ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

ڕێگای كوردستان- نیگار عومەر

شیرین و نیگار، دوو پزیشکی ئاژەڵانن لە قه‌زای کفری، دوای تەواوبوونی خویندن و بێ ئومیدبوونیان لە دامەزراندن، بڕیاریانداوه‌ خۆیان ببن به‌ خاوه‌نكار و ده‌ستبه‌رداری پسپۆڕێتییه‌كه‌یان نه‌بن، هه‌ر بۆیه‌ كلینكێكی ڤێرتێرنه‌رییان له‌ شاره‌كه‌ی خۆیان كردووه‌ته‌وه‌، خاوه‌ن ئاژه‌ڵه‌كانیش له‌ كاره‌كانیان ڕازیین و خێزانه‌كه‌شیان شانازییان پێوه‌ ده‌كه‌ن.

نیگار مەجید و شیرین کەنعان، ماوه‌ی سێ ساڵه‌ پێكه‌وه‌ له‌ قه‌زاكه‌ی خۆیاندا، كیلنكێكیان تایبه‌ت به‌ چاره‌سه‌ری ئاژه‌ڵان داناوه‌، جگه‌ له‌ پێدانی ده‌رمانی تایبه‌ت به‌ نه‌خۆشییه‌ جۆراوجۆره‌كان، چه‌ندین كاری دیكه‌ی پزیشكیش له‌ بواره‌كه‌یاندا ده‌كه‌ن.

نیگار مەجید، 44 ساڵ، لەبارەی پرۆژەكەیانەوە بۆ (رێگای كوردستان) دوا و گوتی: "ئێمە دوو کچین و پێکەوە هەموو کارەکانی خۆمان بەڕێوە دەبەین، بەشێوەیەک كه‌ بووەتە جێگای دەستخۆشی خەڵکێکی زۆر".

باسی له‌وه‌شكرد ئه‌گه‌رچی زۆرینه‌ی ئه‌وانه‌ی سه‌ردانیان ده‌كه‌ن پیاوانن، به‌ڵام تووشی به‌ریه‌ك كه‌وتن نه‌بوون له‌گه‌ڵیاندا و بگره‌ له‌ كاره‌كانیشیان ڕازین.

گوتی: "زیاتر پیاوان سەردانی ئێمە دەکەن، چونکە ئیشی خانمان ورد و جوانترە".

لەم کلینکەدا کۆمەڵێك ئیشی جیاواز بۆ ئاژەڵان ئەنجام دەدرێت، وه‌كو: (پشكنین، تیشك، سۆنار و ...هتد).

نیگار، دەڵیت: لەم کلینکەی ئێمەدا بەشی ئاژەڵانمان جیاکردووەتەوە، وەك: ئاژەڵی بچووك و گەورە، پشیلە و سەگ و مانگا و باڵندە و جۆرەکانی تر. هه‌روه‌ها داودەرمانی تاقیگه‌ و هەموو جۆرە چارەسەرێكمان لا هەیە.

ئه‌و دوو كچه‌ پزیشكه‌، هه‌ر به‌ته‌نیا له‌ كلینكه‌كه‌یان چاره‌سه‌ر ناده‌ن، به‌ڵكو زۆرجاریش خۆیان سه‌ردانی شوێنه‌كان ده‌كه‌ن بۆ بینینی ئاژه‌ڵه‌ نه‌خۆشه‌كان.

شیرین، له‌وباره‌وه‌ گوتی: "ئێمە لەهەموو کاتێکدا وەك پزیشکێکی ئاژەڵان لەئێشكگریی داین، هەرکات ئاگادار بکرێینەوە لە هەر گوند و ناوچەیەك کە ئاژەڵێك پێویستی بە چارەسەرە، ئێمه بەهانایەوە دەچین و چارەسەری دەکەین".

نیگاریش باسی له‌وه‌كرد كه‌ ئیشەکەی ئه‌وان جیاوازە و هه‌ندێكجار تا نیوه‌شه‌و سه‌رقاڵن به‌ نه‌شته‌رگه‌ریی ئاژه‌ڵانه‌وه‌.

ئه‌م ده‌رچوون و گه‌ڕان و كاركردنه‌، ئه‌گه‌ر به‌لای كه‌سانی دیكه‌وه‌ حاڵه‌تێكی نامۆ بێت، ئه‌وا به‌لای خێزانه‌كانیانه‌وه‌، مایه‌ی شانازییه‌.

باوكی شیرین، له‌وباره‌وه‌ بۆ (رێگای كوردستان) گوتی: "کاتێك كچه‌كه‌م نەشتەرگەری بۆ ئاژەڵێك دەکات و ژیانی لەمردن ڕزگار دەکات، ئێمە زیاتر پێمانخۆشە سوربێت لەسەر ئیشەکەی".

ئه‌م پشتیوانییه‌ی خێزانه‌كه‌یان و ئه‌و ئه‌زموونه‌ سه‌ركه‌وتووه‌ی كه‌ له‌ ئیشه‌كه‌یاندا به‌ده‌ستیان هێناوه‌، ئه‌و دوو كچه‌ی هانداوه‌ بیر له‌ باشتركردنی پیشه‌كه‌یان بكه‌نه‌وه‌. هه‌روه‌ك ڕێنمایی كچانی دیكه‌ش ده‌كه‌ن كه‌ چاویان لێبكه‌ن.

"داواكارین هەر ئافرەتێك هەر جۆرە شارەزایی و زانست و پسپۆڕییه‌كی هەیە، بایەخی پێبدات و زیاتر پێشیبخات و ته‌سلیمی واقیع و ئاسته‌نگه‌كان نه‌بێت". (شیرین و نیگار) به‌ پێداگیرییه‌وه‌ وایان گوت.