناوچە کوردستانییەکان و دەزگەی گشتی مین کە یەکەمیان نۆ پلەی کارگێڕی و بەڕێوەبردن و دووەمیان حەوت پلەی کارگێڕی و بەڕێوەبردن لەخۆدەگرێت، هیچ پلەیەک لەلایەن مێینەوە پڕ نەکراوەتەوە.

هەروەک لە دەستەی باڵای سەربەخۆی مافی مرۆڤ دا، لەکۆی ١٣ پلەی کارگێڕی و بەڕێوەبردن، تەنیا دوو پلە لەلایەن ژنانەوە پڕ کراونەتەوە و لە کۆمسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردن و ڕاپرسیشدا، لەکۆی ٢٣ پلەی کارگێڕی و بەڕێوەبردن دا، تەنیا یەک پلە لەلایەن ژن و لە فەرمانگەی کاروباری دەرەوەشدا، لەکۆی ١٣ پلەی کارگێڕی و بەڕێوەبردندا، تەنیا یەک پلە لەلایەن ژنەوە پڕ کراوەتەوە.

بەو شێوەیە لەکۆی ٨٨ پلەی کارگێڕی و بەڕێوەبردن لە چوارچێوەی دەستە سەربەخۆکانی هەرێمی کوردستان بە فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەش، تەنیا هەشت پلە لەلایەن ژنەوە بەڕێوە دەبردرێن، ئەوەش ڕێژەی ٩،٠٩٪ی کۆی گشتی پلەکانی کارگێڕی و بەڕێوەبردن لەسەر ئاستی هەموو دەستە سەربەخۆیەکان دەکات کە لەلایەن مێینەوە بەڕێوە دەبردرێن.

 ژن لە یەکە کارگێڕییەکانی پارێزگاکاندا

بەڕێوەبردنی یەکە کارگێڕییەکان؛ پلەکانی پارێزگار، قایمقام، بەڕێوەبەرانی شارۆچکە و شارەدێیەکان دەگرێتەوە. لەو چوارچێوەیەدا و لەکۆی ٦٢ پلەی کارگێڕی و بەڕێوەبردن لە سنووری پارێزگای هەولێردا، تەنیا دوو پلە لەلایەن ژنەوە پڕ کراوەتەوە. کەواتە ٣،٢٣٪ی یەکە کارگێڕییەکانی سنووری پارێزگای هەولێر لەلایەن مێینەوە بەڕێوە دەبردرێن. لەسەر ئاستی پارێزگای سلێمانیشدا، لەکۆی ٣٥ پلەی کارگێڕی و بەڕێوەبردندا، هیچ پلەیەک لەلایەن ژنەوە پڕ نەکراوەتەوە و لە ئاستی پارێزگای دهۆکیشدا لە کۆی ٣١ پلەی کارگێڕی و بەڕێوەبردندا، هیچ پلەیەک لە لایەن ژنەوە پڕ نەکراوەتەوە. بەو شێوەیە لەکۆی ١٢٨ پلەی کارگێڕی و بەڕێوەبردن لەسەر ئاستی یەکە کارگێڕییەکانی هەرێمی کوردستان دا، تەنیا دوو پلە لەلایەن ژنەوە پڕ کراوتەوە و بەوەش بەڕێژەی تەنیا ١٥٦٪ی یەکە کارگێڕییەکان لەسەر ئاستی هەرسێ پارێزگای هەولێر، دهۆک و سلێمانی لەلایەن ژنەوە بەڕێوە دەبردێن.

وەک دەردەکەوێت، یەکە کارگێڕییەکانی پارێزگای هەڵەبجە و یەکە کارگێڕییەکانی گەرمیان و ڕاپەڕین ڕووماڵ نەکراوە، سەرەڕای هەبوونی یەک تا دوو یەکەی کارگێڕی لە گەرمیان و هەڵەبجە و ڕاپەڕین دا کە لەلایەن ژنەوە بەڕێوە دەبردرێن، کۆی پلەکانی دیکە بۆ نێرینە یەکلابوونەتەوە، کە ئەگەر هەموو ئەو یەکە کارگێڕییانە بخرێتە سەر ئامارەکە، ئەوە ڕێژەی ژن لە بەڕێوەبردنی یەکە کارگێڕییەکاندا لە کورتی بدات، هەڵناکشێت.