ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

 

دوای ئەوەی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی کۆرسی تەواوکاری زمانی ئینگلیزی لە سێنتەرەکانی زمان لە ژمارەک لە زانکۆکانی کوردستان کردەوە، لە ئێستادا (١٧٣١) کاندیدی خوێندنی باڵا ماستەر و دکتۆرا و، خوازیارانی نازناوی زانستی کۆرسی تەواوکاری زمانی ئینگلیزی وەردەگرن.

 وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی لە ڕوانگەی بەرپرسیاریەتی و بۆ بەرژەوەندی کاندیدانی خوێندنی باڵا ماستەر و دکتۆرا و خوازیارانی نازناوی زانستی، رێنماییەکانی خوێندنی باڵا و نازناوی زانستی هەموارکردەوە، بەپێی هەموارەکەش ڕێگە بە کاندیدان و خوازیاران درا کۆرسی تەواوکاری ئەنجامبدەن.

 دواتریش تاقیکردنەوەی دیاریکردنی ئاستەکان بەهەماهەنگی لەگەڵ ڕێکخراوی (AMIDEAST) ئەمریکی قازانج نەویست لەهەریەک لە سێنتەری زمان لە زانکۆکانی (سەڵاحەددین، سلێمانی، دهۆک، راپەڕین، سۆران و گەرمیان) ئەنجامدرا و بەپێی فەرمانی وزاری ژمارە (١٩١٩) لە ڕێکەوتی (١٢/١٢/٢٠١٨) وردەکاری و شێوازی دەستپێکردنی کۆرسەکان ڕاگەیەنرا.

 بۆ ئەم مەبەستە لە ڕێکەوتی (٥/١/٢٠١٩)وە کۆرسەکانی تەواوکاری زمانی ئینگلیزی لە هەریەک لە سێنتەرەکانی زمان لە زانکۆکانی (سەڵاحەددین، سلێمانی، دهۆک، راپەڕین، سۆران و گەرمیان) دەستیپێکردەوە و، لە ئێستادا (1674) کاندیدی خوێندنی باڵا و خوازیاری نازناوی زانستی کۆرسی تەواوکاری دەخوێنن، بەشێوەیەک لە زانکۆی سەڵاحەددین (640) کاندید و خوازیار، لە زانکۆی سلێمانی (462)، لە زانکۆی دهۆک (٢٦٦)، لە زانکۆی راپەڕین (165)، لە زانکۆی سۆران (98) و لە زانکۆی گەرمیان (43) کاندید و خوازیار بەشدارن لە کۆرسەکان.

 

 

 

لەئێستاشدا وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ئامادەکاری دەکات بۆ ئەو کاندیدو خوازیارانەی کە لە ڕێکەوتی ٢٦/٩/٢٠١٨ تاقیکردنەوەی دیاریکردنی ئاستەکانیان ئەنجام نەدابوو، بۆ ئەوەی لە داهاتویەکی نزیکدا تاقیکردنەوەی دیاریکردنی ئاستەکانیان ئەنجامبدەن.